"منداڵ توندوتیژی لە دایک و باوکەوە وەردەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە"

سەرباری نەبوونی ئاماری فەرمی چالاکوانان باس لە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی لە دەڤەڕی ڕاپەڕین دەکەن و دەڵێن: توندوتیژیی خێزانی لەسەر منداڵ ڕەنگدەداتەوە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین-  پرسی توندوتیژی و ژن کوشتن یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کۆمەڵگە لە هەر نەتەوەیەک و لە ناوچەیەکی جیاواز ئەم پرسە سەرهەڵدەدات و بەهۆی قەیرانی سیستم و باڵادەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری لە هەڵکشاندایە، دەڤەری ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی تیایدا توندوتیژی بوونی هەیە و ئەگەرچی ئامارێکی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام چالاکوانان باس لە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی، بەتایبەت توندوتیژی دەروونی دەکەن.

 

ئاشنا حەسەن، چالاکوان و لێپرسراوی کۆمیتەی ژنانی یەنەکە لە دەڤەری ڕاپەڕین، باسی لە بەرزی ئاستی توندوتیژییەکان لە دەڤەری ڕاپەڕین کرد و وتی: بەداخێکی زۆرەوە لە دەڤەری ڕاپەڕین توندوتیژییەکان بەرزن، ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەناو ئەم سنورەدا هەوڵی جدیمان داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژیانە لە ڕێگای کۆڕ و سمینارەکانمانەوە، بەڵام توندوتیژییەکان هەر لە زیادبووندایە، ژنێک بە ناشرینترین شێوە کوژرا و سوتێنرا و جەستەی شێوێنرا و خرایە ناو گڵەوە، ئەمە کارەساتێکی زۆر قێزەون و ناخۆش بوو، من لە تەمەنی چالاکوانیمدا دووەم کارەساتە کە بەم شێوەیە ژن بکوژرێت.

 

ئاشنا حەسەن باسی لەوەکرد، پێویستە بکوژەکانیان بە سزای یاسای بگەن، لەبەرئەوەی ناکرێت کە ئەو کوشتنە هەر بەردەوام بێت لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، وتیشی: لە دەڤەری ڕاپەڕیندا لە ماوەیەکی کەمدا چەندەها ژن بوونەتە قوربانی، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، لەگەڵیدا تێکچوونی باری دەروونی هەیە و زۆربەیان لەلایەن کەسوکارەکەیان ڕوو بە ڕووی ئەم توندوتیژییانە دەبنەوە.

 

ڕێزان حسێن، چالاکوانی بواری ژنان و لێپرسراوی لقی ڕاپەڕینی یەکێتی ژنانی کوردستان، باسی لەوەکرد، شاری ڕانیە بەهۆی گەورەبوونی و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانەکەی، کە خۆشی ناوچەیەکی سنورییە توندوتیژییەکان تیایدا زیادیکردووە و کێشەی ماددە هۆشبەرەکانیشی بۆ زیادبووە و هۆکارێکی زیادبوونی توندوتیژییەکانە.

 

ڕێزان حسێن باسی لەوەکرد، چەندە لە خێزاندا توندوتیژی هەبێت و لە منداڵ توڕە ببن، ئەم توندوتیژییە دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانە و کۆڵان و شوێنە گشتییەکان و توندوتیژی دروستدەبێت، وتیشی: پێویستە ژنان هۆشیار بن، کۆمەڵێک ڕێکخراومان هەیە و دادگا و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیمان هەیە، کە ژنێک دەزانێت توندوتیژی و ناهەقی بەرامبەر دەکرێت پێویسە سکاڵای هەبێت و لە ئاست خۆی بێدەنگ نەبێت، خۆی بە کەم نەزانێت.