کامپەکانی ئیدلب؛ ژنانی بێ هاوژین ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ژنانی بێهاوژین لە ئیدلب جگە لە هەژاری و ئاوارەیی و خراپی باری گوزەران، بەدەست هەراسانکردن و زەوتکردن و بەکارهێنانەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لە تێڕوانینی کۆمەڵگەکە کە چەندین کۆت و بەند بەسەریاندا دەسەپێنێت.

لینا خەتیب

 

ئیدلب - ژنانی بێهاوژین لە کامپەکانی ئیدلب ڕووبەڕووی هەموو جۆرە بەکارهێنان، دابڕان لە کۆمەڵگە، کۆنترۆڵکردنی ژیانیان و سەرپەرشتیکردنیان دەبنەوە، هەموو ئەمانەش لە بەرامبەر هاوکاری و کەمترین پێداویستییەکانی ژیان ئەنجام دەدرێت.

 

"کامپەکە دیوارێکی بەرزی هەیە و دەرگاکەی هەمیشە داخراوە، ئێمە لێرە ژیانێکی وەک زیندانی دەژین، هەروەها کوڕەکەمیان لێ دوور خستمەوە و ڕێگرییان لێکرد لە کامپەکەدا بژی"، ڕەشیدە کیالیی ٣٣ ساڵ بەم قسانە باسی لە ژیانی ژنانی بێهاوژین و بێ باوکان لە شاری سەرمەدە لە ئیدلب کرد، وتیشی: ئەو کامپەی من تێیدا دەژیم بۆ ژنانی بێهاوژینە، بۆیە ئیدارەی کامپەکە ڕێگری دەکات لە ژیانی هەر پیاوێک لە کامپەکەدا، تەنانەت کوڕەکەشم، کاتێک تەمەنی گەیشتە پانزە ساڵی، ڕێگری لێکرا بچێتە ناو کامپەکە و برایە ماڵی باپیری، دوور لە من و براکانی دەژی.

 

ڕەشیدە کیالی باسی لەوەشکرد، ئیدارەی کامپەکە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی ژنان دەکات، هەروەها کاتەکانی سەردانەکانیش دیاری دەکات و دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ئەو ژنانەدا دەسەپێنێت کە لەوێ نیشتەجێن.

 

ڕەشیدە نەیتوانی هەلی کارێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پێداویستی ژیانی خۆی و پێنج منداڵەکەی مسۆگەر بکات، ئەمەش وایلێکرد ژیانی ئازاردان و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی قبوڵ بکات، بۆ ئەوەی لەناو کەمپەکەدا بمێنێتەوە، وەک دەڵێت: قسەی خەڵک سنووردارکردن بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بێهاوژینین و لەگەڵ هەژاری و سەختییەکانی ژیاندا بووینەتە بارگرانی لەسەر خێزانەکانمان.

 

ژنانی ناو کامپەکان بەرکەوتەی بەکارهێنانی سێکسین، جگە لە حاڵەتەکانی ئازاردانی بینراو، زارەکی، یان هەندێکجار تەنانەت جەستەیی و سێکسیش، عەلیە بەکریی ٢٩ ساڵ لە شاری عەفرینەوە ئاوارە بووە بۆ کامپی کۆکنایە لە ئیدلب، لەلایەن بەڕێوەبەری کامپەکەوە هەراسان کراوە، ئەمەش ناچاری کردووە کامپەکە بەجێبهێڵێت، هەروەها سەبارەت بە ئازارەکانی، دەڵێت "بەڕێوەبەری کامپەکە داوای لێکردم ڕاپۆرت بدەم بۆ ئیدارە بۆ ئەوەی کاغەزی ناسنامە و داتای سێ منداڵەکەم بخەمەڕوو، ئەویش بە تەنیا بوونی منی قۆستەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زارەکی هەراسانم بکات، بەپەلە چوومە دەرەوە و دواتر دەستمکرد بە گەڕان بەدوای شوێنی حەوانەوەدا.

 

ئەمال حەمود، تەمەنی ٢٨ ساڵە، لە لادێکانی حەماوە ئاوارە بووە بۆ کامپی ئەتما لە ئیدلب، دوای مردنی هاوژینەکەی ناچار بووە هاوسەرگیری بکاتەوە، بەبێ ئەوەی بۆچوونی خۆی وەربگرێت یان هەستەکانی لەبەرچاو بگرێت، وتیشی: باوکم بە بیانووی پاراستنی منداڵەکان و چاودێریکردنیان و ژیان لە ژێر چاودێری خێزانی باوکیاندا، کەمتر لە ساڵێک لە کۆچی دوایی هاوژینەکەم، ڕەزامەندی دەربڕی کە من لەگەڵ برای هاوژینەکەم هاوسەرگیری بکەم.

 

سەلوە محەمەدی ٢٣١ ساڵ، خەڵکی شاری سەرمەدە، باسی لە ئازارەکانی بێهاوژینەکان کرد و وتی: زۆربەی بێهاوژینەکان لە ئیدلب ژیانێکی سەخت دەژین لە ئەنجامی پەراوێزخستن و بەکار‌هێنانیانەوە، بەو پێیەی ئەوان چینێکی لاوازی کۆمەڵگەن، زۆرجار حاڵەتەکانی ئازاردانی سێکسی  پەردەپۆش دەکرێن بۆ ئەوەی بە نهێنی بمێننەوە لە ترسی تێڕوانینی کۆمەڵگە، بۆیە ئامۆژگاری ژنان دەکەم، بێدەنگ نەبن بەرامبەر هەراسانکردن و ئاشکراکردنی بەکارهێنانیان لەلایەن کەسانی دیکەوە، هاوکات داوا لە ژنان دەکەم دەستی یەکبگرن، بە هاودەنگییەوە بچنە دەرەوە بۆ بوارەکانی کار، هانیان دەدات یاخی بن لە دابونەریتە بەسەرچووەکان و عەقڵیەتی پیاوسالاری.