بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، دەتوانیت بچیتە ناو ساتی بە ئازاری ڕووداوەکان

سەنتەرێکی توێژینەوە لە شاری سلێمانی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی کەلەپوری کوردی و ئاشناکردنی بە کۆمەڵگەی ناوخۆیی و دەرەوە، لە ڕێگەیەوە بەکارهێنەران دەخاتە ناو ڕاستینەی مێژوو و ساتی بە ئازاری ڕووداوەکان.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- سەنتەری توێژینەوەی کەلەپوری دیجیتاڵی لە شاری سلێمانی، سەنتەرێکی توێژینەوەی فرە پسپۆڕییە و تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی کەلەپووری کلتوری، چونکە پێیانوایە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەتوانێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکان کاریگەری زیاتری هەیە لە گێڕانەوەیان بەشێوەیەکی ئاسایی.

 

لە ڕۆژگاری ئێستادا تەکنەلۆژیا دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری هەبێت، هەر بۆیە سەنتەری توێژینەوەی کەلەپوری دیجیتاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کەلەپوور، کولتوور، چیرۆک و ڕووداوە مێژووییەکان بە نەتەوەکانی خۆمان و کۆمەڵگە و گەل و نەتەوەکانی دیکەش بناسێنێت.

 

"کەس گوێ ناگرێت"

یەکێک لە پڕۆژەکانی سەنتەری توێژینەوەی کەلەپووری بە ناوی "کەس گوێ ناگرێت" تایبەتە بە ناساندنی چیرۆکە ڕاستەقینە ناخ هەژێنەکانی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران.

 

نیان حسێن، بڕوانامەی ماستەری لە پلانسازی شار هەیە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، جێگری هاوبەڕێوەبەری تۆڕی نەهرەینە، باسی لە پڕۆژەکەیان کرد و وتی: "لە ڕێگەی هێد سێتێک کە دەیکەیتە سەرت سەرەتا شوێنەکانت پێدەناسێنێت، دواتر دەتباتە ڕۆژی ڕووداوەکان و سێ کەسایەتی قسەت بۆ دەکەن و تۆ یەکێکیان هەڵدەبژێریت و تا کۆتای بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکەکانەوە دەچیتە ناو ڕاستەقینەی ڕووداوەکان و بۆت دەرەکەوێت ڕووداوەکان چیبووە."

 

یەکێک لە چیرۆکەکان باس لە کچێکی ئێزدی تەمەن ١٧ ساڵ دەکات کە خولیای ئەوەیە ببێت بە مامۆستا لە قوتابخانەکەی و ژیانێکی ئاسایی لەگەڵ خێزانەکیدا ژیاوە تا ڕۆژی ڕووداوەکە کە داعشەکان دەچنە سەر گوندەکەیان و دەیڕفێنن و لە خێزانەکەی دایدەبڕێنن و دواتر دەگەڕێتەوە لای خێزانەکەی.

 

نیان باسی لەوەش کرد لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر چیرۆکەکان دەگێڕدرێتەوە و بەکارهێنەران بە تەواوی هەست بە ڕووداوەکان دەکەن، "هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکە لە ٥ شاری عێراق ئەنجامدراوە و تا ئێستا ١٢٧ بەکارهێنەر تاقیان کردووەتەوە، لە دوایدا پرسیاریان لێکراوە و وەڵامەکانیان کراوە بە ڕاپۆرت و بە هەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، لە سەرەتاشەوە داوا لەو کەسانە کراوە کە ئێزدن یاخود بەرکەوتەی بەشێک لەو ڕووداوانەن بەشداری نەکەن لە تاقیکردنەوەیەدا یان بە هاوکاری کەسانی پسپۆڕ تاقیبکەنەوە."

 

نیان باسی لە ناوی پڕۆژەکە کرد و وتی: "ناوی پڕۆژەکە کەس گوێ ناگرێت لەوەوە هاتووە کە ڕوودانی ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ ئێزدییەکان چیرۆکێکی ئازاربەخشە، بەڵام کەس گوێیان لێ ناگرێت کە چییان لێ بەسەرهاتووە، ئێمە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵدەدەین بە تەواوی بە خەڵکی بناسێنین کە ڕووداوەکان چی بووە تا کۆمەڵگە لە خەمەکانیان تێبگات و هاوئازاریان بێت."

 

جیاوازی ئەم پڕۆژەیە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکان لەگەڵ فیلمێک یاخود نووسین و چیرۆکێک ئەوەیە کاتێک ئەو هێدسێتە بەکاردەهێنیت بە تەواوی هەست بە شتەکان دەکەیت و دەچیتە ناو جیهانەکەیانەوە و زۆربەی بەکارهێنەرانیش هەستیان بەو جیاوازییە کردووە.

 

"توندوتیژی زارەکی بەرامبەر کەمە نەتەوەییەکان"

نیان حسێن باسی لە پڕۆژەی داهاتوویان کرد دەربارەی" قسەی ڕەق بەرامبەر کەمە نەتەوەییەکان" کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کار لەسەر مافی کەمە نەتەوەییەکان دەکات ، وتی: پەیوەندییان پێوەکردین کە پڕۆژەیەکیان بۆ ئەنجامبدەین دەربارەی قسەی ڕەق بەرامبەر کەمە نەتەوەییەکان، ئێمەش لەبەرئەوەی لە پڕۆژەی پێشوومان گوێبیستی ئەو قسە ڕەقانە بوبووین کە بەرامبەر ئێزدییەکان دەکرا، بۆیە بڕیارماندا پڕۆژەیەکی دیکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ئەنجامبدەین لەسەر ئەو توندوتیژییە زارەکییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە."

 

نیان باسی لەوەکرد لەم پڕۆژەیەشدا تەکنەلۆژیایان بەکارهێناوە و وتی: "بە بەکارهێنانی بەرنامەیەکی مۆبایل لە شێوەی فیلتەردا کەسەکە کامێراکە دەخاتە سەر خۆی و جلوبەرگی کولتووری ئێزدییەکانی بۆ دێت بۆ نمونە سەرپۆشی دایکەکان، ملوانکەی تایبەتی خۆیان و شێوازی جلوبەرگی ئێزدییەکان، دواتر گوێبیستی ئەو چیرۆکە دەبێت کە هەڵیبژاردووە، پاش تاقیکردنەوەی ئێمە کۆمێنت و قسەی بەکارهێنەرەکان دەنووسین و بڵاوی دەکەینەوە."

 

نیان باسی لەوەشکرد لە مانگەکانی داهاتوودا کەمپەینی ئۆنلاین بۆ پڕۆژەکەیان ئەنجامدەدەن و دەیبەینە شوێنە گشتییەکان بۆئەوەی خەڵک ئاشنای چیرۆکەکان ببن.

 

"لە ڕێگەی کەمپەینەکانەوە کۆمەڵگە هۆشیار دەکەینەوە "

نیان حسێن ئاماژەی بەوەدا هەوڵیانداوە بە چەندین زمانی جیاواز پڕۆژەکانیان بخەنەڕوو،" تا بتوانین پڕۆژەکانمان بە چەندین زمانی جیاواز بخەینەڕوو دەتوانین بەکارهێنەر زیادبکەین و ئەو بەکارهێنەرانەش دەتوانن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکەیان و چواردەورەکەیان هەبێت، لەم ڕێگەیەوە هاوڵاتیانی بیانی دەتوانن ئاشان ببن بە مێژوو و کەلەپووری کۆمەڵگەکەمان و گوێبیستی چیرۆکەکان ببن."

 

لەکۆتایشدا نیان باسی لە هەوڵەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە کرد، " ئێمە بەردەوام هەوڵمانداوە پڕۆژەکانمان لە ڕێگەی چەندین کەمپەینی جیاوازەوە لە چەندین کاتی جیاوازدا بەرینە ناو خەڵکەوە و زۆرترین کەس تاقیبکاتەوە، هاوکات لەگەڵ کەپمەینەکانی سۆشیال میدیا کە بەردەوام هەوڵدەدەین پڕۆژەکانمان بخەینە پێش چاوی زۆرترین کەسەوە."