"چارەسەری کێشەی ژنان پێویستی بە کەسانی پسپۆڕە نەک دەستی حزبی لە ڕێکخراودا"

هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان، بەشێکی بۆ بێدەربەستی ڕێکخراوەکانی ژنان دەگەڕێتەوە، یاخود ئەو ڕووداوانە دەکرێتە هەڵا و بەشی زۆری کۆمەڵگا بە هەڵە لە ویستی ئازادی ژن تێبگات و پێیان وابێت مافی ژن لە ڕێلادانییەتی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژمارەی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانی مافەکانی ژنان زیاد دەکات، ئاماری ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژییەکانی ژنانیش لە هەڵکشاندایە، تا ئێستا نەتوانراوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان و حاڵەتەکانی توندوتیژی ژنان لە بنچینەوە بکرێت و وردبوونەوە لە هۆکار و دەرەنجامەکان بکرێت، تەنها لە دەمی ڕووداوەکەدا دەبێتە هەڵا و هەرزوو بێدەنگەی لێدەکرێت.

 

زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەر ژنان پشتڕاستی کاری ڕێکخراوەکانی کردووەتەوە، کە نەیانتوانوە دەستەبەری مافەکانی ژنان و کەمکردنەوەی ڕێژەی توندوتیژییەکان بکەن، تەنها کارێک لەسەر کۆمەڵگە بەجێیان هێشتبێت، تێگەیاندنی هەڵەی کۆمەڵگە بووە لە واتای ئازادی و مافی ژنان، هاوڵاتیان کاری ڕێکخراوەکانیان لەلا ئاشکرا نییە، پێیانوایە ئەو کارانەی دەیکەن سودی نییە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاژانسی نوژنها دەچێتە بازاڕی شاری سلێمانی و هاوڵاتیان دەدوێنێت دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان.

 

"کێشەکانی ژنان پێویستیان بە کەسانی پسپۆڕە بۆ چارەسەرکردنی، نەک کەسانێکی حزبی"

تارا بایز، وەک هاوڵاتییەک باسی لەوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان ژمارەیان زۆرە بەڵام تەنها کەمێکیان دیارن، وەک خودی خۆی سودی لە ڕێکخراوەکان نەبینیوە، دەشڵێت ڕێکخراوەکان دوای کۆمەڵە بابەتێکی بریقەدار و وروژاندنی دەکەون لە کۆمەڵگادا کە چارەسەری بۆ نادۆزنەوە.

 

"دەیبینین ڕۆژانە ژنان مافیان دەخورێت، لێدەدرێن و دەچەوسێندرێنەوە تا دەگاتە کۆتا توندوتیژی کە کوشتنە، وە ئەگەر ڕێکخراوێک هەبێت کرداریانە هەوڵی چارەسەری کێشەکانی ژنان بدات، دەبێت ئەم حاڵەتانە کەمببنەوە بەڵام، دەبینین زیاد دەکەن نەک کەم"، تارا بایز ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بێگوومان هەموو ڕێکخراوەکان لایەنێک هەن پاڵپشتیان بکات، بەڵام ئەوەی جێگای پرسە کاریگەربوونی لایەن و حزبەکانە بەسەر کار و فکری ڕێکخراوەکانەوە، ئەمەش وای کردووە ڕێکخراوەکانی ژنان زیاتر دەست دەدەنە ئەو بابەتانەی کە لە بەرژەوەندی حزبەکەیانە.

 

وتیشی: ئەوەی گرنگە بۆ دۆخی ئێستای ژنان کەسانی پسپۆڕە کە هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکانی ژنان بدەن، نەک کەسانێک کە لە ژێر کاریگەری حزبدا هەڵبسوڕێن.

 

"هەرچەندە ژمارەی ڕێکخراوەکان زیاد بکات کوشتنی ژنان زیاد دەکات"

نازدار ئەحمەد، دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان ئاماژەی بەوەدا ڕێکخراوەکانی ژنان هیچ کارێکیان نەکردووە تایبەت بێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی ژنان، بەڵکو ئەو کارانەی دەیکەن تەنها کاری سادەن و سودێکی وایان نییە بۆ ژنان، دەسەڵاتداران و حیزبەکان وەک ڕێگری کاری ڕێکخراوەکان ناودەبات، "دەبێت ڕێکخراوەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە ئاست ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، هەر کات لە هەر ناوچە و شوێنێکدا ڕووداوێکی کوشتن و توندوتیژی هەبێت بچن و لێکۆڵینەوەی وردی لێبکەن و مافی ژنەکە بەدەستبهێنن".

 

بە شێکی خەڵکی ڕەخنەی توند دەگر لە کاری ڕێکخراوەکان و تا ئاستێک بە هەڵە لە ئامانجەکانیان گەیشتوون، وەک عایشە قادر دەڵێت "ڕێکخراوەکانی ژنان هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ ژن"، باسی ئەوەش دەکات کۆمەڵگای کوردی بەرەو خراپی ڕۆیشتووە و پیاوانن کە ڕۆژانە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، ئەوەی لەم نێوەندەدا دەمێنێتەوە ژنە کە نە ڕێکخراوەکان کاری جدیان بۆ دەکەن نە پیاوانیش دەستبەرداری توندوتیژییەکانیان دەبن.

 

"ئامانجی ڕێکخراوەکان چارەسەری کێشەکانی ژنان نییە بەڵکو، بەلاڕێدا بردنیانە"

سارا فاروق، وەک گەنجێک پێیوایە دەبێت ڕێکخراوەکان کار بۆ ژنان بکەن، "پێویستە ڕێکخراوەکان کار بکەن ئاشتەوایی لە نێوان خێزانەکاندا دروستبکەن، ژنان لە نێویاندا ئازادی و مافی تەواوەتیان بەدەستبهێنن، چونکە ژنان لەنێو خێزانەکانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، بۆیە چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان هۆکارێکە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی ژنان".