ئێران، قەیرانی ئابووری کچان ناچار دەکات قژیان بفرۆشن

دیاردەی فرۆشتنی قژی سروشتی لەناو کچان و ژنان لە ئێران لەم دواییانەدا، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان، دوابەدوای تێکچوونی ئابووری، بێکاری و هەژاریی بەربڵاو لەو وڵاتە، پەرەی سەندووە.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- قەیرانی ئابووری و بێکاری و هەڵاواردنی ئابووری وای لە زۆرێک لە کچان و ژنان کرد کە لە ڕێگەی ماڵپەڕ یان ئارایشتگای ژنانەوە قژیان بفرۆشن، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان، ئەمەش لەکاتێکدایە زۆربەی دەرچووانی زانکۆ ژنن، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە کەمترین سەربەخۆن.

 

کچێکی خەڵکی شاری شیراز کە فرۆشتنی قژەکەی ڕاگەیاندبوو، دەڵێت: درێژی قژم نزیکەی ٥٠سم دەبێت، زۆرن ئەوانەی پەیوەندییان پێوەکردووم بۆ کڕینی، هەر گرامێک بە ٤٠ هەزار تۆمان دەفرۆشم"، سەبارەت بەو هۆکارانەی کە وای لێکرد قژی بفرۆشێت، ڕوونیکردەوە، "دۆخی ئابووری بەرەو خراپبوون دەچێت و پێویستم بە پارەیە، بۆیە قژم دەفرۆشم بە هەرکەسێک زۆرترین پارە بدات".

 

یەکێک لەو ئارایشتکارانەی قژ لە کچان و ژنان دەکڕن ڕوونیکردەوە، "زۆرێک لەو کچانەی قبوڵ دەکەن قژیان بفرۆشن، گەنجن و لە خێزانە هەژارەکانن و لە هەموو تەمەنەکاندان، ژنانی بەتەمەن دێنە لام تا قژیان بفرۆشن، هۆکارەکەشی ئەوەیە پێویستیان بە پارەیە بۆ کڕینی دەرمان یان کتێبی پەروەردەیی، بۆ پێدانی پارەی حکومەت، یان گۆڕینی مۆبایلە شکاوەکانیان، ئەوان قژیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن، بەو پێیەی بەدەست کێشەی ئابووری گەورەوە دەناڵێنن، ئەو قژانەی دەیکڕین بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە دەیانەوێت قژیان درێژ بکەن و سروشتی دەربکەوێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "نرخی کڕینی قژ بەپێی جۆر و ڕەنگ و کوالیتی دەگۆڕێت، ئەو قژانەی بۆیاخ نەکراوە و تا ئێستا ڕەنگی سروشتی خۆیەتی دەردەخات گرانترە، ئێمەش بە گرام قژ دەکڕین، دواتر دەینێرین بۆ شارەکانی دیکە تا قژی دەستکردنی لێ دروست بکەن.

 

یەکێکی دیکە لەو ژنانەی قژ دەکرێت، دەڵێت: بە گشتی خەڵک بۆ پەیداکردنی پارە قژیان دەفرۆشن، ئەو کەسانەی پێشتر بیریان لە فرۆشتنی قژیان نەدەکردەوە، کاتێک نرخی قژ دەبینن بیر لە فرۆشتنی دەکەنەوە، ئیستا ڕیکلامەکانی فرۆشتنی قژ لەسەر دیوارەکانی گەڕەک و شەقامە جیاوازەکان دەبینرێت، هەرچەندە دەگوترا قژ زۆر بەنرخە بۆ ئەوەی ژنان بە ئاسانی لێی جیاببنەوە، بەڵام بارودۆخی سەختی ژیان ئێستا ناچاریان دەکات قژیان بفرۆشن

 

زیادبوونی فشاری ئابوری و بێکاری بووەتە هۆی زیادبوونی دیاردەی کڕین و فرۆشتنی قژی سروشتی لای کچان و ژنان، هەرچەندە فرۆشتنی قژ لە یەکەم نیگادا سروشتی دەردەکەوێت، بەڵام لە واقیعدا کۆمەڵگە لەناو دەبات و بەها مرۆییەکان لەناو دەبات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتی نزیک دەبینەوە.