تاڵیبان بە بیانووی حیجاب ژنان دەکوژێت و ئەشکەنجەیان دەدات

ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و هاوسەرگیری بەزۆر دەبنەوە، هەروەها کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن بەبیانووی حیجاب ئەنجام دەدرێت.

بەهاران لەهیب

 

کابول- تاڵیبان لە ئەفغانستان قێزەونترین پێشێلکاری ئەنجام دەدات، بەتایبەتی دژی ژنان، حیجابی ناچاری و ڕێگریکردن لە ژنان بۆ کارکردن و خوێندن بەردەوامەو بەزۆر هاوسەرگیرییان پێدەکرێت و لە هەموو مافەکانیان تەنانەت مافی ژیان بێبەشیان دەکەن.

 

تاڵیبان بەو تاوانانەوە نەوەستا بەڵکو ژنانی دەستگیرکرد بە بیانووی ئەوەی کە حیجابیان لەبەر نەکردووە و دواتر ئەشکەنجەیان داون و هەراسانی زایەندیان ئەنجام داوەو کوشتوویانن، ئەگەریش ژنێک لە زیندان ئازاد بکرێت ئەوا دوای ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ خۆی دەکوژێت.

 

ژنان لەبەرامبەر سزاکان دەوەستن

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، وەزارەتی کاروباری گشتی لە هەموو شارە گەورەکان دروشمی بڵاوکردەوە بۆ هاندانی خێزانەکان بۆ ئەوەی سەرنج بدەنە سەر حیجابی ژنانیان، بەڵام زۆرینەی ژنان گاڵتەیان بەو دروشمانە کرد و وتیان:ئەو پیاوانەی بیرۆکەی دژە ژنانیان هەیە دروشمێکیان نووسیوە کە ئێمە باوەڕمان پێی نییە.

 

تاڵیان دوای ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان هەڕەشە دەکەن

لەو بارەیەوە "س.ف" وتی: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، یەکێک لە خزمەکانم چوو بۆ بازاڕ و لەلایەن ئەندامانی پۆلیسی ئاینییەوە دەستگیرکرا بە بیانووی ئەوەی کە حیجابی ناچاری لەبەر نەکردووە، دوای ئەوەی دوو شەوی لە زیندانی تاڵیبان بەسەر برد، تەرمەکەیان ڕادەستی خێزانەکەمان کرد کە ئەشکەنجە لەسەر لەشی دیاربوو، هەڕەشەیان لێکردین قسە نەکەین چونکە کاتێک قسە بکەین، ڕووبەڕووی دەرئەنجامی گەورەی دەبینەوە.

 

"و.ح"  ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ کچەکەی کە تەمەنی تەنها ١٥ ساڵ بوو چوو بۆ نان کڕین،  کاتێک تاڵیبان بینییان بەبێ حیجاب، بەزۆر بردیان بۆناو ئۆتۆمبێلەکە. کچەکە هاواری دەکرد و باوکی لەسەری هاتنە دەنگ بەڵام ئەندامانی پۆلیسی ئاینی بە چەک بڵاوەیان کرد.

 

بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، تەرمی حەوت ژنی گەنج لە ناوچەی باغمانی کابوڵی پایتەخت دۆزراونەتەوە و نیشانەی ئەشکەنجەیان پێوە دیارەو هەموو میدیاکانی تاڵیبان ئەو تاوانانە ئاشکرا ناکەن و ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ دەربارەیان نادەن، لە کاتێکدا زەبیحوڵا موجاهید، یەکێک لە وتەبێژەکانی تاڵیبان، نکۆڵی لەوە دەکات کە ژنان دەستگیر کراون و کوژراون.

 

"ج.ل" پووری یەکێک لەو کچانەی کە بە بیانووی نەکردنی حیجاب دەستگیرکرا، وتی: کاتێک خوشکەزاکەمیان لەگەڵ خۆیان برد، نامەیەکیان بۆ خێزانەکەی نارد و داوایان کرد چوار ئەندامی خێزانەکەی وەک پاڵپشتی بچن و داوای بڕێکی زۆر پارەیان دەکرد، براکەم ناچاربوو پارەکە بەدەستبهێنێت و کچەکەی لە دەستی ئەو بکوژانە ڕزگار بکات.