ئاشتی و ماریا لە هەڵەبجە نووسینگەی پارێزەری دادەنێن

بەرامبەر دادگای هەڵەبجە ماریا دارا و ئاشتی کەریم دوو پارێزەرن کە نووسینگەی پارێزەری لە شاری هەڵەبجە دادەنێن و کەیسەکانی ژنان دێتە لایان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ماریا دارا و ئاشتی کەریم، دوو پارێزەری دانیشتووی شاری هەڵەبجەن کە ئەزمونی چەندین ساڵ کارکردنیان لە پیشەکەی خۆیاندا هەیە، ئەو دوو پارێزەرە بەردەوام سەرقاڵن بە کێشەکانی ژنان و لە دادگای هەڵەبجەدا هەوڵی چارەسەرکردنی کەیسەکان دەدەن، وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی ئەوەی زۆرترین کەیس کە دێتە لایان ژنان و منداڵن، بۆیە بڕیاردەدەن یەکەم نووسینگەی پارێزەری ژن لە شاری هەڵەبجە بکەنەوە.

 

ئاشتی کەریم، کە خاوەنی بیرۆکەی کردنەوەی نووسینگەکە بووە بۆ نوژنها دوا و باسی لەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ بەشی یاسای تەواوکردووە و دەستی بەکاری پارێزەری کردووە، زۆرینەی کەیسەکانی تایبەتن بە ژنان، دەڵێت: جگە لە کێشەکانیان دەبێت لە کاری یاساییدا لە ڕووی دەروونییەوە لەگەڵیاندا بیت و ئارامیان بکەینەوە، بە کاتێکی کەم باشترین چارەسەریان بۆ هەڵبژێرین، بەهۆی ئەوەی زۆربەی کەیسەکانمان تایبەت بوون بە ژنان، بۆیە بڕیارماندا نووسینگەیەکی ژنان بکەینەوە تاوەکو بە ئازادی قسەکانی دڵیان بۆ پارێزەرەکان بکەن، بەتایبەت کە کۆمەڵگە بە جۆرێکی دیکە باس لەو ژنانە دەکات کە سەردانی دادگاکان دەکەن، هەربۆیە بیرۆکەی نووسینەگەمان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

ئاشتی کەریم باس لەوە دەکات کە کاری پارێزەری ئەزمون و ناسینە، "لەناو دادگاکاندا کەمترین کەس دەزانێت کە پارێزەرین، بەڵام لە ناو نووسینگەدا هەم خەڵک بە کارەکانت دەزانن، هەم توانای چارەسەرکردنی بابەتەکان زیاترە، لە ڕێگەی ئەم نوسینگەیەوە چەندین خێزانمان پێکەوە گرێداوەتەوە و کێشەکانمان چارەسەر کردووە".

 

"کارکردن بۆ ژنان قورسە و قوربانی دەوێت"

ئاشتی پارێزەر باس لەوە دەکات، ئەوان لە دوای نیوەڕوان لە نووسینگە دەبین و هاوڵاتیان سەردانیان دەکەن، سەبارەت بەوەی کە چۆن ڕووبەرووی ئەو قسە بوونەتەوە کە دەڵێن ژن و نووسینگەیان نەوتووە، پارێزەر ئاشتی کەریم وتی: سەرەتا زۆر زەحمەت بوو چونکە تووشی چەندین لۆمە بووینەتەوە، دەیانوت نووسینگە بۆ ژن نەگونجاوە، بەڵام بە پاڵپشتی خێزان و هێز و ئیرادەی خۆمان وامانکرد زاڵبین بەسەر بەربەستەکان و کاری نووسینگەکە بەڕێوەببەین".