"خەباتی هاوبەشی کۆمەڵگە ژنان دەگەیەنێت بە مافەکانیان"
چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان دەڵێن: چالاکییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان گرنگە، چونکە هێشتا توندوتیژییەکان بەردەوامییان هەیە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- سەرباری چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هێشتا لە جیهان و کوردستان ئاستی توندوتیژییەکان بەرزە و ئەقڵییەتی پیاوسالاریی زاڵە بەسەر زۆربەی جومگە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا، ڕۆژانە ژنان بە چەندین شێوە تووشی مەترسی و هەڕەشە دەبنەوە و لە هەندێ بارودۆخدا دەکوژرێن.
ڕووخۆش غەریب، چالاکوانی بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی تاک، لە بارەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پێیوایە کە هەر هەوڵێک لەم پێناوەدا جێی دەستخۆشییە، بەڵام پێویستە کارەکان بە ڕێگەی زانستی و ئەکادیمییانە ئەنجام بدرێت و وتیشی: هەوڵەکان زۆرن و سەرجەمیان جێی دەستخۆشین، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت، هەندێ جار تۆخکردنەوە و بانگەشە و بڵاوکردنەوەی شتێک، ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی ئەنجام نەدرێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی سەرنجەکان زیاتر بە ئاڕاستەی دژی بابەتەکە ببەیت لە کۆمەڵگەدا.
سەبارەت بە قبوڵکردنی مافەکانی ژن، ئەم چالاکوانە باسی لەوە دەکرد، کە لە بەرامبەر مافەکانی ژندا پێویستە ئەرکەکانی ژنیش باس بکرێت و وتی: ئەرک و ماف خەتێکی ئەوەندە ڕەق و ڕێک نییە، بەڵکو شتێکی نەرم و لاستیکییە و دەکرێ بە پێی بارودۆخ و ژینگەی کۆمەڵایەتی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هەموو هەوڵێکی تازەش کاری وردە وردەی پێویستە تاکو بە تەواوی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوببێتەوە، ئەم جۆرە لە هەوڵانەش بۆ پاراستنی ماف و ئەرکەکانی ژن، کات و ئارامگرتنی پێویستە بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوببێتەوە و جێگیر ببێت.
له کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویست ناکات ژنان وای ببین کە بەرامبەرەکەیان لەوان بەهێزترە و دەتوانێت توندوتیژیان بەرامبەر بکات و وتی: ڕاستە توندوتیژیی هەیە، بەڵام ژنان نابێت لە ڕووی دەروونییەوە وای هەژمار بکەن کە هێزێکی بەرامبەریان هەیە و لەوان بەهێزترە و دەتوانێت توندوتیژییان بەرامبەر بکات، بەڵکو دەبێت وەک مرۆڤێک هەژماری خۆیان و بەرامبەرەکەیان بکەن و سنورەکانی خۆیان بپارێزن و ڕێزی بەرامبەریش بگرن، ڕەنگە کاتی بوێ کە پیاو بتوانێت ئەم جۆرە ڕەفتارە قبوڵ بکات، بەڵام لە کۆتاییدا کە تۆ ڕێزی خۆتت وەک مرۆڤێک گرت، ئەویش ناچار دەبێت ڕێزت بگرێت.
"چالاکییەکان دەتوانێت گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست بکات"
کەوسەر حەسەن، چالاکوانی بواری ژنان، باسی لەوە کرد کە چالاکی و هەڵمەت و خۆپیشاندانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان زۆر گرنگە و وتیشی: ئەم چالاکییانە وەک یادخستنەوەیەکە لەم پرسەدا و هەموو ساڵێک ڕاچڵەکینێک سەبارەت بە دۆخی ژنان دروست دەکات، هەرچەندە کار لە بارەی ئەم پرسەوە بە ڕێگەی جۆراوجۆر زۆر کراوە، بەڵام هێشتاش نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە چالاکوانان لێی ڕازی بن، چونکە هێشتاش سەرباری ئەو هەموو چالاکییە، دەبینین ڕۆژانە بە چەندەها جۆر توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێن و ژنان بە بۆنەی ئەو فشارانەی کە باوک و برا و هاوسەر و کۆمەڵگەی پیاوسالار لەسەرییان دروستدەکات، خۆیان دەکوژن.
هەروەها ئەم چالاکوانە باسی لە گرنگی ڕاگەیاندن کرد لە باسکردن و گواستنەوەی چالاکییەکان و وتی: بەشێکی زۆر لە ژنان کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، وەک ژنانی تر ناتوانن بێنە دەرەوە و بەرگری لە مافی خۆیان بکەن، بەڵکو لە ماڵەوە بە بۆنەی چەندین فشارەوە دەمێننەوە، ڕاگەیاندن ئێشتا لە هەموو ماڵەکاندا هەیە، بۆیە گرنگە ئەم چالاکییانە بگوازنەوە، تاکو ئەو ژنانەش هۆشیار ببنەوە و دەست لەناو دەست لەگەڵ ژنانی نزیک لە خۆیان ڕووبەڕووی فشار و توندوتیژییەکان ببنەوە و بەهێز بن و پەنا نەبەنە بەر ڕێگەکانی خۆکوشتن و ملکەچبوون.
لە کۆتاییدا کەوسەر حەسەنی چالاکوان، پەیامی خۆی بە ژنان و پیاوان گەیاند و وتی: پێویستە ژنان و پیاوان ئاشت ببنەوە و لە بری بەرهەڵستی کردنی یەکتر، پێکەوە خەبات بۆ ئازادی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بکەن، با پیاوانیش بێنە ناو ئەم خەباتە و هەردوولا پێکەوە نەهێڵن بەری ئەم خەبات و ڕەنجانەی کە دراون، بسڕدرێتەوە.