دامەزراوەی ژنی ئازاد بە پڕۆژەکانی هەلی کار بۆ کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت

مەلکە حساف، بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی، ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەکانیان بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بواری ئابوریدا فراوانتر دەکەن.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- دامەزراوەی ژنی ئازاد لە ساڵی ٢٠١٤ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "ژنێکی ئازاد بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازادە" لەسەر پرس و چارەسەری کۆمەڵایەتی دەستی بە کارەکانی کرد، وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ درێژە بە کارەکانی دەدات و پڕۆژە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد ڕێکدەخات.

 

"مەبەست لەم پڕۆژەیە پەرەپێدانی کۆمەڵگەیە لە ڕووی ئابورییەوە"

مەلکە حساف، بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی سەبارەت بە پڕۆژە جیاوازەکانی دامەزراوەی ژنی ئازاد وتی: بەشێوەیەکی باش کار لەسەر پڕۆژەکانمان دەکەین بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە لە بواری ئابوری و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان، ئەمساڵ لەڕێگەی لیژنەکانی دامەزراوەوە بۆ ئابوری دۆخی ژنان بەرەوپێش ببەین، ئێمە پڕۆژە کۆنەکانمان فراوانتر دەکەین. پرۆژەی پەشم و چنین لەلایەن زۆرێک لە ژنانی ناوخۆوە قبوڵکرا، لەڕێگەی کارەکانیانەوە لە پڕۆژەکەدا پەرەیان بە تواناکانیان داوە لە درووین و کاری دەستیدا، ژمارەی ئەو ژنانەی کە ئەم کارە دەکەن لە ئەساسەکەشدا زیادیکردووە، ئێستا ئێمە جلوبەرگی ژنان دەفرۆشین، کە بەدەستی ژنان خۆیان دروستکراوە.

 

کلینیکی گەڕۆک بۆ گوندەکان دامەزراون

مەلکە حساف ڕوونیدەکاتەوە، بەشی تەندروستیی دامەزراوەکە پزیشکی گەڕۆک و کلینیکی هەیە کە سەردانی گوندەکان دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکەی لە گوندەکانی دوور لە شارن و توانای چوونە نەخۆشخانەیان نییە، دەشڵێت: ئێمە تا دەتوانین هەوڵدەدەین یارمەتی خەڵکی ناوچەکە بدەن، بەتایبەتی ژنان و منداڵان. لە لایەکی ترەوە ئێمە چەندین سەنتەری چارەسەرمان هەیە بە گیا دەرمانی و دەرمان، لە زۆر نەخۆشیدا دەرمانی سروشتی بەکاردەهێنین، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشەکان نابێت، ئەمساڵ کلینیکی گەڕۆکی زیاتر دابین دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ناوچە و گوندی زیاتر.

 

"هەوڵدەدەین هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنین"

مەلکە حساف، لە درێژەی قسەکانیدا، کار و چالاکییەکانی دامەزراوەکە دەخاتەڕوو وتی: ئەمساڵیش کردنەوەی پڕۆژە و کۆمەڵە لە گەڕەکەکاندایە. هاوکات لەگەڵ ڕاهێنانی هزری، فێرکردنی ژنان دەربارەی پیشەی چنین و دارتاشی و دەستێوەردانی فریاگوزاری، بەمەبەستی پەرەسەندنی لە هەموو ڕوویەکەوە، هەوڵدەدەین هەلی کار بۆ ژنان لە ماڵەکاندا بڕەخسێنین بۆ ئەوەی لە ماڵەکاندا بەهێزتر بن، بەم زووانەش کردنەوەی بنکەیەکی تەندروستی نوێ لە شاری کۆبانێ بۆ منداڵان و ژنان ڕادەگەیەنین.

 

"پڕۆژەی زۆرمان هەیە بۆ منداڵان"

لە کۆتایی قسەکانیدا مەلکە حساف باسی لە پڕۆژەکانی بۆ منداڵان کرد کە پەیوەندییان بە دامەزراوەی ژنانەوە هەیە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پڕۆژەکانمان بۆ منداڵان زۆرن، وەک زیادکردنی باخچەی ساوایان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە فراوانکردنی گشتی و دابەشکردنی سەنتەرەکان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە بواری هونەریشدا پڕۆژەمان هەیە بۆ فێرکردنی مۆسیقای منداڵان بۆ ئەوەی پەرە بە خولیاکانیان بدەن، هەروەها سەنتەر و کەرەستەمان بۆ مۆسیقاژەنان و ستافی ڕاهێنان ئامادە کردووە.