خەتەنەکردن بووەتە مۆتەکەی ژنان لە هەرێمی کوردستان

خەتەنەکردنی ژنان وەک یەکێک لە نیشانەکانی توندوتیژی دژی ژنانە لە نەبوونی زانیاری و نائاگای کۆمەڵگە سەرچاوە دەگرێت، بەهۆی زاڵبونی دابونەریتی کۆمەڵگە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بە یەکجاری بنەبڕ بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

مەبەست لە خەتەنەکردنی کچان بڕینی ئەندامی زاوزێی کچانە بەبێ هیچ هۆیەکی پێویستی پزیشکی، خەتەنەکردنی کچان دەبێتە هۆی چەندین کێشەی دەروونی و تەندروستی، کە لە زۆربەی کچاندا دەبێتە هۆی خوێنبەربوون و هەوکردن تا دەگاتە مردنیش.

 

ڕۆژی ٦ی شوباتی هەر ساڵێک بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنان دیاریکراوە و لەو ڕۆژەدا و بە درێژایی ساڵ ڕێكخراوی تایبەتمەند و چالاکوانانی مافی منداڵان و ژنان لە هەوڵی بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەدان.

 

ڕێژەی کچانی خەتەنەکراو لە جیهاندا زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن کەسە، خەتەنەکردنی کچان لە دنیادا مێژووی چەند هەزار ساڵەی هەیە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکرێت کە نەک شەرع پشتیوانی دەکات بەڵکو سەرچاوەی کلتوریشی هەیە، بە باوەڕی باوەڕمەندانی خەتەنەکردن ئەو دیاردەیە بەوە دادەنێن نەفسی ژن دەپارێزێت، ژن توشی زینا نابێت، بەڵام ڕەگی ئەو بیرکردنەوەیە بۆ کلتوری پیاوسالاری و دابونەریتی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان دەگەڕێتەوە.

 

خەتەنەکردنی کچان نەک پێشێلکردنی مافی تاکەکەسییە، بەڵکو کاریگەری جەستەی و دەروونی لەسەر ژنان دروستدەکات، کە هەندێکیان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن یان خۆیان لە کۆمەڵگە بە دوور دەگرن و گۆشەگیر دەبن.

 

نەشارەزایی لە خەتەنەکردندا ژیانی ژنانی خستووەتە مەترسییەوە

خەتەنەکردن، مەترسی لەسەر ژیانی کچان دروستدەکات، بەوەی کە بەشێکی ئەندامی مێینەی ژنان دەبڕدرێت، هەندێک جار دەبێتە هۆی هەوکردن و برین، هەندێک جاری دیکەش دەبێتە نەخۆشی و کەسی خەتەنە کراو بەرەو مردن دەبات.

 

خەتەنەکردن لەناو کۆمەڵگەدا لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدەدرێت کە زۆرجار نەشارەزا و ناپسپۆڕە، گوێزان و کەرەستەی نەشیاو و پیس بەکاردەهێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبون بە نەخۆشی هەوکردن، نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر و ئایدز کە هەردوو نەخۆشییەکە چارەسەریان نییە.

 

ئامانجەکانی خەتەنە کردنی کچان

- بەجێگەیاندی ئەرکێکی ئاینی وەک ئەوەی کە خەتەنەکردن سونەتە.

- کۆنتڕۆڵکردنی حەز و ویستی سێکسی کچان بەر لە شووکردن

- پاراستن و نیشاندانی پاک داوێنی کچان بە هاوژینانی داهاتوویان.

- هەندێک لایان وایە دەبێتە مایەی سەربەرزی بۆ خێزانەکانیان.

 

لە هەرێمی کوردستان ٪٧٢.٢ی ژنان خەتەنە کراون

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئاستی جیهاندا و بە تایبەتی لە ٢٨ وڵاتی ئاسیا و ئەفەریقادا، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن ژن لە نێوان تەمەنی  ٤ تا ١٥ ساڵ خەتەنە دەکرێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاماژە بەوە دەدات ١٠٠ بۆ ١٤٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا خەتەنەکراون، ساڵانەش سێ ملیۆن ژنی گەنج ڕووبەڕووی ئەم تاوانە دەبنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە خەتەنەی ژنان بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجام دەدرێت و دەشێت ئامارەکان زۆر زیاتر بن لەوەی ڕێکخراوە جیهانیەکان باسی لێوە دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی ٪٢٣ منداڵانی کورد لە خوار سیازدە ساڵەوە خەتەنە دەکرێن.

 

ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی كە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە كاردەكات بۆ نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەكردنی مێیینە، بەپێی ڕاپرسییەکی کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە هەولێر و ڕانیە ئەنجامیداوە، لە کۆی هەزار و ٢٦٠ ژن کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ٨٥ ژنی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە هەولێر و ٢٥ ژنیش لە ڕانیە خەتەنەکراون.

 

ڕووپێوی بارودۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی ژنانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، لەگەڵ ١٥٩٦ خێزان کە بۆ هەر پارێزگایەک (سلێمانی، دهۆک، هەولێر) ٥٣٢ خێزان بە نمونە وەرگیراوە، ئەنجامدراوە، ١٥٧٦ خێزان و ٢١٦٢ خێزان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە.

 

بەپێی ڕووپێوییەکە کە ١٥ ساڵ بەرەو سەر وەرگیراوە، ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ٪٤٨ن، بەرزترین ڕێژە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە ٪٥٣.٣ یە لە نێوان پارێزگاکاندا.

 

هەرچەندە لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژى خێزانى ژمارە ٨ى ساڵى ٢٠١١دا هاتووە، خەتەنەکردنى ژنان تاوانە، بەڵام تا ئێستا بوونى هەیە و ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای لێکەوتە خراپ و کاریگەرەکانی لەسەر کۆمەڵگە.