یەکێک لە بیانووی پیاوان بۆ فرەژنی، دۆخی تەندروستی ژنە

لەپێناو ئەنجامدانی فرەژنی، کۆمەڵگە و هەموو لایەنەکانی ئاین و یاسا کەوتوونەتە خزمەتی پیاوان و بەردەوام ماف دەدەن بە پیاوێک، کە بە بوونی هەر بیانوویەک، ئەگەر کێشەی تەندروستی ژنەکەش بێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- فرەژنی ئەو دیاردەیەیە کە پیاوان کردویانە بە مافێکی ڕەهای خۆیان، بۆ ئەنجامدانیشی چەندین بیانوو دەهێننەوە تا بتوانن فرەژنی ئەنجامبدەن، ئاین، ئارەزوو و نەخۆشی ژن ئەو بیانووە سەرەکیانەن کە بەردەوام پیاوان وەک هەڕەشەیەک دژی ژنەکانیان بۆ ئەنجامدانی فرەژنی بەکاری دەهێنن.

 

فرەژنی ڕێکار و یاسای خۆی هەیە کە لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەمان پێداوە، بەڵام پیاوان لەپێناو ویستی خۆیان هەموو پێوەر و پێوانەیەک ڕەت دەکەنەوە، ئەقڵیەتی پیاوسالاری جێبەجێ دەکەن، بەردەوام کێشەی تەندروستی و دەروونی هاوژینەکانیان دەکەنە کێشە بۆ ئەوەی ژنی دووەم و سێیەم بهێنن، مافی تەواو لەو بابەتە دەدەن بە خۆیان، بەڵام لۆمەی ژن دەکەن کاتێک لەسەر هەمان بابەت جیابێتەوە و دووبارە هاوسەرگیری ئەنجامبدات.

 

"نەخۆشی ژن دەبێت مەرجی خۆی هەبێت نەک نەخۆشییەکی ئاسایی بکرێتە هۆکاری فرەژنی"

تانیا کەمال، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ڕاسان و چالاکوانی مەدەنی، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر باس لەو گۆڕانکارییانە بکرێت لە یاسادا و ئەو یاسایانەی لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ کە چالاکوانان هەوڵیان بۆ داوە، بە تایبەت یاسای باری کەسێتی، کە بەشێکی تایبەتە بە کێشەکانی ژنان و لە نێویاندا ئەو کێشانەی کە تیایدا پیاوان بە شێوەیەکی ئاسای و خێزان و ماڵ هەڵدەوەشێننەوە لە پێناو هێنانی ژنی دووەم و سێیەم، یەکێک لەو حاڵەتانەی دەستنیشانکراوە کە تیایدا پیاوان دەتوانن ژن بهێننەوە و فرەژنی ئەنجامبدەن، هەبوونی سێ جۆر نەخۆشییە لە ژنەکەیدا لە یەک کاتدا، "بەڵام ئەمە کراوەتە بەهانە و پاساوێک کە پیاوان لە حاڵەتی بوونی هەر کێشەیەکی تەندروستی ئاسایی ژنی دووەم و سێیەم تا دەگاتە چوارەم بهێنن".

 

"نەریتی کۆمەڵگە هەندێک کات کێشەی تەندروستی بەسەر ژندا دەسەپێنێت لە پێناو فرەژنیدا"

ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد لە نەریتی کۆمەڵگەی کوردیدا خێزانەکان بە جۆرێکن ئەگەر ژنێک بۆ ماوەیەک لە ڕووی دەروونیشەوە کێشەیەکی هەبێت و نەتوانێت ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان وەک خۆی جێبەجێنەکات، کە لەوانەیە قورسی ژیان و خێزان یاخود بوونی قەیرانەکان و کاردانەوەیان لەسەر ژن ئەم دۆخەیان بۆ دروستبکات، پیاوان ئەمە دەکەنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بڵێین ژنەکانمان تەندروستیان باش نییە و ژن دەهێنین، کە ئەمەش کاردەکاتە سەر لایەنی دەروونی ژن.

 

"کاتێک ژنێک کێشەی تەندروستی دەبێت پێویستە پیاو بارودۆخی لەبەرچاو بگرێت نەک کێشەی لەسەر دروستبکات و زیاتر لایەنی تەندروستی تێکبدات، یاخود بیکاتە هەڕەشەیەک بۆ هێنانی ژنی دووەم، هەروەها ژن گوێبیستی فرەژنی ببێت لەلایەن هاوژینەکەیەوە بێگومان لە ئەرکە خێزانییەکاندا سارد دەبێتەوە، ئەوەندەی دیکە کێشەی بۆ دروستدەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستیشەوە، هاوژین و پیاوەکان پێویستە ئەوەندەی لە خەمی هێنانی ژنی دووەمدان لە خەمی ئەوەدابن باری تەندروستی ژنەکانیان باش بکەن، بۆ ئەوەی خێزانێک هەڵنەوەشێتەوە نەک کێشەی تەندروستی بکەنە بیانوو بۆ ئەنجامدانی فرەژنی".

 

"نا یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو بووەتە کلتوور لە کۆمەڵگەی کوردیدا"

تانیا کەمال باسی لەوەکرد، کە دیاردەی نایەکسانی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە بە جۆرێک چووەتە ناو کلتوورەوە، لەکاتێکدا ژنێک حاڵەتێکی نائاسایی هەبێت زۆر بە ئاسایی پیاو ڕێگە پێدراوە کە ژن بهێنێتەوە، بەڵام کاتێک پیاوێک حاڵەتێکی نائاسایی دەبێت لە ڕووی تەندروستییەوە ڕێگە نادرێت کە ژنەکە هاوسەرگیری ئەنجام بداتەوە، لە کاتێکیشدا ئەنجامی بدات بەر هێرش و تانەی کۆمەڵگە دەکەوێت و لۆمەی دەکرێت.

 

وتیشی "زۆرکات ژنان ڕووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە کە هەرگیز ناتوانن ببن بە دایک بە هۆی کێشەی هاوژینەکانیانەوە، بەڵام چونکە ژن لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا پەروەردە بووە حاڵەتەکە قبوڵ دەکرێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگە ئەو مافە بە ژن نادات، هەرچەندە یاساش ڕێگەی پێداوە، بەڵام بە پیاوی دەدات، هۆکارەکەشی نایەکسانی و بوونی دیاردەی پیاوسالارییە".

 

"پەروەردەی ناتەندروست بووەتە هۆکار بۆ بوونی نایەکسانی"

تانیا کەمال هەبوونی نایەکسانی و جیاوازی جێندەری لە نێوان ڕەگەزە جیاوازەکاندا گەڕاندەوە بۆ بوونی ئەو پەروەردە ناتەندروستەی کە لە منداڵییەوە لە خێزانەکاندا بڵاوە، بە جۆرێک کە باڵانسی جێندەری فێری منداڵان ناکرێت، ماف و دەسەڵات دراوەتە ڕەگەزێک و بەردەوام مافی ژن دەخورێت کە مافی سەرەتایی خۆیانە.

 

"ئەم شێوازی پەروەردەکردنە کار لە هزری ژن و پیاو دەکات بۆیە هەندێک کات ژنیش کاریگەر دەبێت لە ژێر سایەی بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاریدا، دووبارە ماف لە ژن زەوت دەکرێتەوە، کەواتە ئەوەی زاڵە بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالارییە و کردنە بە کلتووری لە کۆمەڵگەدا".

 

هەروەها دەڵێت: "یاساکانی ناو کۆمەڵگە کە بووەتە نەریت و کولتوور لە یاساکانی دەوڵەت زیاتر کاریگەری لەسەر خێزان و تاک دروستدەکەن، بە جۆرێک ئەگەر پیاوێکیش بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری مامەڵە نەکات ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، بۆیە دواجار منداڵ و خێزان و ژن دەکاتە پردێک بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر هێرشی کۆمەڵگە".

 

لە کۆتایدا بە پێویستی زانی تاک خودی خۆی پابەندی یاسا بێت و لایەنی هۆشیاری خۆیان بەرز بکەنەوە، زیاتر گرنگی بدەن بە بابەتە جێندەرییەکان، هەروەها ڕێکخراوەکان پێویستە زیاتر چالاک بن بەرامبەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، فشارخستنە سەر ئەو لایەنانەی یاسایان بە دەستە، ڕاگەیاندن بۆ خۆی هەوڵی زیاتر بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە بدەن کە یەکسانی جێندەری ئاسایی دەکاتەوە، یاساش بۆ خۆی هەمووار بکرێتەوە و ئەو کەموکورتیانەی تێیدایە بنەبڕ بکرێت.