دایکێک دۆخی منداڵەکەی دەیگەیەنێتە ئاستێکی چاوەڕوان نەکراو

ژنێک لە پێناو باشترکردنی دۆخی منداڵەکەی ڕێڕەوی ژیانی و بواری کارکردنی دەگۆڕێت و دەڵێت "منداڵەکەم منی گەیاندە ئەم ئاستەی ئێستام  و بووە پاڵپشتییەکی سەرەکی بۆ گەیشتم بە ئامانجەکانم".

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەبوونی منداڵ لە خێزاندا ئەرکێکی گرنگە بۆ سەر شانی دایک و باوک، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە خاوەن پێداویستی تایبەت بێت ئەرکەکە لەسەر شانیان زیاتر دەبێت، تایبەتتر بۆ دایکەکە، ئەمەش وایکردووە لە پاش ئەوەی خێزانێک منداڵێکی ئۆتیزمیان دەبێت، دایکەکە بڕیار دەدات تەواوی ژیانی دابین بکات لە پێناو خزمەتکردنی منداڵەکەی و هۆشیارکردنەوەی هەموون ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.

 

ئەو دایکە داوا لە تەواوی کۆمەڵگە و خێزانەکان دەکات، هۆشیاری کۆبکەنەوە بۆ ئەو منداڵانە چونکە ئەوان نەخۆش نین تەنها خاوەنی دۆخێکی تایبەتن لە ژیاندا.

 

"ڤان لە پێناو منداڵەکەی ڕێڕەوی کارکردنی خۆی دەگۆڕێت"

ڤان سەروەت، ماوەی ٢٣ ساڵە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، دەرمانساز و ڕاوێژکاری دەروونییە، ڤان خاوەنی سێ منداڵە و یەکێک لە منداڵەکانی هەڵگری ئۆتیزمە، لە وڵاتی ئەڵمانیا خاوەنی خوێندنگایەکی دواناوەندییە کە تایبەتە بەو منداڵانەی تێگەیشتن و گەشەکردنیان جیاوازە، ڤان دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازە لە وڵاتی ئەڵمانییە، لە دوای بوون بە دایک و هەستکردن  بەوەی منداڵەکەی هەڵگری ئۆتیزمە، بۆیە بڕیار دەدات بواری خوێندن و کارکردنی بگۆڕێت.

باسی ئەوە دەکات هاوژینەکەی سەرقاڵی کارکردن بووە و دەبوو ئەم وەک دایکێک ئاگاداری منداڵەکەی بێت، بۆیە وردە وردە تەماشای ئەو بابەتانە دەکات کە پەیوەندیان بە ئۆتیزمەوە هەیە تا دەگاتە ئەو بڕیارەی پێویستە زیاتر قوڵ ببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر هاوکاری منداڵەکەی بکات، کاتێک درکی بەوەکرد توانیویەتی هاوکاری منداڵەکەی خۆی بێت بڕیار دەدات لەو بوارەدا کار بکات و سود بگەیەنێت بە هەموو ئەو منداڵانەی گرفتی لەو شێوەیەیان هەیە.

 

"پێویستە خێزانەکان هۆشیاریان هەبێت دەربارەی پەروەردەی منداڵەکانیان"

ئاماژەی بەوەدا پلانی نەبووە بواری خۆی بگۆڕێت بەڵام کاتێک ژیانی کەتووەتە ئەو دۆخەوە بڕیاری داوە بوارەکەی بگۆڕێت، دەڵێت "لە هەموو جیهان بەو شێوەیەیە کاتێک خێزانێک منداڵێکی لەم شێوەیەیان دەبێت کەسانی پسپۆڕ کەم هەن تا بتوانن ڕێنمایت بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی گونجاو لەگەڵ ئەو منداڵانەدا بکرێت"، تەنها ئەو خێزانانە دەزانن ئەو منداڵانە پێویستیان چەند بە پەرەوەردەی تایبەت هەیە کە خۆیان خاوەن منداڵی ئۆتیزمن.

زۆر گرنگە خێزانەکانیان زانیاریان هەبێت دەربارەی پەوەردەی منداڵەکانیان بەڵام هیچ لایەن و کەسێک نییە بتوانێت هاوکاری سەرەکیت بکات جگە لە خۆت، ڕوونیکردەوە بۆ ڤان دۆخەکە ئاسایی نەبووە لەو کاتەی منداڵەکەیان دیاری کردووە توشی چەندین زەحمەتی بووەتەوە تا ئاستێک کە توشی خەمۆکی بووە، چونکە باسی داهاتوویەکی ڕەشبینیان بۆ کردووە و وتویانە کە ناتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژی.

 

"منداڵەکەم بووە وانەیەک بۆ ژیانم و گەیاندمی بەم ئاستەی ئێستام"

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، خۆی بە دایکێکی خۆشبەخت دەزانێت چونکە توانیویەتی هاوکاری منداڵەکەی خۆی بکات، بەهۆی بوونی منداڵێکی لەو شێوەیەش وانەی لە ژیان وەرگرتووە، توانیویەتی ژیانی خۆی ڕێکبخات و بگاتە ئامانجێکی گەورە وتی "ئەوەندەی منداڵەکەم لە ژیاندا وانەی بە من بەخشیوە من نەمتوانیوە وانە بە منداڵەکەم ببەخشم".

 

هەرچەندە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا دەژی بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ جێگایەک نەبووە بۆ ئەوەی ڕێنمایی منداڵەکەی بکەن بۆیە بەدواداچوونەکانی خۆی هاوکاری سەرەکی منداڵەکەی بووە و توانیویەتی دۆخی باشتر بکات لە ژیاندا، چونکە ڕۆژانە بەردەوام هاوکاری دەکرد نەک لە هەفتەیەکدا چەند ڕۆژێکی دیاریکراو، بۆیە بۆی گرنگە هەموو ئەو خێزانانەی منداڵێ ئۆتیزمیان هەیە خاوەن هۆشیاری بن و بزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، فێری شتی نوێیان دەکەن.

 

ڕوونیکردەوە هۆشیاری نەک تەنها بۆ دایک و باوک بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگە پێویستە، بۆی هەمووان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵێکی لەو شێوەیە دەکەن و ژینگەیەکی گونجاوی بۆ دابین دەکەن، ئەوەی لە ڕێی بەدواداچوون ە بەشداریکحردن لە سیمینار و کۆڕی تایبەت یاخود خوێندنەوەی کتێب و زانیاری بەسودەوە دەبێت.

 

"هەولم دا لە ڕێی سۆشیاڵ میدیاوە خزمەت بەو خێزانە کوردانە بکەم کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە"

باسی لە دامەزراندنی خوێندگەکەی کردوو وتی "هەموو ئەو ئەزموونانەی کۆمکردووەتەوە ویستم بۆ منداڵانی دیکەی بەکاربهێنم، بتوانم دەروونی هەموو ئەو منداڵانە رابگرم و هاوکارییان بکەم کە دۆخیان بەو شێوەیەیە"، ڤان لە ئێستادا ڕاوێژکاری دەروونی منداڵەکان و خێزانەکانیشیانە هەروەها بەڕێوەبەری خوێندنگە تایبەتەکەشە، تەواوی وردەکاری ژیانی ئەو منداڵانە بە خێزانەکانیان دەڵێت کە چی گونجاوە بۆ ئەوان تەنانەت لە ڕووی خواردنیشەوە.

ئاماژەی بەوەدا، ئۆتیزم نەخۆشی نییە چونکە چارەسەری نییە لە کاتێکدا نەخۆشی بە دەرمان چارەسەر دەکرێت، دەڵێت "دەربارەی هۆشیار کردنەوە، سەرەتا لە دەوروبەری خێزانەکەمەوە دەستم پێکرد، دواتر دەستم کرد بەوەی وەک ڕاوێژکار کەسانی دیکە هۆشیار بکەمەوە، پاشان کە هاوکاری خێزانە کوردەکانیشم دەکرد هەوڵم دا سود بە کەسانی دیکەی کورد بگەیەنم لە کوردستان هەر بۆیە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە سۆشیاڵ میدیادا".

 

ژنان دەبێت لەگەڵ کاری دایکایەتی ئامانجەکانی ژیانیان لەبیر نەکەن"

لە کۆتایدا ڕوونیکردەوە، زۆر کەس داوای لێدەکەن و پرسیاری لێدەکەن کە لە کوردستان هیچ پلانێکی نییە یاخود بە نیاز نییە لێرە ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەو منداڵانە بکات، دەڵێت" دڵخۆش دەبم بە خزمەتکردنم لە کوردستان بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەنی منداڵم و یاکێکیان هەڵگری ئۆتیزمە بۆیە قورسە بۆ من بتوانم کارێکی لەو شێوەیە بکەم چونکە دواجار من دایکم".

ئەم  هۆکارانەش نەبوونەتە هیۆکار بۆ ئەوەی هیچ پلانێکی نەبێت بەڵکو ئامانجی هەیە و کۆڵی نەداوە تەنها لە داهاتوودا دەیەوێت بە ئامانجەکانی بگات و گرنگی بە دایکایەتیش بدات، داوا لە هەموو ژنان دەکات هیچ کات واز لە ئامانجەکانیان نەهێنن و خودی خۆشی ئامانجیەتی هەموو دایکان و باوکانی جیهان هۆشیار بکاتەوە دەربارەی ئۆتیزم.