"بە شەهیدکردنی ناگیهانێک هەزاران ناگیهان لە دایک بوون"

دەوڵەتی تورکیا بۆ کپکردنی دەنگی گەلی کورد ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج، ژنێکی خەباتکاریش دەڵێت: بە شەهید کردنی ژنێک هەزارانی تر لە دایک دەبن بۆ درێژەدان بە خەبات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ناگیهان ئاکارسەل، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد بوو، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەلایەن میتی تورک و بە هاوکاری سیخوڕی ناوخۆیی تیرۆر کرا، تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەل بووە جێی داخی ژنانی کورد، چونکە لە هەموو بوارەکاندا ناگیهان دەبووە هاوڕێی ژنان و جیاوازییە ئایدۆلۆژی، باوەڕی و حزبییەکانی تێپەڕاندبوو، بۆیە ژنان بەڵێنیاندا لەسەر شۆپی ناگیهان ئاکارسەل بەردەوام بن لە تێکۆشان بۆ ئازادی ژن و ژیان و ژینگە.

 

"ئێمە لەسەر خوێنی شەهید ناگیهان بەردەوام دەبین لە خەبات"

نەسرین حەمەلاو، عەمید لە پشتیوانی دوو فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، شەهید ناگیهان ژنێکی تا بڵێی بەتوانا و بوێر و بە ئیرادە بوو، بەڵام دوژمنان نەیانهێشت زیاتر درێژە بە خەباتەکەی بدات و شەهیدیان کرد، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت بە شەهیدکردنی ژنێکی تێکۆشەری وەکو ناگیهان ئاکارسەر ئیتر دەگەن بە مەرامەکانی خۆیان، ئێمە خاوەنی هەزاران شەهیدی وەکو ناگیهانین، ئێمە لەسەر خوێنی ئەو زیاتر خەبات دەکەین و تێدەکۆشین، هەرگیز لە دوژمن نەترساوین و بووینەتە چقڵی چاوی دوژمن، من بە ئێستاشەوە وەکو دایکی شەهیدێک، شەهید ناگیهانم لە بیرم نەکردووە.

 

"دوژمن هەمیشە لە خەباتی ژن ترساوە"

نەسرین حەمەلاو ڕوونی کردەوە، ئێمە لەپێناو خاکی خۆمان شەهید دەکرێین، نابێت لە دوژمنان بترسین و دەبێت بە ژنە شۆڕشگێڕ باسمان بکەن، من لە دوای شەهیدبوونی کچەکەم بەڵێنم دا هەمیشە بەرگری لە خاکەکەم بکەم، ئێمە خاکی کەس داگیر ناکەین، بەڵام دوژمنان و داگیرکەران چاویان بڕیوەتە خاکی ئێمە، دوژمنان دەستیان بە خوێنی ژنە پێشەنگەکانی ئێمە سوور دەبێت و ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ سوورتر دەبین لەسەر خەبات و تێکۆشان، نەیارانمان ناگیهانێکیان لێ شەهید کردین، بەڵام بە هەزاران ناگیهان لە دایک دەبێت.

 

وتیشی: دوژمنان هەمیشە لە خەباتی ژن ترساون و دەیانەوێت وەکو ژێر دەستە هەڵسوکەوتمان لەگەڵ بکەن، چونکە ژنان ئێستا ڕۆشنبیرن و بوونە پێشەنگ و لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکان پارێزگاری لە خاک و وەتەنی خۆیان دەکەن، بەم تیرۆرکردنانە ژنان بێدەنگ نابن و ڕۆژ بەڕۆژ خوێنیان گەرمتر دەبێت بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدەکانمان.

 

"ناگیهان ئاکارسەل بەرگری لە خاکی چوار پارچە دەکرد"

نەسرین حەمەلاو ئەوەشی خستەڕوو، ئێمەی ژنان بە هیچ شتێک دەنگمان کپ ناکرێت و لە تەمەنی ١٣ ساڵیەوە خەبات دەکەم و لە دوژمن نەترساوم، من کاتێک بیستم ناگیهان ئاکارسەل لە باشووری کوردستان خەبات دەکات زۆر دڵخۆشبووم کە هاوخەباتێکی ترم هەیە، ئێستاش نابێت ماندوبوونەکانی ئەو لەبیر بکەین، ئەو بە ڕۆح هێشتا زیندووە و درێژە بە ڕێگاکەی دەدەین، چونکە بەرگری لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد بە تایبەتی ژنان، بۆیە ئێمە بە کردەوە و قەڵەم تۆڵەی خوێنی دەکەینەوە.

 

دەشڵێت: من لە نزیکەوە ناگیهان ئاکارسەلم نەبینیبوو، تەنها ناوبانگی لێهاتووی و بوێرییەکەیم بیستبوو، ئاواتەخواز بووم ڕۆژێک بگەمە دیداری، بەڵام دوژمنان نەیانهێشت ئاواتی منیش و ئەویش بێتەدی، ئەم هەموو ژنە بە ئیرادە و چەک بە شانەمان هەیە کە ئامادەن بۆ ئازادی و خاکەکەیان خوێنی خۆیان بڕێژن، داگیرکەران کوردستانیان پارچە کردووە، چونکە دەزانن کورد شۆڕشگێڕن و نایانەوێت کورد ببێت بە هیچ.

 

"دەبێت ژنان بە یەکگرتن تۆڵەی خوێنی ناگیهان ئاکارسەل بکەنەوە"

نەسرین حەمەلاو باسی لە ئامانجەکانی ناگیهان ئاکارسەل کرد، کە هەمیشە هەوڵی دەدا ژنان سەربەخۆ و چاونەترس و بە ئیرادە بن، هەوڵی دەدا لایەنەکان بێنە لای یەک و کوردستان ببێت بە یەک پارچە، لە کۆتاییدا وتی: داواکارم لە ژنان خۆیان هۆشیار بکەنەوە و زیاتر چاومان لەو ڕۆژە بێت کە تۆڵەی خوێنی ناگیهان ئاکارسەل بکەینەوە و نەهێڵین خوێنی بە زایە بڕوات و دەبێت بیسەلمێنین ئێمە ژنانی بەهێزین، وەکو ژنێکی شۆڕشگێڕ و خەباتکار تا دەمرم لەسەر ڕێبازی ناگیهان ئاکارسەل و هەزاران ژنە شەهیدی تر بەردەوام دەبم و سنگی خۆمان دەکەینە قەڵغان.