ژنانی جووتیار لە باشووری لوبنان بەهۆی شەڕەوە ماڵ و کارەکانیان لەدەستداوە

ژنان ئەو گروپەن کە زۆرترین کاریگەری ململانێ و شەڕەکانیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی خانوو و کار و جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و پێویستی ئاوارەبوون و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان دوو هێندە دەبێت.

فادیە جومعە

 

بەیروت- بە درێژایی ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەگەڵ خێزانەکانیان، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ئاوارە بوون و بژێوییان لەدەستداوە، ئەو وێرانکارییە نەک تەنها کاریگەری لەسەر ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون هەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر باخە زەیتوونەکانیش کردووە، کە بژێوی ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە بوو.

 

ژنانی باشوور شەڕڤانی سروشتین و هەمیشە بەرگەی سەختییەکانیان گرتووە، بە تایبەت ئەو ژنانەی لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا کاردەکەن، هەندێکیان کاریان کۆکردنەوەی زەیتوونە و هەندێکیان باخی میوە لە خاوەنەکانیان وەردەگرن و چاودێری دەکەن بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی شایستە، هەندێکی دیکە بە کۆکردنەوەی بەرهەمە کێوییەکانی ناوچەکە بژێوی ژیانیان کۆدەکەنەوە.

 

ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە زیانیان بەرکەوت لە ئەنجامی بەکارهێنانی توێکڵی فسفۆری قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئاوارەبوون ئازاری ژنانی زیاتر کرد.

 

وەدیعە تەحینی، خەڵکی شارۆچکەی عەیتا ئەلشەعبە لەسەر سنووری لوبنان و فەلەستین، کە یەکێکە لەو شارۆچکانەی بۆردوومان دەکرێت و وێران دەکرێت و خەڵکەکەی ئاوارە دەبن، وتی: بەهۆی بۆردوومانەوە وەرزی زەیتوون کۆکردنەوەمان نەبوو و زەیتوونەکان زیانیان پێگەیشت و سوودمان لە زەیتوون و بەرهەمهێنانی ڕۆن نەبینی، تەنانەت بەرهەمهێنانی گەنمیش زیانی پێگەشت.

 

نیهاد حەرب لە بنت جبەیلەوە پشتڕاستی کردەوە، "زەوی ئێمە و وەرزەکەمان بەهۆی بۆردوومان و ئاگرکەوتنەوە زیانیان پێگەیشتووە، نەمانتوانی بەرهەمەکانمان ئامادە بکەین و زەیت بەرهەم بهێنین، لە ئەنجامی شەڕەکە هەموو شتێک زیانی پێگەیشت، چووینە ناو باخەکانی میوە و هیچمان نەمابوو، وەرزی زەیتوون و ئەوەی زەویەکەمان بەرهەمی دەهێنێت سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانمان بوو، بەڵام هەموویمان لەدەستچوو".

 

زەمزەم سەعید نەجیبە لە شارۆچکەی سنووری بەیت لیفەوە وتی: ئاوارە بووین و لە قوتابخانەیەک لە شاری سەور دەژین، ئێمەش نەمانتوانی بگەڕێینەوە بۆ شارۆچکەکە بۆ ئەوەی زەیتوون هەڵبگرین، ئامۆژنم گەڕایەوە و هەندێک زەیتوونی کۆکردەوە، بەڵام کەم بوو، نەمانتوانی تەواوی وەرزەکە بەرهەمەکانمان کۆبکەینەوە.

 

سیهام حەمود لە بەیت لێفەوە، کە لە دوای مردنی هاوژینەکەیەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەی کۆدەکاتەوە، وتی: من لە چاندنی تووتندا کار دەکەم، زەنجەفیل بەرهەم دەهێنم، هەروەها زەیتوونیش دەفرۆشم، بەڵام ئەمڕۆ زەیتوون نییە و وەرزی تووتنیش نییە، هاوژینەکەم مردووە و کچێکی نەخۆشم هەیە کە دەیبەم بۆ لای پزیشک، ئەمڕۆ ئێمە ئاوارەین لە قوتابخانەیەک لە شاری سەور، پێویستمان بە هەر هاوکارییەک هەیە، چونکە ناتوانین بچینە شارۆچکەکەمان و ئەمڕۆ وەرز چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە، کە ناتوانین سوودی لێ ببینین، وەک وەرزی قاوە و زەنجەفیل.

 

نوها کازم، خەڵکی شارۆچکەی ئەلبوستان بەرکەت ڕیشا لەسەر سنوورە و دەڵێت: ئێمە باخی زەیتوونمان هەیە، هەندێکیان دەکەونە هێڵی سنوورەوە و ناتوانین زەیتوونەکانی کۆبکەینەوە، من پشت بەو شتانە دەبەستم کە هی خێزانەکەمە، ساڵانەش بڕێکی زۆر زەیتون بەرهەم دەهێنین و زەیت دروست دەکەین، من پشکێکم لە ڕۆنەکە هەیە کە دەیفرۆشم بۆ ئەوەی بژێوی منداڵەکانم و دابینکردنی پێداویستیەکانی قوتابخانەی پێدابین بکەم، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکە، ناچار بووین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاوارە بینەوە، من چەندین سەر ئاژەڵم هەیە، بەڵام نیوەیان لەئەنجامی شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەشێک لە بزنەکان دووگیانییان لەدەستداوە، لەئەنجامی بۆردومانەکەدا ٩٠ بزنمان لەدەستداوە، بەمەش ژیانمان قورس بووە.