ئیدلب، خراپی بارودۆخی ئابووری ژنان ناچار دەکات کەلوپەلی ماڵەکانیان بفرۆشن

قورسی بارودۆخی ژیان و ئابووری لە ئیدلب وایکردووە ئەو ژنانەی خۆیان بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن، کەلوپەلی ماڵەکانیان بفرۆشن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- بژێوی ژیانی ژنان لە ئیدلب بەهۆی هەژاری و بارودۆخی نالەباری ئابوری و گرانبوونی نرخەکان لە ناوچەکەدا خراپە و ناچار دەبن کەلوپەلی ماڵەکانیان بفرۆشن، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکانیان.

 

ڕیم سەلوم، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵە و ئاوارە و نیشتەجێی شاری ئیدلبە، دوای ئاوارەبوونی لە شاری مەعرەت نوعمان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩، بە ناچاری بەشێک لە کەلوپەل وکەرەستە کارەباییەکانی ماڵەکەی فرۆشتووە، بە مەبەستی پەیداکردنی کرێی ئەو خانووەی تێیدا دەژی، دوای ئەوەی خاوەن ماڵەکە هەڕەشەی لێکردوە ئەگەر کرێی خانووەکەی نەدا، خۆی و منداڵەکانی دەردەکات، ئەمیش بۆ ئەوەی منداڵەکانی ئاوارە نەبن لەو خانووەی تێیدا نیشتەجێ بووە.

 

ڕیم سەلوم ڕوونیشیکردەوە، لە مانگی ڕەمەزاندا وازی لە کارکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکان هێناوە بەهۆی سەختی کارکردنەوە، ئەمەش وایکردووە ڕووبەڕووی سەختی ژیان و نەبوونی ئابووری بێتەوە و دەستبەرداری بەشێک لە کەلوپەلی ناوماڵەکەی ببێت، بە نرخێکی کەم بۆ دابینکردنی تێچوون و خەرجییەکانی.

 

خەدیجە سەلمان، ژنێکی تەمەن ٣٦ ساڵە لە کەمپەکانی شارۆچکەی سنووری ئاتما لە باکووری ئیدلب، ناچار بووە زۆربەی پێداویستیەکانی ماڵەوەی خۆی لە مۆبیلیات و ئامێری کارەبا و پێداویستییەکانی تری چێشتخانە بفرۆشێت، بۆ ئەوەی خەرجی خێزانە ٥ کەسییەکەی دابین بکات، کە بەشێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتن.

 

هەلی کار بۆ ژنان بوونی نییە

ئاماژەی بەوەشکردووە، فرۆشتنی کەلوپەلی ماڵەکەی بۆی ئاسان نەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی و هەژاری ناچار بووە بیان فرۆشێت بە نرخێکی کەم، خەدیجە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ بەدەستهێنانی هەلی کارێکی گونجاو، بەڵام لەبەر نەبوونی هەلی کار و زۆری خەرجیەکان شکستی هێنا.

 

فاتیمە عەبدولمەولا ٣٨ ساڵە و دانیشتووی شاری ئیدلبە، باس لەوە دەکات کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بۆی دەرکەوتووە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، بەردەوام چارەسەر و دانیشتنی چارەسەری کیمیایی بۆ دەکرێت، زۆربەی ئەو دەرمانانەی بۆی تەرخان کراون نرخێکی گرانیان هەیە.

 

فاتیمە زۆربەی کەلوپەلی ماڵەکەی فرۆشتووە، کە بریتین لە سلندەرێکی غاز، ئامێری جل شۆردن، ساردکەرەوە و کەلوپەل، بۆ دەستەبەرکردنی نرخی چارەسەری نەخۆشییەکەی.

 

فاتیمە عەبدولمەولا دڵەڕاوکێی خۆی بۆ ئایندە ناشارێتەوە، بەو پێیەی ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ناچار دەبێت خانووەکەی بفرۆشێت، بەمەش بێ ئومێد دەبێت لە وەرگرتنی چارەسەر، لەکاتێکدا نەخۆشییەکەی گەشتووەتە قۆناغە پێشکەوتووەکانی.