ئێلینا بە خۆشەویستی و سۆزەوە فێری زمانەکانی دیکە و کوردی دەبێت

ئێلینا محەمەد، کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە مۆڵدۆڤاوە ڕوویکردە ڕۆژئاوای کوردستان، زمانەکانی دیکە بە خۆشەویستییەکی بێسنوورەوە فێردەبێت، سێ ئاستی کوردی دەخوێنێت و ئێستا بیرکاری بە قوتابیانی ئامادەیی دەڵێت.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ-ئێلینا محەمەد کە خەڵکی وڵاتی مۆڵدۆڤایە، یەکێکە لە وڵاتانی ئەوروپا و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە نێوان ڕۆمانیا و ئۆکرانیا، ئێلینا دوای تەواوکردنی زانکۆی کە بەشی بیرکاری لە مۆڵدۆڤا خوێندووە لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕویکردووەتە ڕۆژئاوا، ئیلینا محەمەد لە ئێستادا لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژی و لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لە قوتابخانەی کەرەم وانەی بیرکاری بە خوێندکارانی ئامادەیی دەڵێتەوە.

 

"چوونە وڵاتێکی تر وەک چوونە بۆ جیهانێکی نوێ"

ئیلینا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد ڕۆیشتن لە جیهانێکەوە بۆ جیهانێکی تر ئاسان نییە و وتی: بەدڵنیاییەوە تۆ لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیت، هەموو وردەکارییەکانی لە زمان، کولتوور، باوەڕ و پەیوەندییەکانیەوە فێر دەبیت، بەڵام چوون بۆ وڵاتێکی دیکە بۆ من وەک چوونە جیهانێکی نوێ بوو، هەموو شتێک لە زمان و کولتوور و نەریتەکانیەوە بۆمن نوێ بوو، بۆیە پێویستم بە کاتێکی باش بوو بۆ ئەوەی ئ بچمە قووڵایی بابەتەکەوە.

 

"فێربوونی زمان و ڕێزمانی کوردی زۆر گرنگ بوو"

ئیلینا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد دوای ئەوەی چوو بۆ ئاستی زمانی کوردی، هەڵەی نووسراو و زاراوەکەی ڕاستکردەوەو وتی: بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٤، چووم بۆ ئاستی زمانی کوردی، هەڵەی زۆرم هەبوو، دوای تەواوکردنی هەر سێ ئاستەکە، تازە ڕێزمانی کوردی بە باشی فێربووم، لە سەرەتادا، وامدەزانی هەموو وشە و پیتەکانی زمانی وڵاتەکەمان و ئێرە وەک یەک دەنووسرێن، بەڵام وا نەبوو، جیاوازی نووسینم ناسییەوە، پیتەکان هەمان بوون چونکە لاتینی بوون، بەڵام دواتر زیاتر ڕێزمان فێربووم، من ناڵێم گەیشتوومەتە ئاستێکی زۆر بەرز، چونکە هێشتا پێویستە خۆمان پەرەپێبدەین.

 

"میوانداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەپێشن"

ئیلینا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کۆمەڵگەی مۆڵدۆڤا خۆی لە کۆمەڵگەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جیادەکاتەوە و وتی: پەیوەندییەکانی ئێرە زۆر باشترن لەوەی لە وڵاتەکەماندا هەیە، دڵی کۆمەڵگەی ئێرە لە سەرەوەی هەموو شتێکەو بیرکردنەوەیان هەمان شتە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەیان پێدام بە خێرایی فێری زمان ببم، بەڵام لە وڵاتەکەماندا هەموو کەسێک مامەڵە لەگەڵ خۆیدا دەکات و تەنها لە سنوورەکانی چوار دیواری ماڵەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و دراوسێکان زۆر پێشکەوتوون هەروەها خاوێنی ژینگە، کە وەک مۆلدۆڤا نییە، کولتووری پاک و خاوێنی ژینگەیی لەم کاتەدا پێشکەوتووە، پێویستە گوێ لە سروشت بگرین و بیبیستین.

 

"بچن بۆ کتێبخانەکان"

ئیلینا محەمەد گرنگی فێربوونی زمانی دایکی دەربڕی و وتی کە زمانی کوردی وەک زمانی عەرەبی گرنگە و وتی: گرنگە بۆ هەر نەتەوەیەک زمانی دایکی خۆی بزانێت و کوردیش هێندەی عەرەبی گرنگە، لەم ناوچەیەدا، هەردوو زمانەکە گرنگن بۆ هەموو کەسێک کە بیزانێت، بەڵام کاتێک تۆ کوردیت، پێویستە فێری زمانی کوردی ببیت و ڕەگی خۆت هەبێت، لەم خاڵەدا هەردوو زانین گەشە دەکەن و یادەوەری کۆمەڵگە کە بەرەو لەبیرچوونەوە دەڕوات زیندوو دەبێتەوە و ئەو یادەوەرییە دەوڵەمەندتر دەبێت، گەشەکردنی کۆمەڵگە بەندە بە پەرەسەندنی زانست و زمان، لە کتێبخانەکاندا هەزاران کتێب هەیە کە خەڵک دەتوانن سوودمەند بن لێی، بۆ ئەوەی خۆیان و کولتووری کۆمەڵگەکەیان بناسن.

 

"بیرکاری تێگەیشتنە"

ئیلینا محەمەد باسی ئەو وانەیە دەکات کە دەیڵێتەوەو وتی: فرەیی زمانەکان و فێربوونیان هێندەی دڵخۆشییان قورسە، لە قوتابخانەکانی مۆڵدۆڤا فێری زمانی دایکی ڕۆمانی و ڕووسی بووم و لێرە فێری زمانی کوردی و ئینگلیزی و فەڕەنسی بووم، ئێستا وانەی بیرکاری بە قوتابیان دەڵێم لە قوتابخانەکان، بەڵام پێویستە بیرۆکەی باش وەربگرم و لە قوتابیان تێبگەم، چونکە بیرکاری تەنها یاسا و بەرپرسیارێتی نییە، پێویستە بە باشی لێی تێبگەیت.

 

"گەشتکردن به جیهاندا خەیاڵێکە لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنە"

ئیلینا محەمەد لە کۆتاییدا باسی خەونەکانی کردو وتی: هەموو مرۆڤێک خەونێکی هەیە، هەروەها پێویستی بە کات و دەرفەت هەیە بۆ گۆڕینی ئەو خەونانە بۆ ڕاستی، ویستم زۆر گەشت بکەم، وڵاتان، نەتەوەکان و نەریتەکانیان بناسم، ئەگەر دەرفەتێک هەبێت، دەست دەکەم بە بەدیهێنانی خەونەکانم.