کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان لە سەرەتای ساڵەوە لە ئاستی بەرزدایە

هەرچەندە هەوڵی کپکردنی کەیسەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان دەدرێت، بەڵام ڕۆژانە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و هەمیشە لە ترسی کوشتندا دەژین.

سلێمانی

 

هەرچەندە هەوڵ بۆ شاردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان دەدرێت، بەڵام ئەو ئەقڵیەتەی لە مێژەوە لەناو کۆمەڵگەدا هەیە و مافی داوەتە هەموو پیاوان بۆ کوشتن و  توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، وایکردووە حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی ساڵ لە دوای ساڵ زیاد بکات و هیچ مانگێک بە بێ تێپەڕبوونی کوشتنی ژنان تێپەڕ نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی پەیوەندیدار و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە خێزان و ژنان ئامارەکانی توندوتیژی بڵاو ناکەنەوە و هەوڵی کپکردنی کەیسەکان دەدەن.

 

ئاژانسی نوژنها ئاماری مانگی کانوونی دووەمی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان، کە لە میدیاکانەوە کۆکراوەتەوە، بەم شێوەتە دەخاتەڕوو؛

 

هەولێر

٨ی کانوونی دووەم لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ژووری کۆنتڕۆڵی بەرێوەبەرایەتییەکە ئاگادار کراوەتەوە بە بوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکى سنووری کەسنەزان لە هەولێر ستی نزیک جووت سایدی لاوان بەپێی بڵاوکراوەکەی بەرگری شارستانی هەولێر، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا ژنێكی بە ڕەگەز عەرەب گیانى لەدەستداوە.

 

هەولێر

١١ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر ژنێک لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە تێزاب سووتێندرا و بەهۆیەوە ٢٠%ی لەشی سووتاوە.

ژنەکە تەمەنی ٤٠ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، بە وتەی کەسە نزیکەکانی ژنەکە، گومان لێکراوی سەرەکی ئەو تاوانە هاوژینەکەیەتی، کە خۆی یاخود لە ڕێگەی کەسێکەوە ئەنجامی دابێت.

 

کەرکوک

١٤ی کانوونی دووەم، گەنجێک بە ناوی "م.م.خ" لە گەڕەکی قادسیەی شاری کەرکوک بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی لە کچێک کردووە دەستگیر کرا، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە کچەکە کردووە و داوای پارەی لێکردووە، پۆلیس لە کاتی وەرگرتنی بڕە پارەکە کە ٨٠٠$ دۆلار بووە، توانی گەنجەکە دەستگیر بکات و ڕادەستی یاسا بکرێت.

 

کەرکوک

لە بەرواری ١٥ی کانوونی دووەم لە دواناوەندی ڕوئیای کچان لە گەڕەکی نەدای شاری کەرکوک، خوێندکارێکی کچ دوای ئەوەی لەلایەن هاوپۆلەکانییەوە بێ ڕێزی پێدەكرێت، ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی کردن دەبێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەر و چەند مامۆستایەكی خوێندنگەکەوە. 

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، خوێندکارەکە، کە خوێن بە جلەکانییەوەیە، دەردەکەوێت و باس لە ڕووداوەكە دەكات کە چۆن لێیدراوە و هێرشكراوەتە سەری، ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لەلایەن خەڵک و چالاکوانانەوە بەدوایدا هات، کە وەزارەتی پەروەردەی ناچار کرد، بێتە دەنگ و بەڕێوەبەرەکەش لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.

 

کۆیە

لە ٢٣ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی جەمیعەی شاری کۆیە، ژنێكی تەمەن ٧٨ ساڵ لە ماڵەکەیدا کوژرا، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە و پاش گەیشتنى تیمەکان دەرکەوتووە ئەو ژنە بە تەنها ژیاوە و ٢٠ شوێنەواری لێدانی چەقۆ بە لەشیەوە هەبووە. 

 

کەرکوک

لە بەرواری ٣٠ی کانوونی دووەم، لە ڕووداوێکی گوماناویدا لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکوک، بە پێی زانیارییەکان، منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان، یاری بە چەكی باوكی دەكات و لە ئەنجامدا فیشەكێک بە دایكیەوە دەنێت، ژنەکە بە هۆی فیشەکەکەوە بریندار دەبێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیان لەدەست دەدات.