"پێویستە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان کار بکەین"

بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژیەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی و جیهان، سەیوان ڕۆستەم بە پێویستی دەزانێت ژنان کار بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سەیوان ڕۆستەم، چالاکوان و ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان باس لە هەڵوێستەکان دژی توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەکات و بە پێویستی دەزانێت ژنان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژیانە بوەستنەوە.

 

"پێویستە ژنان بە یەکگرتن دژی توندوتیژیەکان بوەستنەوە"

سەیوان ڕۆستەم، ئاماژەی بەوەکرد، ٢٥ی تشرینی دووەم لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دانراوە، ئەم ڕۆژەش مێژوویەکی تایبەتی هەیە کە تیایدا خوشکانی میرابال لەلایەن دەسەڵاتەوە کوژران، ئەمە وەکو مێژوویەکە، بەڵام گرنگی ئەم ڕۆژە ئەوەیە وەکو نوێکردنەوەیەک وایە بۆ ئەو پەیمانە و یەکدەنگی ژنانی جیهان، بۆئەوەی بەیەکەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیەکان بوەستنەوە و پەیمان نوێ بکەنەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژیەکان لە جیهاندا، باشووری کوردستانیش بەدەر نییە لەو توندوتیژیانە و بێگومان توندوتیژی سنوری نییە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

 

"پێویستە ژنان بە یەکگرتن فەرهەنگی کەمکردنەوەی توندوتیژی بێننە ئاراوە"

سەیوان ڕۆستەم ڕوونی کردەوە، ئەنجامدانی توندوتیژی یەکێکە لە خەسڵەتە نامرۆڤیەکان و لە باشوری کوردستاندا بەردەوامە، هۆکاری ئەم توندوتیژیانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانانەی لە باشووری کوردستاندا هەیە هەر لە قەیرانی ئابووری تا قەیرانی ئازادی تاکە کەسی، بەڵام لە ئێستادا ئەوە گرنگە ئێمە وەکو ژن هەڵوێستمان هەبێت لەسەر توندوتیژیەکان و یەکبگرن، چونکە هەموو هێزێک لە یەکبووندایە و هەوڵ بدەن ئەو فەرهەنگە بێننە ناوەوە کە توندوتیژی کەم دەکاتەوە.

 

وتیشی: لە ئێستادا کە توندوتیژی نەتەوایەتی و سیاسی هەیە، پێوستە ژنان بەتایبەتی ژنانی کورد جەخت بکەنەوە لەسەر ئەوەی ئازادی کۆمەڵگە لە ئازادی ژندایە، هەروەها دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەیە کە گرنگە هەموو تاکێک کاری لەسەر بکات.