چالاکوان و ئەندامی پارتە سیاسیەکان ئیدانەی هێرشەکەی تورکیا دەکەن

هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کوردانی هێنایە دەنگ و چالاکوان، ئازادیخواز و ئەندامی پارتە سیاسیەکان جەخت لەسەر یەکێتی نەتەوەی دەکەنەوە و ئیدانەی هێرشەکە دەکەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لەشکرکێشی و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بە تایبەتی لە کۆتا هێرشیدا کە لە ٧ی نیسان کردیە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە بیانووی "جموجوڵی نایاسایی هەندێک گروپ"، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی ناسنامە و دەنگی گەلی کوردە، چونکە یەکێتی نەتەوەیی لەناو گەلی کوردا بەهێزە، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی کە خەڵکەکەی هەمیشە پشتیوانی کوردان بوون لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی لای دوژمن و نەیارانی کورد.

 

"ئامانجمان کورد بوونە"

ئاڵا کەمال، چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد، من وەکو چالاکوانێک ئیدانەی ئەو هێرشانەی تورکیا دەکەم کە بەردەوام دەیکاتە سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ئەو هێرشەی لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا کردیە سەر شاری سلێمانی بەهۆی دەربڕینی هەڵویستێکی یەک لایەنە، کە لەم شارەدا هەیە لەسەر دروشمی "یان کوردستان یان نەمان"، ئەمە دروشمی هەموو کوردێکی بە شەرەفی کوردستانە و هیچ سنورێک نییە لە نێوان کوردستاندا و یەک پارچە و یەک خاک و نەتەوەیە، هەرچەندە دەنگ و ڕەنگی جیاوازمان هەیە، بەڵام هەموومان یەک ئامانجمان هەیە ئەویش کوورد بوونە و دروشمێکی نەتەوەیی کۆمان دەکاتەوە لە ژێر ناوی کورد و کوردستاندا.

 

"یەکێتی نەتەوەیی لە ئێستادا گرنگە بەرامبەر بە دوژمن"

ئاڵا کەمال ڕوونیکردەوە، ئێمە بەشداریمان لە ڕێپێوانە جەماوەریەکەدا کرد، چونکە بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین و بە پێوستمانزانی ئەو هەڵوێستە بە یەک دەنگ بخەینەڕوو، ئەو سنورە دەستکردە تێکبشکێنین کە دوژمنان بۆ کوردیان دروستکردووە، هیوادارم ئەم هەڵویستە بە یەک دەنگ بەردەوام بێت لە هەرکاتێکدا بێت، پێویستە ئێمەی کورد یەکبگرین بۆ بەدەستهێنانی یەکێتی نەتەوەی، چونکە لایەنێکی گرنگە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە دوژمنان پلانێکیان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتیە و ئەو ڕێبازە گیانفیداییەی ئازادایخوازان گرتویانەتە بەر بۆ سەربەخۆیی خاکەکەیان، بۆیە زەقکردنەوەی یەکێتی نەتەوەیی سنورە دەستەکردەکان دەشکێنێت.

 

ئاڵا کەمال لە کۆتایدا وتی: دوژمنانی کورد لە هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیی کورد دەترسن، بەتایبەتی ئەمساڵ کە شۆڕشێکی گەورە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکرد و هەموو سنورەکانی گرتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات بزووتنەوەکانی ئێمە تا یەکگرتوو تر و بەهێزتر بێت، ترس و تۆقینێکی زیاتر لای دوژمنان دروست دەکات.

 

"لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان بەردەوامە"

پەروا عەلی، ئەندامی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتەسەر سنورەکانی کوردستان، بە مەبەستی ئەوەی نەهێڵێت کورد لە هیچ شوێنێک دەسەڵات و دەنگ و ڕەنگی هەبێت، هەرێمی کوردستانیش لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆرەوە هاتووەتە کایەوە، بۆیە ئەرکی هەموومانە بیپارێزین، بە پێی دەستوری عێراقیش هێرشی ئەم جارەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سنور بەزاندنە، لە کاتێکدا بە پێی بڕیاری ٣٧ لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت لەشکرکێشیەکانی تورکیا ڕابگیرێت، بەڵام ئەم بڕیارە جێبەجێنەکراوە و تورکیا چەندین بنکەی سەربازی لە باشووری کوردستان کردووەتەوە.

 

"بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان گرنگی بە یەکگرتووی کورد نادەن"

پەروا عەلی ئەوەشی خستەڕوو، لەبەە ئەوەی سلێمانی شارێکی خۆڕاگر و زیندووە و نوێنەری هەر چوار پارچەی کوردستانە، بۆیە ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا بڕیارێک هەبوو کە داوا لە جێبەجێکەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات دان بنێن بە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و هەموو قەوارەکانی تر لە هەرێمی کوردستاندا بنکە و شوێنیان هەبێت و هاوکاری بکرێن، بەڵام بەداخەوە لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان بوونەتە چەند بەشێکەوە و یەکێک لەوانە پەدەکەیە، کە نە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات، نە گرنگی بە یەکگرتووی چوار پارچەی کوردستان دەدات و ئیدانەکردنەکەشی بۆ ئەم هێرشەی تورکیا ئیدانەکردنێکی شەرمنانە بوو، بەڵام ئێمە بە هەموو شیوەیەک دژی هێرشکردن و تیرۆرکردن دەوەستینەوە، چونکە میتی تورک ئارامی لە سلێمانی تێکداوە.