بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە

بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە و باس لەوە دەکەن هاتنی بەرپرسەکان بۆ مەراسیم و یادەکانی شارەکە تەنها ئازاری خەڵکەکەی زیاد دەکات و پیسی ژینگەی شارەکەش کارەساتی کیمیاباران زیاد دەکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- دوێنێ لە شاری هەڵەبجە مەراسیمی ٣٦ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، کەسوکاری زیانبەرکەوتووان و شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە سەردانی مەزاری شەهیدان و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان کرد، تا یادی کەسوکار و ٥ هەزار شەهیدی کیمیابارانەکە بکەنەوە.

 

نەرمین کەمال جەلال دوێنێ، ١٦ی ئادار، بۆ یادکردنەوەی کەسوکارەکەی، بەشداری مەراسیمی ٣٦ەمین ساڵیادی کیمیابارانی ‌‌هەڵەبجە بوو، نەرمین خاوەنی ١٤ شەهیدە، وەک خۆی باس دەکات لە کاتی کیمیابارانەکە لە ماڵی باوکی نەبووە، بەڵکو لە ماڵی خۆیان بووە، ماڵی باوکی لە ژێر زەمیندا خۆیان پاراستووە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازە کیمیاییەکەوە هەموویان گیانیان لەدەستدا و نەرمینیش پاش مانگێک بۆی دەرکەوت کە کەسوکارەکەی گیانیان لەدەستداوە.

 

بەرپرسان دێن تەنها بەردی بناغە دادەنێن بە بێ بینا

لەیلا حسێن حەسەن، بەرکەوتووی چەکی کیمیاییە، باسی لەوەکرد، زۆرینەی خێزانەکەی برینداری چەکی کیمیایین و ڕۆژانە بە دوای هەناسەوە وێڵن، وتیشی: من هەناسەم بۆ نادرێت، بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕێژەکەی بەردەوام لە زیادبووندایە و کاریگەری گازەکە بەردەوام لە زیادبوونە، بەهۆی پیسی هەوای شارەکەشەوە کارەساتی کیمیاباران بەردەوام لە تەشەنە دایە.

 

سەبارەت بە هاتنی بەرپرسەکان بۆ شاری هەڵەبجە و بەشداریکردنیان لە مەراسیمەکاندا، لەیلا حسێن حەسەن وتی: ڕێژەیەکی کەم بەشداری یادەکە دەبن و هاتنیان تەنها بۆ هیلاک کردنی دەروونی کەسوکاری زیانبەرکەوتووانە، بەردی بناغەکانیان جێبەجێ ناکرێت و ڕێژەکەشی ئەوەندە زۆرە هەر بە بەردی بناغەکان ئەتوانن پێشەنگایەکی پێبکەنەوە.