"کامپی سەردەممان کردە هێمای ئاشتی عەفرین"

مولیدە شاموا، ژنێکی ئاوارە و خەڵکی کانتۆنی عەفرینە، باسی لەوەکرد، چاندنی نەمام و گوڵ و سەوزەوات لە کامپی سەردەم بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرخۆدانیان بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا و ئەو بارودۆخە سەختەی کە تێیدا ژیاون.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

شەهبا- خەڵکی کانتۆنی عەفرین، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوانی شارەکەیانەوە بە زۆر ئاوارە بوون، لە کامپی سەردەم دەژین، کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەر لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دامەزراوە

 

مولیدە شاموا، ٣٦ ساڵە و دایکی چوار منداڵە، خەڵکی گوندی برادی ناحیەی شێراوای سەر بە کانتۆنی عەفرینە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سورا، دەڵێت: تورکیا دەستیکرد بە هێرشکردن بۆ سەر عەفرین بە بەکارهێنانی نزیکەی ٧٢ فڕۆکەی جەنگی، سەرەڕای ئەوەش ئێمە لە سەرەتاوە ناوچەکەمان چۆڵ نەکرد، بەڵام دوای چڕبوونەوەی بۆردومانە بەربەرییەکە، هیچ بژاردەیەکمان نەبوو جگە لە چۆڵکردن و بەجێهێشتنی شارەکە تا ژیانی منداڵەکانمان ڕزگار بکەین.

 

دوای جێهێشتنی شاری عەفرین، کە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، مولیدە لەگەڵ خێزانەکەی، پەنای بۆ کامپی سەردەم برد، کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەر لە کانتۆنی شەهبا بۆ ئاوارەکان دامەزرا، سەبارەت بەو کامپە دەڵێت: عەفرینمان لەبیر نەکردووە، کامپی سەردەممان کردە هێمای ئاشتی بۆ عەفرین.

 

ناوی کامپکە بە ناوی "سەردەم" ناونرا، لە دوای بەرخۆدانی ئەو سەردەمەی کە خەڵکی عەفرین لە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیدا نیشانیان دا و خەڵکی عەفرینیش ئەو کامپەیان کردە سروشتێکی جوان، بە چاندنی نەمام و گوڵ تا لە عەفرین بچێت.

 

مولیدە شاموا ڕوونیکردەوە، "لە ڕێگەی چاندنی نەمامەکانمانەوە، دونیا دڵنیا دەکەینەوە کە عەفرین دەگەڕێتەوە و لە ڕۆحی هەموو تاکێکدا ماوەتەوە، هەروەها درێژە بەو بەرخۆدانە دەدەین کە لە عەفرین کرا، هەرچەندە شەش ساڵە زۆر ئازارمان چەشتووە، بەڵام هیوامان بۆ گەڕانەوە و ڕزگاربوون لە بەکرێگیراوان هەیە.

 

سەبارەت بە پەیوەندی نێوانیان و ڕۆڵی ئەوان لە کشتوکاڵدا دەڵێت: ئێمە خەڵکی عەفرین سروشتمان زۆر خۆشدەوێت و سروشت و ژینگەی جوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خۆمان دەزانین، بۆ ئەوەی عەفرین لەبەردەم چاوماندا بمێنێتەوە، کامپەکەمان کردە باخچەیەک لە گوڵ و دار، هەرکاتێک با هات هەست دەکەین بۆنی عەفرین بۆ ئێمە دەگوازێتەوە. کاتێک تێکەڵ بە بۆنی دارەکانی کامپەکە دەبێت هەست دەکەین لە شارەکەمانەوە نزیکین، بوون لە کامپێکدا و ژینگەی دەوروبەری سەختە، پەنامان بردە بەر چاندنی نەمام بۆ پاککردنەوەی هەوا، هەروەک چۆن ئێمە وەک عەفرینییەکان بە ژینگەی دەوروبەرمان ڕاهاتووین کە پڕ لە دار و هەموویان دار و گوڵ بوون.