ڕژێمی ئێران هاندەری توندوتیژی و دژە ئازادی کۆمەڵگەیە
توندڕەوی لەگەڵ توندوتیژیدا مۆدێلێکی نوێ لە ڕەفتاری سیاسی دروست دەکات، کە یارمەتی توندڕەوەکان و ئەو دامەزراوانە دەدات کە پشتیوانیان دەکەن بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و بڵاوکردنەوەی تیرۆر و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی پاڵنەرە سیاسییەکانیان دەکات.
سروشا ئەمین
ناوەندی هەواڵ- گروپە سەلەفییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پاڵپشتیی سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی ئێران، هێرش دەکەنە سەر خەڵک، ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ئەو گروپانە هێرشیان کردە سەر زۆرێک لە گەنجانی شاری مەریوان، بە وتەی شایەتحاڵان، هەرچەندە ناسنامەی هێرشکارەکان دیارە، بەڵام ڕژێم هیچ ڕێوشوێنێکی بەرامبەریان نەگرتەبەر، بەڵکو ئەو کەسانەی دەستگیر کرد کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو هێرشە.
ڕژێمی ئێران تەنها لە حاڵەتێکدا ئەو گروپانە زیندانی و بێدەنگ دەکات، کە دژی ڕژێم بوەستنەوە، بەڵام لەلایەکەوە لە میدیاکانەوە وەها دەردەخات کە دژی ئەم گروپانەیە، لەلایەکی دیکەشەوە، ترسی کۆمەڵگە لەم گروپانە قوڵ دەکاتەوە و توندوتیژییەکان زیاد دەکات.
سەرەڕای دووبارەبوونەوەی ڕەخنە و ناڕەزایەتی دانیشتوان و چالاکانی مەدەنی لە دژی ئەو گروپانەی کە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕژێم هەمیشە ئەو گروپانە دادەمەزرێنێت و چەکیان بۆ دابین دەکات، ئەو گروپانە مەشقی سەربازییان لە سوپای پاسداران وەرگرتووە و بە فەرمانی ئێران چەندین ئۆپەراسیۆن و تیرۆریان ئەنجامداوە، گە لەوەش، بە شێوەیەکی یاسایی دەیانپارێزێت و بۆ سەرکوتکردن، هەڕەشەکردن و ترساندنی هاوڵاتیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاریان دەهێنێت.
دەکرێت ئەوە بزانرێت کە ئامانجی سەرەکی ڕژێم لە بەکارهێنانی سەلەفییەکان ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوە سەرەکییەکانی ئازادییە، هەروەها ستەمی ئایینی لە دژی سوننەکان، زیادکردنی کاریگەریی سەلەفیەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لاوازبوونی دۆزی نەتەوەیی لە ئامانجەکانی دیکەی ڕژێمە، بەڵام بەدەر لە پرسی گروپە سەلەفی و وەهابیەکان، پرسێکی دیکەی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەویش زنجیرە هێرشەکانی تێزابە، کە لە شارە جیاجیاکانی ئێران و بە تایبەت ئیسفەهان ڕوویانداوە.
بۆ زۆر کەس مانگی تشرینی یەکەم بۆنی پایز و مانگی خوێندنی لێدێت؛ بەڵام چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ئیسفەهان ئەم مانگە پەیوەست بوو بە ڕووداوێکی تاڵ و ترسناکەوە. لە ساڵی ١٩٩٣دا زنجیرەیەک هێرشی بە تێزاب بۆ دەموچاوی زۆرێک لە ژنانی ئەم شارە ڕوویدا و خەڵکی ئیسفەهان و هەموو وڵاتی تووشی شۆک کرد، لە هەمان کاتدا میدیاکان لە هەواڵ و ڕاپۆرتەکاندا ئەو ژنانەی کە بە تێزاب هێرشیان کراوەتە سەر، تۆمەتبار کران بە ڕەچاونەکردنی حیجاب.
ئەم ڕووداوە بۆ زۆرێک لە ژنانی شاری ئیسفەهان و شارەکانی دیکە بوو بە کابوس، چەندین گێڕانەوە لەسەر ترسیان لە شەقامەکان بڵاوکرانەوە، ئەم ڕووداوە بۆ ماوەیەکی زۆر پرسێکی ڕای گشتی بوو و زۆرێک دەیانویست ناسنامەی هێرشبەرەکان بناسێنن، بەڵام ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکرا و لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕاگەیەندرا کە ئەم دۆسیەیە بە پێدانی فیدیەیەک لە بودجەی گشتی بۆ کچەکان دادەخرێت.
بە درێژایی ئەم ساڵانە هەندێک پێیان وابوو کە قسەی توندی هەندێک مینبەر سەبارەت بە پێویستی مامەڵەکردنی توندتر لەگەڵ ئەو ژنانەی کە حیجابی ناچاری لەبەر ناکەن، هۆکاری ئەو جۆرە ڕووداوانەن و وەک تەباتەبایی نەژاد، ئیمامی ئیسفەهان لە یەکێک لە وتارەکانیدا سەبارەت بە حیجابی ناچاری و دژایەتییەکەی، دەڵێت، دەبێت ئێمە ژینگەی کۆمەڵگە بۆ ئەم ژنانە ناپارێزراو بکەین، نابێت ڕێگەیان پێبدەین بە ئاسانی نۆرمەکان بشکێنن لەسەر شەقامەکان و لە پارکە گشتیەکاندا.
لەم حاڵەتەدا دەتوانین ئاماژە بەو ڕووداوانەش بکەین کە لەم دواییانەدا لە شارە جیاجیاکان لەژێر ناوی "بەرەوپێشبردنی چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" ڕوویانداوە، ئەو جەستەیەی کە ڕێگە بەخۆی دەدات هێرش بکاتە سەر ژنان و دەستگیرکردن و هەڕەشەکردن لە ژنان و دوای چەند ڕۆژێک، هەواڵێک بڵاودەکاتەوە کە دەستگیرکردنی ئەو ژنانە بە هۆکاری ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری بووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە ڕژێم هەوڵی دروستکردنی تیرۆر لە کۆمەڵگەدا دەدات.
ڕژێم هانی پراکتیزەکردنی توندوتیژی دەدات و ئازادی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە زەوت دەکات و بە شێوازی جۆراوجۆر دەیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.