"دەبێت ژنان دژی هەموو هێرش و شەڕێک بوەستنەوە"

بێریڤان دەمیر، مامۆستا لە مەخموور، ڕوونیکردەوە هۆکاری هەموو هێرشەکانی دژی ژنان سیستمی پیاوسالارییە و وتی: بۆ ئەوەی ئێمەی ژنان خۆمان لە سیستمی پیاوسالاری ڕزگار بکەین و ئازادیمان بە دەست بهێنین، پێویستە پشتگیری یەکتر بکەین و بەرخۆدان ئەنجام بدەین.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- لە هەموو جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر ژنان و دەکوژرێن، ژنان زیاتر تووشی توندوتیژی دەبن و بە بیانووی شەرەف لە لایەن پیاوانەوە دەکوژرێن، بەتایبەت لەم دواییانەدا لە باشووری کوردستان ڕێژەی کوشتنی ژنان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

 

بێریڤان دەمیر، مامۆستایە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، سەبارەت بە توندوتیژی و کوشتنی ژنان کە لەم دواییانەدا گەیشتووەتە ڕێژەیەکی زۆر بەرز و وتی: لەم دواییانەدا ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر کوژراون، ئەمڕۆ ژنان بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دەدرێن و دەسوتێندرێن و دەکوژرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەکە لە بەرزترین ئاستدایە لە هەموو بەشەکانی جیهان هێرش دەکرێتە سەر ژنان و ئامانجیش کەمکردنەوەی ژنانە، لە سەدەی بیست و یەکەمدا کە وەک سەدەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو سەیر دەکرێت، پێگەی ژن زۆر مەترسیدارە بەهۆی ئەم پێشکەوتنە گوماناوییەوە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان زۆرترین توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و یان دەکوژرێن یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.

 

"نابێت ئەو فشارانە قبوڵ بکەین کە لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێت"

بێریڤان دەمیر ڕایگەیاند، ڕۆژانە ژنان لە باشووری کوردستان دەکوژرێت و دەڵێت: پێویستە ژنان لە دژی ئەم دۆخە هەڵوێستمان هەبێت، ژنان ڕێگە نەدەن توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، چونکە کاتێک سەیری مێژووی ژن دەکەین، دەبینین ژن ئەفسانە و داستان و چیرۆکی جیاوازیان هەیە، بۆیە پێویستە ژنان بەهێز بکرێن و ئازادی لەو شوێنانەدا مسۆگەر بکرێت کە ژنان تێیدا دەژین، ئامانجی ژن لە ژیاندا ئازادییە، وەک ژن پێویستە هەمیشە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا بین کە بۆچی مافی ژیان بە ژنان نادرێت.

 

بێریڤان دەمیر، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری هەموو ئەو هێرشانەی کە لە دژی ژنان دەکرێت، سیستمی پیاوسالارییە و وتی: هۆکاری هەموو هێرشەکانی ئێستا دژی ژنان، سیستمی پیاوسالارییە و لە مێژووەوە تا ئێستا پەیڕەو دەکرێت، چونکە ئەگەر لە بنەماڵەدا مافەکانی ژنان نەدرێنەوە، ئەگەر ژنان بە کەمتەرخەم مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، دەنگی ژن گوێی لێ ناگیرێت، مافی قسەکردنیان نییە، دەبێت بزانین کە ئەمە درێژەی سیستمی پیاوسالارییە.

 

کاریگەری سیاسەتەکانی جەنگ لەسەر ژنان

بێریڤان دەمیر ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتی شەڕ کاریگەری زیاتری لەسەر ژنان هەیە و وتی: ئەو شەڕانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن، بێکاری، بارودۆخی ئابووری، کۆچ و هەژاری هۆکاری شکستی خێزانن. ئەگەر ژنان هیچ زانیارییەکیان نەبێت و نەتوانن مێژووی خۆیان بزانن، ئەوا توشی شکست دەبن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیستمە دڕندانەیە کە هێرش دەکاتە سەر جەستە و دەستکەوت و کولتوور و هەموو جۆرە ڕەنگێکی ژنان، نەک هەر لە باکوور، لە باشووری کوردستان کە ژنانی تێدا دەژین، ژنان دەکوژرێن و هەراسان دەکرێن و مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت.

 

"دەبێت ژنان دژی هەموو جۆرە هێرشێک تێبکۆشن و هەڵوێستیان هەبێت"

بێریڤان دەمیر ڕایگەیاند، پێویستە ژنان دژی سیستمی دەسەڵاتدارێتی تێبکۆشن و وتی: پێویستە ژن گرنگی بە کولتوور بدات، لەسەر پێی خۆی بوەستێت، خێزانێکی دیموکراسی دروست بکات یان مافەکانی بەدەستبهێنێت، دەبێت خەبات بکات پێویستە دژی ئەم سیستمە پیاوسالاری و داگیرکارییە بوەستین و خەبات بکەین، کە تا ئەمڕۆ بە ناوی شێخ، مەلا و باوکەوە بەڕێوە دەچێت، بەتایبەت ژنان پێویستە مافەکانی خۆیان بزانن، دەبێ شەڕ بکەن و ئەم سیستمە لەناو ببەن.

 

"پێویستمان بە بەرەوپێشچوونی هۆشیاری هەیە"

بێریڤان دەمیر هۆشیاری دا لەوەی کە پێویستی بە گۆڕینی چەمکی باڵادەستی پیاوسالار هەیە و وتی: پێویستە چەمکی باڵادەستی پیاوسالار بگۆڕدرێت، ئەو تێڕوانینە بگۆڕین کە جوانی ژن لە لایەنی جەستەییەوە لێکدەداتەوە، چونکە جوانی دەبێت لە فکردا بێت، جوانترین جوانی پێشەنگی کۆمەڵگە و خێزان و منداڵە، پێویستە مافی ژنان بپارێزین ژن بۆ ئەوەی ببێتە پێشەنگی کۆمەڵگە و خێزانەکەی پێویستە هێزی هەبێت.

 

"بکوژانی ژنان سزا نادرێن"

بێریڤان دەمیر ئاماژەی بەوەکرد، کوشتنی ژنان بە ڕەوا دادەنرێت و وتی: لەم دواییانەدا ڕێژەی کوشتنی ژنان زۆر زیادی کردووە بەتایبەت لە عێراق و باشووری کوردستان ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن جگە لەوەش هەژاری و بارودۆخی ئابووریش دەبێتە هۆی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، لە هەمان کاتدا ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئەمڕۆ سیستم لەسەر خەڵکی بەڕێوەدەبات، توندوتیژی دژی ژنانیش دروست دەکات، لە عێراق هەوڵ دەدرێت بۆ گۆڕینی ماددەی ٥٧ی یاساکە کە تایبەتە بە مافەکانی تاک و لە بەرژەوەندی ژنان هەوڵ دەدەن منداڵ لە دایکیان دوور بخەنەوە و ڕادەستی باوکیان بکەن، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت مافی ژنان بێبەش بکەن.

 

"پەروەردە بۆ ژنان گرنگە"

بێریڤان دەمیر، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو ژنان کرد کە بەرخۆدانێکی گەورە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێستا ئەنجام بدەن و وتی: پێویستە بتوانین زیاتر خۆمان و کۆمەڵگاکەمان لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا پەروەردە بکەین، ئێمە تەنیا بە خەباتێکی گەورە دەتوانین دژی هێرشەکان بوەستینەوە، جگە لەوەش پەروەردە بۆ ژنان گرنگە وەک ژن پێویستە ڕاستی خۆمان بزانین پێویستە ئێمە چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە کە ژنان تیایدا دەژین، بۆ ئەوەی خۆمان لە سیستمی پیاوسالاری ڕزگار بکەین و ئازادی خۆمان بەدەست بهێنین.