کۆچبەرانی عەفرین بەهۆی نەبوونی کارەبا شەو لەبەردەم مۆم بەسەر دەبەن

ژنانی عەفرین کە کۆچیان بۆ کانتۆنی شەهبا کردووە، ئاماژە بەوە دەکەن بەهۆی گەمارۆیەکی قورسی حکومەتی شامەوە، کارەبا نییە و لە شەواندا مۆم هەڵدەکەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- بەدرێژایی ٥ ساڵ لە کۆچبەریی گەلی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا، خەڵکەکە بەردەوامن لە بەرخۆدانیان لە سەختییەکانی ژیاندا، حکومەتی شام ڕێگه نادات پێداویستییەکانی ژیان و تەندروستی له ڕێگەی خاڵی پشکنینەوه بچنه ناو هەرێمەکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پێداویستییەکان بە بەهایەکی گران ببرێتە ناوچەکە، لەم دواییانەدا پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ بەردەوامبوونی ژیان وەک سوتەمەنی نەچووەتە شەهبا، کە سەدان هەزار پەنابەری عەفرینی تێدا دەژین، ئەمەش بەربەستێکی زۆر بۆ خەڵکەکە دروست دەکات و ژیانیان خراپتر دەکات.

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی ڕێگری حکومەتی شام زیاتر بووە، سووتەمەنی نەماوە و کارەبا بڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بە دابین نەکردنی سووتەمەنی بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و نان و نەخۆشخانە و خاڵەکانی پشکنینی تەندروستی، کارەکانیان ڕادەگرن و لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆکانی حکومەتی شام بۆ سەر ناوچەکە، کارەساتێکی دیکەی مرۆیی ڕوودەدات، بەم شێوەیە، خەڵکی شەهبا بەشەو لەبەردەم مۆمدا درێژە بە ژیانیان دەدەن، کارەبای شەهبا لەلایەن شارەوانی گەلی شەهبا-عەفرینەوە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی کوژاوەتەوە، سیاسەتی حکومەتی شام جیاواز نییە لە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، کە هەردووکیان دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بەرخۆدان و خواستی خەڵک لە شەهبا بشکێنن.

 

گەل بە هەلومەرجی سەختی گەمارۆکاندا تێدەپەڕێت

لۆدمیلا هۆرۆ، ئەندامی شارەوانی گەلی ناوچەی فەفینی شەهبا، باسی لە بارودۆخی ناوچەکە کرد بەهۆی گەمارۆدانی حکومەتی شام و وتی: ئێمە بۆ ماوەی ٥ساڵە کۆچمان کردووە بۆ شەهبا و بە چەندین کۆسپ و سەختی ژیاندا تێپەڕین، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی شام گەمارۆی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە،هەروەک دەزانرێت، سوتەمەنی یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، بەڵام بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستا هەیە سوتەمەنی نایاتە ناوچەکەو، خەڵک ناتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن، ئاو و نان و کارەکانی نەخۆشخانە ڕاگیران، ئەمەش یەکێکە لە بنەماکانی ژیان کە نابێت هەرگیز بوەستێندرێت، لە هەمان کاتدا، کارەبا لە ناوچەکە و کامپەکانی کۆچبەران بڕدراوە و خەڵکەکە ئێستا لە تاریکیدا بەردەوامن لە ژیان و بەرگری، سەرەتا نزیکەی ٥ کاتژمێر کارەبامان هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، کارەبا بڕاوە، لە ڕێگەی گەمارۆکەوە، حکومەتی شام دەیەوێت کۆمەڵگە بڵاوبکاتەوە، بەڵام هەرگیز خواستەکەی نایەتە دی.

 

پێویستە گەمارۆکە کۆتایی پێبێت

لۆدمێلا هۆرۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: چەندین ساڵە لە وەرزی هاوینەوە بەهۆی گەرمبوونەوە قەیرانی کەمی ئاو هەیە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین هەتا دەتوانن یارمەتی گەلەکەمان بدەین، ئەمساڵ کەمی ئاو زیادی کردووە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی حەلەب و ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە گواستراونەتەوە بۆ شەهباو لەوێ نیشتەجێمان کردوون، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی خەڵک، پێویستی ئاو لە زیادبووندایە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمی ئاو هەیە، لە کۆتاییدا داوای لابردنی گەمارۆی حکومەتی شام دەکەین لەسەر ناوچەکە و سووتەمەنی بۆ ناوچەکە بنێردرێت چونکە شەهبا بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەڕوات.

 

"لە تاریکیدا دەژین"

حوریە مستەفا ماوەی ٥ ساڵە لە کامپی سەردەم دەژی و وتی: لەو ڕۆژەوەی کە هاتینە شەهبا و لە کامپەکان نیشتەجێ بووین، بە بارودۆخێکی سەختدا تیدەپەڕین، ڕۆژانە هێرش لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ئەنجام دەدرێت و جگە لە هێرشەکان، حکومەتی شام گەمارۆی خۆی سەپاندووە بەسەر ناوچەکەدا و ڕێگری دەکات لەوەی بە ئاسوودەیی بژین و پێداویستییەکانمان جێبەجێ بکەین، بەهۆی ئەو بەربەستەی لەسەرمان هەیە، ئێمە ئێستا لە تاریکیدا دەژین، کارەبا بڕاوە، بە گەمارۆیەکی زۆر قورسدا تێدەپەڕین، بە تێپەڕبوونی کات بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیەوە ئاو و نان نامێنێت، ئێمە داوا لە شوێنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاو بنێن و بە خێرایی دەستێوەردان بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە گەمارۆکە، چونکە منداڵان و کەسانی بەتەمەن ناتوانن بەرگە بگرن و دەرگای نەخۆشخانەش بەهۆی ئەم بارودۆخەوە داخراوە.