لە باشووری کوردستانەوە ژنان هیواکانیان بۆ ٨ی ئادار دەخەنەڕوو

لە پای هەبوونی دۆخی نائاسای ژنان و ئەو هەموو توندوتیژی و کوشتنانەی بەردەوام بەر گوێمان دەکەوێت، ژنان بۆ ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان هیواکانیان دەخەنەڕوو، کە دۆخی ژنان بەرەو باشی بچێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ٨ی ئادار، وەک ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان دیاریکراوە، لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەبیرهێنانەوەی ئەو کۆمەڵکوژی و ستەمانەی لە ژنان کراوە، تا هەنگاوی باشتر بۆ دۆخی باشتری ژنان هەڵبگیرێت.

 

کۆمەڵگە ٨ی ئادار تەنها بە ڕۆژێک بۆ ژنان لە قەڵەم دەدات، بەڵام لەو ڕۆژەدا و لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبێتەوە، یەکێک لەو نمونانەش، ئیمان مەغدید، ناسراو بە ماریا سامی ٢٠ ساڵە، کە ٦ی ئادار و دوو ڕۆژ پێش ڕۆژی ژنان لە کاتژمێر ١١ی شەو لە شەقامی ١٠٠ مەتری نزیک چوار ڕییانی فرۆکەخانەی ھەولێری نێودەوڵەتی، بە کوژراوی دۆزرایەوە کە لەلایەن برا ١٨ ساڵانەکەی بە گولـلەی دەمانچە کوژرا.

 

ژنان لە هەموو جیهاندا هەست بەوە دەکەن، ڕۆژێک ناتوانێت قەرەبووی ئازارەکانیان بکاتەوە، ڕۆژێک ناتوانێت ببێتە زمانحاڵی ئەو زوڵمەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بە تەنها ڕۆژێک ستەمەکانی سەریان کەمناکاتەوە، بەڵکو هەرکات بڵێن مافمان پێشێلکراوە لەلایەن کۆمەڵگەوە هێرشیان دەکرێتە سەر بەوەی ڕۆژێکیان هەیە و تایبەتە بە خۆیان.

 

ژنان لە باشووری کوردستان هاوکات وەک ژنانی جیهان هەست بەوە دەکەن ٨ی ئادار هیچ گۆڕانکارییەکی لە دۆخی ژناندا نەکردووە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، کە تیایدا ژنان بە ناهەق دەکوژرێن و مافیان پێشێلدەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم دۆخەش ژنان هیوا دەخوازن ئەمساڵ دۆخی ژنان باشتر ببێت.

 

"مافی ژنان بە کردەوە دەدرێت نەک تەنها قسە"

سوهەیلە عەلی، دەربارەی ٨ی ئادار ڕوونیکردەوە، ئەو ڕۆژە تایبەتە بە ژنان و هەموو شتێک دەگەیەنێت بۆ خودی ئەو، "ئێمە ڕۆژێکمان هەیە بەڵام تا ئێستا ژنان دەبینین دەچەوسێندرێنەوە، مافیان پێشێل دەکرێت، تەنها بە قسە ژنان بەرەوپێش دەخەن، ئەگەرنا لە ڕاستیدا دۆخی ژنان بەو جۆرە نییە".

 

باسی لەوەکرد، ئەم کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەی پیاوە، تا ئێستا پیاو دەسەڵاتی هەیە و پیاو کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات، بۆیە تەنها ڕۆژێک بەس نییە بۆ ژنان، چونکە ژنان بنچینەی کۆمەڵگەن، ژنە منداڵ پەروەردە دەکات، کاری ماڵ و دەرەوە دەکات، ئەرکەکانی ژنان زیاترن لە پیاوان، بۆیە تەنها یەک ڕۆژ بەس نییە و دەبێت هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ژن بێت.

 

ڕوونیکردەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا هەندێک کار هەن بۆ ژنان ڕێگەپێدراو نین، لە کاتێکدا جیاوازی نابێت لە نێوان ژن و پیاو بۆ کارکردن، دەڵێت: هێندەی ژنان توانایان هەیە هێندە پیاوان نیانە، بۆیە دەبێت مافی سەرەکی ژنان بدرێت و لە مافە بنەڕەتییەکانەوە دەستپێبکرێت، نەک ژنان بکوژرێن و بکوژانیش دەستگیر نەکرێن.

 

کاتێک ژن ئازاد دەبێت ئەوکات ٨ی ئادارە بۆ ژنان

ڕووناک عەبدولڕەحمان، یەکێکە لەو ژنانەی پێیوایە دەبێت ژنان لە هەموو ڕۆژێکی ژیانیاندا مافیان هەبێت، بتوانن خۆیان بڕیاردەری ژیانی خۆیان بن، چونکە ژنان کار دەکەن و تواناکانیان نەبڕاوەیە، خێزان بەڕێوەدەبەن، ٨ی ئادار لای ڕووناک زۆر شت دەگەیەنێت و هیواخوازە ٨ی ئادار ببێتە ڕۆژێک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و ئازادییان.

 

هاجەرە ڕەحمان، ڕای وایە ٨ی ئادار تەنها بە ڕووکەش دیاریکراوە، ئەگەرنا تا ئێستا توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان بەردەوامە، مافیان پێشێل دەکرێت، بووەتە ڕێگری لەبەردەمیاندا، دەشڵێت: ژن کاتێک ٨ی ئادارییەتی کە دڵی خۆشبێت و مافی پێشێل نەکرێت، هیوادارم ئەو دیاردە کۆنە نەمێنێت کە ژنان لێیان دەدرێت، بە ناوی شەرەفەوە دەکوژرێن، داوا لە حکومەت دەکەم بکوژان دەستگیر بکات و هاوکاری ئەو ژنانە بکات کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"ژنان بە هەوڵی خۆیان دەتوانن بە ئازادییەکانیان بگەن"

ئاڤان محەمەد، دەربارەی ڕۆژی ٨ی ئادار ئاماژەی بەوەکرد، "٨ی ئادار تەنها بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان و دەرخستنی گرنگی ژنان لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو پێویست بوو هەموو ڕۆژێک بۆ ژنان ببێتە ڕۆژی بەدەستهێنانی مافەکانیان، توندوتیژییەکانی سەر ژنان تا دێت زیاد دەکات، هەموو ساڵەکە مافمان پێشێلدەکرێت تەنها یەک ڕۆژ قەرەبووی مافە پێشێلکراوەکان ناکاتەوە".

 

ئاڤان هیوادارە ئەو توندوتیژییانەی دەکرێتە سەر ژنان چیتر نەمێنێت و سەرلەنوێ ڕەوشی ژنان بەرەوپێش بچێت و نوێگەری لە ئازادییەکانیان بکرێت، ئەمەش تەنها بە کۆمەڵگە ناکرێت، دەبێت ژنان خۆشیان هەوڵبدەن.

 

"٨ی ئادار پیرۆزترین ڕۆژە"

ژوان حەسەن، وەک ژنێکی گەنج، باسی لەوەکرد، ٨ی ئادار لە هەموو جیهاندا مانادارە بۆ ژنان، پیرۆزە و ناکرێت تەنها پیرۆزی ژن بۆ ئەو ڕۆژە بێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام بێت، پێیوایە، یەک ڕۆژ بۆ ژنان هیچ نییە، دەبێت تەواوی ساڵ ڕۆژی ژن بێت بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

دەربارەی کۆمەڵگەی ئێستا ژوان دەڵێت: لە ئێستادا توندوتیژییەکان شێوازەکەی گۆڕاوە هیواخوازم ئەو توندوتیژییەی ئێستا هەیە، نەمێنێت و ژنان ئازادیان پێبدرێت و خۆیان ببنە بڕیاردەری خۆیان.