دوای ٢٠ ساڵ لە شەڕی عێراق ملیۆنان کەس ئاوارەن و دۆخی ژنان لە خراپیدایە

لە دوای شەڕی ئازادکردنی عێراق و بە درێژای ٢٠ ساڵ ملیۆنان عێراقی لە ئاوارەییدا دەژین، تا ئێستا ١٤ هەزار ژن لە شەڕی عێراقدا کوژراون، هەزارانی دیکەش ڕفێنراون و لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی سیاسی عێراق بە پەرتەوازەیی ماوەتەوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لە ١٩ ئاداری ساڵی ٢٠٠٣ هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر عێراق دەستیپێکرد و ڕۆژێک دواتر لەشکرکێشی زەمینی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی مانگێک زیاتر بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا ڕژێمی بەعس ڕوخێندرا و عێراق ئازاد کرا، لەو ماوەیەدا چەندین هاوڵاتی عێراقی کوژران، دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵە دۆخی سیاسی عێراق بە پەرتەوازەیی ماوەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتییەکانی ڕووبەڕووی قەیران و ئاڵۆزی دەبنەوە.

 

لەشکرکێشی و شەڕی ئازادکردنی عێراق بە سەرکردایەتی ئەمریکا تا ساڵی ٢٠١١ بەردەوام بوو و چەندین شەپۆلی ئاوارەبوونی بەرفراوانی لێکەوتەوە، ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆ لە سفری تۆمارکراو لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٢.٦ ملیۆن لە ساڵی ٢٠٠٧ بەرزبووەتەوە، تا ئەو کاتەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١١ کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە عێراق هێنا، ژمارەی ئاوارەکانی عێراق ١.٣ ملیۆن کەس بوو.

 

لەگەڵ سەرهەڵدان و درووستبوونی گروپی تیرۆرستی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩، ژمارەی ئاوارەکان دووبارە زیادیکردەوە و لە ساڵی ٢٠١٥ گەیشتە لوتکە و بوو بە ٤.٤ ملیۆن کەس، تا ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون.

 

جگە لەو کەسانەی لە ناوخۆدا ئاوارە بوون، ملیۆنان عێراقی تر بوونە پەنابەری وڵاتانی دیکە، لە ساڵی ٢٠٠٧، زیاتر لە ٢.٣ ملیۆن عێراقی پەنابەر بوون و ٪٨٠ لە سوریا و ئوردنی دراوسێدا بوون، بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی پزیشکی عێراق، لەناو ئەو کەسانەی لە ساڵانی دوای شەڕدا کۆچیان کردووە، نیوەی پزیشکە تۆمارکراوەکانی عێراق بوون.

 

تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەکگرتووەکان ٣٤٥ هەزار و ٣٠٥ پەنابەری عێراقی تۆمارکردبوو کە زۆربەیان واتە ڕێژەی ٪٤٤ لە ئەڵمانیا بوون، لە ئوردن ٪١٠ و بە نزیکەی لە ئێران ٪١٠ی عێراقییەکان دەژین.

 

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراق زیادیکرد

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەو بەڵێنی دیموکراسییەی بە کورد و عێراقییەکان درابوو بەدی نەهات و قۆناغێکی دیکەی پەرتەوازەیی و ناکۆکی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی عێراق دروستبوو، چونکە بۆشاییەکی دەسەڵات دروستبوو کە گرژییە عەشیرەتییەکانی زیاتر کرد و لە ئەنجامدا شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە، کە لە ئێستادا چەندین کەس لە کۆمەڵە و گروپە جیاوازەکان چەک و دەمانچەیان هەیە و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کەسانی ئاساییدا دەسەپێنن و سیستمێکی بەڕێوەبەری ڕێکخراو لە عێراق نیە کە سەرجەم لایەنە جیاوازەکان کۆبکاتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن پرۆگرامی داتاکانی ململانێی ئۆپسالا کۆکراونەتەوە، زیاتر لە ٧٩٦٦ ڕووداوی گرژی و ململانێ لە سەرتاسەری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢١ تۆمارکراون، ئەمەش زیاتر لە یەک ڕووداوی گرژی و ململانێیە لە ڕۆژێکدا لە ماوەی ١٩ ساڵدا.

 

زیاتر لە ٪٦٠ واتە ٤٩٥٥ ڕووداوی توندوتیژییەکان تەنها لە سێ پارێزگای نەینەوا، بەغدا و ئەنبار ڕوویانداوە، لە دوای شەڕی ئازادکردنی عێراقیش وڵاتەکە بەدەست ماوەی درێژخایەنی هەڵاوسانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەپێی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٠٦دا ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری گەیشتووەتە لوتکە و بووە بە ٥٣٪.

 

دوای لەشکرکێشی و شەڕ و ململانێکانی ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، توندوتیژیەکان، کەمیی کاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان، بە دۆلارکردن و ناجێگیری بەهای دیناری عێراقی، هۆکاربوون بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری و ناجێگری نرخ لە سەرتاسەری عێراق.

 

لە ساڵی ٢٠٠٨دا هەڵاوسان کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا جارێکی دیکە تێچووی ژیانی عێراق بەرزبووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دابەزینی نرخی نەوت بووە هۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، داهاتی نەوت زیاتر لە ٪٩٩ی هەناردەکردنی عێراق و ٪٤٢ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی عێراقی پێکهێناوە.

 

لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانەوە، ناڕەزایەتی لە باشووری عێراق سەریهەڵدا، بەرپرسانیش هۆکارەکەیان دەگەڕاندەوە بۆ شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەپێی ئاماری ژمارەی ئەو تەرمانەی لە عێراق دۆزراونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە زیاتر ٢١٠ هەزار و ٩٠ هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە شەڕەوە کوژراون، زۆرترین ژمارەی کوژراوانی ساڵانە لە ساڵی ٢٠٠٦دا بووە کە نزیکەی ٣٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

 

١٥ هەزار کەلوپەلی مێژووی و دێرین لە عێراق دزراون

دوای ڕووخانی بەغدا لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٣، تاڵانچیەکان هەڵیانکوتایە سەر مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق و ١٥ هەزار کەلوپەلی مێژووی و دێرینیان دزی، شوێنەوارناسان مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێننەوە، کە هەڵگری شارستانییەتی عێراق و میزۆپۆتامیایە و بەهایەکی مێژووی دێریانیان هەیە.

 

ڕاشید ئینتەرناشناڵ، تۆڕێکە لە شوێنەوارناس و پسپۆڕانی میراتی کولتووری و پیشەگەری پاراستن و بەرەوپێشبردنی میراتی ڕۆشنبیری عێراق، ئاماژەیان بەوەداوە کە لە سەردەمی داعشدا زیانی زیاتر بەر شوێنە ڕۆشنبیری و ئاینیەکان کەوتووە، لەوانە وێرانکردنی شاری موسڵ و شوێنەوارەکانی پارێزگای نەینەوا، تا کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٦، بە نزیکەی ٤١ بینای گرنگی مێژوویی لە موسڵ زیانیان پێگەیشتووە یان وێران بوون.

 

شەڕ و ململانێکان چەندین ساڵ کەرتی پەروەردەی لە عێراق بۆ دواوە گەڕاندوەتەوە

شەڕ و ململانێکان و نا سەقامگیری دۆخی عێراق کاریگەری لەسەر کەرتی پەروەردە لە عێراق هەبووە، پێش دروستبوونی جەنگ، پەروەردەی عێراقی سەرچاوەیەکی باشی هەبوو و کراوە بوو بۆ ژنان، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کاریگەری  لەسەر کەرتی پەروەردە دروستبوو و دەستڕاگەیشتنی خوێندن بۆ زۆرێک لە توێژەکانی کۆمەڵگە سنووردار بوو.

 

لە ڕاپرسییەکدا کە وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە زیاتر لە سێ هەزار و ٢٠٠ قوتابخانەی ناوەندی لە سەرتاسەری وڵات ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە لە نێوان مانگی حوزەیران تا ئابی ساڵی ٢٠٠٣، زیاتر لە ٪٨٠ قوتابخانەکان یان زیانێکی مامناوەند یان زۆریان پێگەیشتووە.

 

ئەو پارێزگایانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە نەجەف ٪٩٠، نەینەوا ٪٨٨ و تەمیم ٪٨٧.

 

ململانێکانی عێراق توندوتیژییەکانی بۆ سەر ژنان زیادکردووە

پەرەسەندنی توندوتیژی لە عێراق زیانێکی وێرانکەری بەسەر ژناندا هێناوە، تا ئێستا لە ئەنجامی شەڕ و ململانێکانی عێراق ١٤ هەزار ژن لە شەڕی عێراقدا کوژراون، هەزارانی دیکەش ڕفێنراون، جگە لەو ژنانەی لە بۆردومان و تۆپباران و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان لە عێراق کوژراون، ژنانیش بە مەبەست لەلایەن لایەنەکان لە سەرتاسەری وڵات کراونەتە ئامانج بۆ تیرۆر کردن.

 

شەڕ و ململانێکانی عێراق ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتوانی لێکەوتووەتەوە و دەیان هەزار ژن هاوژینەکانیان لەدەستداوە، و ژنان بە تەنها سەرپەرشی خێزانەکانیان لە ئەستۆگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بە هەزاران ژن و کچ بە مەبەستی کۆیلایەتی سێکسی، لەشفرۆشی ڕفێنراون یان بازرگانییان پێوە دەکرێت، لەوانە زیاتر لە سێ هەزار ژن کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون.

 

لە هەر قۆناغێکی شەڕ و ململانێکاندا، ژنان بەرکەوتەی یەکەمی زیانەکان بوون، ئەمەش هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانە دژ بە ژنان، نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست نیشانەی گرنگی نەدانی دەسەڵاتدارانە بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ژنان، لە کاتێکدا ساڵانە بە سەدان ژن لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بازرگانییان پێوە دەکرێت بۆ سوریا یان وڵاتانی کەنداو، یان بەهۆی قەیران و ئالۆزییە یەک لەدوایەکەکان و بوونی چەک لای عەشیرەت و هێزەکان دەکوژرێن و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.