"بۆنی خوشکەکەم بەردەوام لە سەرمدایە"

ئەسمەر ژنێکی دووگیان، چیرۆکێکی تراژیدی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە لە ١٦ی ئاداردا بە دووگیانی ونبووە و تا ئێستا بێسەروشوێنە، بەڵام یادەوەرییەکانی لەلای خێزانەکەی هەمیشە زیندووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هەڵەبجە، شارێکی بیدەنگ و ژیانێکی ئاسایی، بەر لە ٣٤ ساڵ بۆنی سێو بڵاودەبێتەوە و شارەکە دەخرۆشێنێت، لەو ڕۆژەوە هەزاران چیرۆک لە هەڵەبجەدا دروستبوو، تەنانەت گێڕانەوەی چیرۆکەکانیش ناتوانێت ئازاری هەڵەبجەییەکان دەربخات و هیچ شتێکیش ئەو برینە بۆ کەسوکارەکانیان ساڕێژ ناکات.

 

ئاژانسی نوژنها چیرۆکی ژنێک، لە زاری خوشکەکەیەوە دەگێڕێتەوە، ئەویش ونبوونی "ئەسمەر فەرەج کوێخا"یە.

 

سوران فەرەج کوێخا، خوشکی ئەسمەر، بە حەسرەتەوە باسی لە ونبوونی ئەسمەری خوشکی دەکات و دەڵێت: خوشکەکەم دوو منداڵی کچ و کوڕی هەبوو، لە ماڵی خۆیاندا بوون و کۆتا مانگەکانی دووگیانی بوو، لەم گەڕەکانەدا هەموو یەکترمان دەناسی و خانەوادەی ماڵی خوشکەکەم یەک گەڕەک لە سەروو ماڵی خۆمانەوە بوون، بەهۆی ئەو ساروخ و بۆمبانەی کە دەهاوێژران هەموو چووبوونە ژێر زەمینەوە.

ڕۆژانە بۆردومان لەسەر شاری هەڵەبجە بوو، ڕژێمی بەعس دەوروبەر و چیاکانی هەڵەبجەی بۆردومان دەکرد ئەمەش ترسی خستبووە دڵی دانیشتوانی هەڵەبجەوە، بەیانییەکی زوو، ڕۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس، کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و بە جارێک هەزاران کەس دەخنکێن و هەزاران ئاوارە دەبن و سەدان کەسیش بێسەروشوێن بوون.

 

"خوشکەکەم بە دووگیانی لە ژێرزەمینەکەدا بوو"

سوران فەرەج کوێخا، زۆر بە سەرنجەوە باسی ونبوونی خوشکەکەی دەکات، کە پاش ئەوەی هیلاک دەبێت بەهۆی دووگیانییەوە لە لەژێر زەمینێکدا دەمێنێتەوە و بەجێدەهێڵدرێت، "دوای ئەوە نازانین لە کوێ بووە و چی بەسەرهاتووە، هەریەک قسەیەکی دەکرد و هیچ بەڵگەیەکمان نەبوو تا بزانین شەهیدە، زیندووە،  ونبووە یان بریندارە، تەنانەت بە هاوژینەکەشیمان وتبوو کە قەبری هەیە، بەڵام قەبرەکەیان نەدۆزییەوە". سورێن هێشتا دەڵێت هەموو شتەکان قسە بوون، هیچ بەڵگەیەک نییە و نازانین ماوە یان شەهیدە.

 

"ئەسمەر وەک دایکم وابوو"

سوران فەرەج کوێخا لە باسی ئەسمەردا دەڵێت: "خوشکەکەم وەک دایکم وابوو، چونکە لە خۆم گەورەتر بوو، دایکایەتی بۆ دەکردم، قژی شانە دەکردم و جلی مەکتەبی لەبەر دەکردم"، لە باسکردنی بیرەوەرییەکان ناوەستێت و بەگریانەوە دەڵێت: بەحەسرەتەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەیم، هەمیشە دەڵێن دەڵێن منداڵێک دۆزراوەتەوە، بەڵام من چاوەڕێی ژنێکی کامڵم لە دەرگا بدات. سوران فەرەج کوێخا باس لەوە دەکات کە منداڵی خوشکەکەی ماون و بینینیان ئاسودەیی پێدەبەخشێت، چاوی چاوەڕوانیش زۆر ئازاریان دەدات.

 

ئێمە لە ئازاری ئەنفالکراوان تێدەگەین

سوران فەرەج کوێخا دەڵێت ئەنفالیش زۆر سەخت بوو، لە ئازاری ئەوان تێدەگەین، "تا ئێستا کە دەچمە خەیاڵەوە بۆنی دێت بە سەرمدا"، لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی ئەسمەردا دەڵێت: خوشکەکەم دارتوویەکی لە حەوشەکەدا ناشتووە و پێی وتووە ڕۆژگارێک دێت ئەڵێی خوشکەکەم ئەم تووەی ناشتوە.

 

لە زاری سوران فەرەج کوێخاوە تاوانی تراژیدی ئەسمەر، یەکێک لە چیرۆکەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەمان خستەڕوو، ئەسمەر یەکێکە لەو سەدان ونبووەی هەڵەبجە کە تاوەکوو ئێستا بێسەروشوێنە.

ت.پ