ژنان لە فرۆشگاکانی ئێران ڕووبەڕووی لەچکی زۆرەملێ و جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە

زیادکردنی توندکردنەوەکان و سنووردارکردنی ژنانی کرێکار بە تایبەت لە فرۆشگای ئیتکا لە سنە و هەوڵدان بۆ دەرکردنی ژنان بە هەر بیانوویەکی بچووک و بێ بایەخ، جۆرێکە لە توندوتیژی دژ بە ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی لەم فرۆشگایەدا هەژماردەکرێت.

سایدا شیرزاد

 

ناوەندی هەواڵ- ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە دروستکردنی  كۆماری ئیسلامی كە لێهاتووە لە دروستكردنی كەلێنی كۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر بنەمای جلوبەرگی ئیسلامی وەك جلوبەرگی باڵا، بە كردەیی ئەو ژنانە دووردەخاتەوە کە لەگەڵ ئەم شێوازی جلوبەرگەدا نین و نایانەوێت بەپێی ئیرادەی فەرمانڕەواكان جلوبەرگ بپۆشن، بۆ ئەوەش لە دەرفەتی سیاسی، زانستی، کۆمەڵایەتی و کولتووری بێبەشی کردوون.

 

سەرنج و گوشارەکان بۆ سەر لەچک لەکاتێکدایە کە خەڵکی ئێران ڕوبەڕووی کێشەی گرنگتر دەبنەوە، هەڵاوسانی ئابووری ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و گرفتی زۆری بۆ خەڵک دروستکردووە، قەیرانی وشکەساڵی و ئاو بەهۆی چارەسەرە ناکاریگەرەکانی حکومەت و بێکاری و ئالوودەبوون و چەندین کێشەی تر هەن، بەڵام دەسەڵاتداران و حکومەت هەموو سەرنجیان لەسەر جلوبەرگ و سنووردارکردنی ژنان چڕکردووەتەوە بەبێ ئەوەی بچوکترین هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە بدەن.

 

ئەو یاسا و فەرمانانەی کە بۆ دامودەزگاکانی سەر بە حکومەت دەنێردرێت، هەموویان پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی یاسای لەچکی زۆرەملێ هەیە، ئەو ژنانەی لە فرۆشگای ئیتکا لە سنە کاردەکەن، بۆ ئەوەی لە کارەکانیان دوور نەخرێنەوە، دەبێت پابەندی ئەم یاسایە ببن، لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نوژنهادا لێدوان لە چەند ژنێکی فرۆشگای ئیتکا لە سنە وەرگیراوە کە ناوەکانیان خوازراون.

 

"گەر پابەند نەبین لە کارەکەمان دووردەخرێینەوە"

هینا دەربارەی دۆخی کارکردنیان وتی: لە ماوەی ئەم ٢ بۆ ٣ ساڵەی کە لەم فرۆشگایەدا کاردەکەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختییەکان زیاد دەکات، دەبێت هەر شتێک کە پێت دەوترێت ئەنجامی بدەیت، ئەگەرنا وەک و هاوکارەکانی دیکە دووردەخرێینەوە، لە فرۆشگاکانی دیکە ژنان دەتوانن کەمێک بە گرنگیدان بە خۆیانەوە بڕۆنە سەر کارەکانیان، بەڵام ئێمە مۆڵەتمان پێنادرێت و دەڵێن کە ئێمە بێ لەچکی تەواو-حیجاب سەرنجی پیاوان ڕادەکێشین.

 

"دۆخی پیاوانی ناو فرۆشگاکەش باش نییە بەڵام لەگەڵ ژنان توندترن"

ڕەها تەمەنی ٢٧ ساڵە و بەهۆی بارودۆخی خێزانی و نەخۆشی باوکیەوە دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی لە ئەستۆدایە، وتی: لە فرۆشگاکەدا دەبێت مانتۆ و پانتۆڵی ڕەش یان ڕەنگی تۆخ لەبەربکەین، تەنانەت ڕێگەمان پێنادرێت پێڵاوی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر بکەین و پێویستە تەنها پێڵاوی وەرزشی سادە بەکاربهێنین. سەرپۆش بە تەواوی قەدەغەیە، دەبێت لە گەرمای هاوینیشدا لە عەبای ڕەش سوود وەربگرین، هیچ کەسێک ناتوانێت سکاڵا و ناڕەزایەتی دەرببڕێت چونکە بۆیان گرنگ نییە چەند ساڵە کاردەکەین و دەڵێن ئەگەر بۆت قورس بێت، دەتوانیت نەیەیت بۆ کارکردن، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەمان پێنادەن مۆڵەت وەربگرین، بێگومان بارودۆخی پیاوانی ناو فرۆشگاکەش باش نییە، بەڵام لەگەڵ ژنان توندترن.

 

"نابێت یەک تاڵ لە قژی ژنان دیار بێت"

ساناز لە قسەکانیدا دەڵێت: بۆمان نییە نینۆکمان هەبێت یان بۆیەی نینۆک بکەین، تەنانەت ئەو ژنانەی کە هاوسەرگیریان کردووە و قژیان بۆیاغ کردووە، نابێت یەک تاڵ قژیان دیاربێت،  ناهێڵن هیچ کاتێک مۆبایلەکانیشمان بەدەستەوە بگرین، باوکی ڕەها نەخۆشە و هەندێکجار دەیبەن بۆ نەخۆشخانە، هەندێک جار بە نهێنی حەمامەکە بەکاردەهێنێت بۆ تەلەفۆن بۆ ئەوەی دەربارەی دۆخی باوکی دڵنیاببێتەوە.

 

"دەبێت ئەوەی دەیڵێن بیکەین، ئەگینا وەک هاوڕێکەمان لە کار دەردەکرێین"

نگین بە ئاماژەدان بە قسەکانی ڕەها سەبارەت بە دەرکردنی هاوکارەکەی وتی: ئەوەندە توندن و ژنانی کرێکار دەخەنە ژێر فشارەوە کە هەموومان ماندووین و تەنها لەبەرئەوەی ناچارین لەوێ ماوینەتەوە، ماوەیەک لەمەوبەر یەکێک لە هاوڕێکانمان کە زۆر بێدەنگ بوو، لە کارەکەی دوورخرایەوە. هاوکارەکەم زۆر سادە بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری کەسەوە نەبوو و تەنها سووراوێکی ڕەنگی کاڵی کردبوو لەسەر ئەوە دەریان کرد.

 

"لە نووسراوەكەدا هاتووە، نابێت لە هیچ بارودۆخێكدا كرێكارانی ژن دابمەزرێنین و پێویستە وردە وردە ئەو كەسانە دەربكرێن كە لەوێدان".

ئێلناز نیگەران بوو لە دەرکردنی ژنانی فرۆشگاکە و وتی: چەند جارێک پێمان وتراوە ئاگاداری ڕەفتارەکانتان بن و کارەکانتان بە باشی ئەنجام بدەن، نووسراوێک بۆ ئێمە نێردراوە کە کرێکاری ژن دانەمەزرێنین و پێویستە وردە وردە ئەو کەسانە لە کارەکانیان دووربخەینەوە کە لەوێدان.

 

سارا، تەمەن ٢٤ ساڵ، کە دۆخێکی ئابوری باشی نییە، لەبارەی بیانووەکانی دەرکردنی ژنانەوە دەڵێت: ئەو کۆمپانیایانە کە گرێبەست لەگەڵ ئێمەی ژنان دەکەن، بیانووی نوێ دەهێننەوە، پێمان گوترا کە پێویستە فرۆش زیاد بکەین، بۆ نمونە مانگانە ٢٠٠ ملیۆن تومەن، بە پێچەوانەوە لە کارەکەمان دوور دەخرێینەوە، ئێستا ئەگەر هەرچی بکەین ناگاتە ١٧٠ ملیۆن  واتە بیانوو بۆ دەرکردنمان دێننەوە.