لایەنی مرۆڤایەتی لە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیدا

زیلان جودی، شەڕڤانی یات كە بەشداری لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییدا کردووە، ڕایدەگەیەنێت، ئەوان زۆر وریا و ئاگادارن لە لایەنی مرۆڤایەتی ئۆپەراسیۆنەکەیان.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- لە کامپی هۆل کە ٤٥ کم لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە دوورە، پەنابەرانی عێراقی و کۆچبەرانی پارێزگاکانی سوریا و بنەماڵەکانی داعش لە سوریا و عێراق و ٥٢ وڵاتی دیکە تێیدا نیشتەجێن، کامپێکی مرۆییە بەڵام ڕووبەڕووی تیرۆری داعش دەبێتەوە. لەم کامپە مەترسیدارەدا تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدان لەلایەن داعشەوە بۆ ئەو کەسانەی خۆیان لە هزری داعشی ڕزگار دەکرد، ئەنجامدەدرا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە هاوکاری یەپەژە، قەسەدە و یەکینەکانی دژە تیرۆر-یات، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیان دەستپێکرد بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کامپەکەدا.

 

ئاماری شەشەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆن

لە حەوتەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە بەشی سێی کامپەکەدا شەڕڤانان بە وریاییەوە لەو بنەماڵانە نزیک دەبنەوە، لە ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ کەس کە گومانی داعشی بوونیان لەسەربوو، دەستگیرکران، ٣ چادر کە وەک شوێنی دادگاییکردن و ئەشکەنجەدان بەکارهاتبوون دۆزرانەوە و تێکدران، جگە لەوەش ٣ تونێل لەلایەن شەڕڤانانەوە دۆزراونەتەوە و لابران، پاکەتی چەکی ئێم-١٦، ٢ جانتای سەربازی، ئەو ئامێرانەی داعش بۆ ئەشکەنجەدانی خەڵک بەکاریدەهێنن، ژمارەیەک تەلەفۆن و تابلێت و کارت دەستیان بەسەرداگیرا، بەپێی ناوی ئەم ئۆپەراسیۆنە، شەڕڤانان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە دژی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە نێوان ئاوارەکان و کۆچەرەکاندا جێبەجێ دەکەن.

 

"ئێمە هاوسەنگی لە نێوان لایەنی ئەمنی و مرۆیی دەکەین"

زیلان جودی، شەڕڤانی یەکینەکانی دژە تیرۆر-یات، ئاماژەی بەوەدا ئەوان بەپێی ناوی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵسوکەوت دەکەن و وتی: ئێمە لایەنی مرۆیی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەپارێزین، کاتێک بەناو چادرەکاندا تێدەپەڕین، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دایکان دەبینین کە ناتوانن لەسەر زەوی هەستن، یارمەتیان دەدەین، بەڵام ئێمە ڕێوشوێنی ئەمنیشمان لە بەرامبەر ئەمەدا دەگرینەبەر و هاوسەنگی لە نێوان هەردوولادا دروستدەکەین، لە سەرەتاوە چادرەکان دەور دەدەین و دواتر گەڕان دەست پێدەکات.

 

زیلان جودی دەربارەی منداڵان دەڵێت ئێمە ئاگاداری منداڵانین و کلتوری هاوارکردنمان نییە بەسەریاندا، "ئەگەر ئاو یان شتێکی خواردنمان هەبێت، دڵخۆش دەبین و بە زەردەخەنەوە پێشکەشیان دەکەن، چونکە هەر منداڵێک هاوار بکرێت بەسەریدا لەبەرامبەر مرۆڤ بەردەوام لەناو ترسدا دەژی، بەڵام لەناو منداڵەکانیشدا دەیانبینین هەندێک فکری داعشی زاڵە بەسەریاندا و هەندێک منداڵی دیکەش هەن بێ تاوانن.
 

"ناتوانین بەو چاوانە سەیری منداڵەکانیان بکەین کە خێزانەکانیان چەتەن"

زیلان جودی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کامپی هۆل ڕووخسارێک هەیە، ڕوویەک داعشە و ڕووەکەی تر کەسانی بێتاوانن کە دەستیان لە هیچ شتێکدا نییە، زۆر خێزانی داعش هەن کە هاوژینەکانیان کوژراون یان لە زینداندان، ئێمە ناتوانین بە هەمان چاوی تیرۆر سەیریان بکەین، لەبەر ئەوەی ئەوان بێتاوانن و ئێمەش لێرە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانمان جێبەجێ دەکەین.