"ژیانی هاوبەش و ئازادی ژنان چارەسەری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن"
قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو شەڕانەی کە ڕوودەدات، تەنها ئەنجامی پلانەکانی دەوڵەتە دیکتاتۆرییە دەسەڵاتدارەکانن، تاکە چارەسەر ئازادی ژنانە بۆ ڕزگاربوونیان لە کۆیلایەتی، بەم شێوەیە یەکەم و گرنگترین هەنگاو لە بنیادنانی کۆمەڵگە دیموکراتیکەکان دەگیرێتەب
شیرین محەمەد
قامیشلۆ- خێزان خانەیەکی بنەڕەتییە لە کۆمەڵگەدا و ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ئاڕاستەکردن و پەروەردەکردنیدا کاتێک ژنان بتوانن خێزانێک لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی و ژیانی بەشداری ژنان بنیاد بنێن، ئەوا کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک پیکدێت.
سەبارەت بە چۆنیەتی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک و سۆسیالیستی بە بنیادنانی خێزانێکی دیموکراتیک و سۆسیالیستی، عالیە ڕەمەزان، ئەندامی ئەکادیدمیای ژنۆلۆژی جەختی لەوەکردەوە، پرسی ئازادی ژنان و ژیانی هاوبەشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وتیشی: ژیانی هاوبەش یەکێکە لە بنچینەکان یان کۆڵەکەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پرسی ژیانی هاوبەشی وەک چارەسەرێکی ڕادیکاڵ بینیووەو ئێمە ئەزموونی دەکەین.
"بۆ ژیانی دیموکراتیک دەبێت سەرەتا کەسایەتییە دیموکراتیکەکان بنیاد بندرێن"
عالیە ڕەمەزان ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک بیانەوێت کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ئازاد و دیموکراتیک بنیاد بنێین، پێویستە یەکەم جار چەمکەکانی خێزانی لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش پەرەپێبدەین و کەسایەتییە دیموکراتیکەکان بنیاد بنرێن، ئەمەش دەکەوێتە سەر شانی هەموو ئەو دامەزراوانەی کە لەژێر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبردندا کار دەکەن، کە چارەسەری هەموو ئەو گەلانەیە کە ئارەزووی ئازادی دەکەن.
جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری هەموو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست تەنها لە ڕێگەی ئازادی ژنان و ژیانی هاوبەشەو وتی: پێویستە بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێین کە بتوانین ئەم قەیرانانە چارەسەر بکەین لە ڕێگەی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکەوە کە دادپەروەری و ژیانی هاوبەشی تێیدا زاڵ بێت، ئەگەر بتوانین ئەمە بەدەستبهێنین، ئەوا دەگەینە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، ئەمەش تەنها بە ئازادکردنی ژنانە لەو کۆت و زنجیرانەی ئەو بیرکردنەوە دەسەڵاتدارییەی کە هەزاران ساڵە زاڵە بەسەریاندا، هەروەها بۆ ئەوەی پیاوان لەو بیرکردنەوەیە ڕزگار بکرێن کە بۆ چەندین ساڵە هۆکاری جەنگ و وێرانکارییە.
لە ڕێگەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی مافی بەڕێوەبردن بەهەردوو ڕەگەز درا
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سیستمی خۆبەڕێوەبردن توانی هەنگاوی بینراو بنێت بەرەو بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە ڕێگەی سیستمی هاوسەرۆکایەتییەوە کە مافی بەڕێوەبردنی دامەزراوە و کۆمەڵگەیان بە هەردوو ڕەگەز دا، ژیانی هاوبەش چارەسەری زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی کێشەکانی ژنان، کە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا لە زیادبووندایە، لە کاتی بنیادنانی خێزانێکی دیموکراتیکدا، ئەمە لە تەواوی کۆمەڵگەدا ڕەنگدانەوەی هەیە، لە ڕێگەی گەشەکردن و پەروەردەی خێزانەوە، دەگەینە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک چونکە خێزان بنەمای کۆمەڵگەیە.
عالیە ڕەمەزان ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەکاندا پەراوێز خراوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژنان ناسرا، ژنان توانیان خۆیان پەرەپێبدەن و هەنگاوی سەرکەوتوو و مەزن بنێن، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە دروشمێکی جیهانی و لە هەموو جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو، ژنان لە ڕۆژئاوا گەورەترین ڕۆڵیان هەبوو لەوەدا کە نوێنەرایەتی بناغەی شۆڕش دەکەن و بوون بە ئایکۆنێک بۆ هەموو ژنان و بۆ هەموو جیهان، سەلماندیان کە بەبێ ئازادی ژنان ئازادی کۆمەڵگەش بەدەست نایەت.