"ئازارەکانی منداڵ وایلێکردم ١٢ ساڵە بەردەوام بم لە پەرستاری"

کوێستان کەمال وەکو ژنێکی بەتوانا ماوەی ١٢ ساڵە وەکو پەرستار بەردەوامە لە کار کردن و لە پاڵ ئەم کارەشیدا نووسەر و ڕۆژنامەنووسیشە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- توانای ژنان لە هەموو بوارێکدا ڕەنگدانەوەی هەیە، لە هەر شوێنێکدا کار بکەن دەبنە ڕەمز بۆ ئەو شوێنە، ژنان دەتوانن لە پاڵ پیشەی خۆیاندا چەند کارێکی تر بکەن بە سەرکەوتوویی، بە تایبەت لە پەرستاریدا کە ژنان تیمارکەری ئازارن و بە تێکەڵی لەگەڵ سۆزیاندا، هەست بە ئازارەکانی بەرامبەریان دەکەن، لە نمونە، کوێستان کەمالی پەرستار لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشید بۆ منداڵان، لە کاتێکدا پەرستاری دەکات، هاوکات نووسەر و ڕۆژنامەنووسیشە و باسی لەوەکرد، لەبەر خۆشەویستی بۆ کارەکەی ئامادەیە هەموو شتیک بکات.

 

"ماوەی ١٢ ساڵە بە گرێبەست کار دەکەم لە نەخۆشخانەی د. جەمال"

کوێستان کەمال ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی ١٢ ساڵە بە گرێبەست کار دەکەم، لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا لەم نەخۆشخانەیە،، سەرەتا زۆر قورس بوو کە بڕیارمدا ئەم نەخۆشخانەیە هەڵبژێرم، بەڵام بیرم کردەوە، باشترین شت ئەوەیە لەگەڵ منداڵ هەڵسوکەوت بکەیت، چونکە منداڵ هەستێکی پاکی هەیە، هۆکاری ئەوەی تا ئێستا هەر لەم نەخۆشخانەیە کار دەکەم تەنها منداڵە، لەگەڵ پەرستارەکانی تر هەست بە دڵخۆشی دەکەین کە لەگەڵ منداڵدا هەڵسوکەوت دەکەین، چونکە لەلایەکەوە پەرستارم و لە لایەکی دیکەوە دایکم، کاتێک منداڵێک دێتە نەخۆشخانە و نەخۆشە من منداڵەکەی خۆمم بیردێتەوە، چۆن بۆ منداڵەکانی خۆم خەم دەخۆم و هەوڵدەدەم ڕیگەیەک بدۆزمەوە بۆ چارەسەرکردنیان، بۆ هەموو منداڵەکانی ئێرە وەهام، وەکو پەرستاریش ئەرکی سەرشانی خۆمە کە چارەسەریان بکەم.

 

"لە نەخۆشخانەی د. جەمال بۆ منداڵان زۆربەی پەرستارەکان ژنن"

پەرستار کوێستان کەمال دەشڵێت: من وەکو ژنێک کە دایکم زیاتر هەست بە ئازاری منداڵە نەخۆشەکان دەکەم، منداڵی وا دێتە نەخۆشخانەکە تەنانەت ناتوانێت قسە بکات و باسی ئەو ئازارە بکات کە هەیەتی، بۆیە ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین و بە ویژدانەوە کار بکەین، منداڵ لە تەمەنی ١ مانگیەوە تا ١٧ ساڵ وەردەگرین، لەبەرئەوەی زۆربەی پەرستارەکانی نەخۆشخانەی د.جەمال ژنن و خێزانەکان زیاتر منداڵەکانیان دەهێنن بۆ ئێرە و پەرستارەکان بە شێوەیەکی زۆر باش و لەسەرخۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکان دەکەن.

 

کوێستامن ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ کاتژمێر کار دەکات، لەبەرئەوەی لە نەخۆشخانەکە پەرستار کەمە، زۆر ماندوو دەبن، بەڵام لەگەڵ پەرستارەکانی هاوڕێیدا، کاتێک منداڵێک دەبینن نەخۆشە هیلاکی خۆیان بیردەچێتەوە، ئەمانەش هۆکاری سەرکەوتووی کوێستانە لە کارەکەیدا.

 

"ژنان لە بواری پەرستاریدا زۆر باشن"

کوێستان کەمال ڕوونی کردەوە، ژنان لە هەموو بوارێکدا زۆر سەرکەوتوون بە تیابەت لە بواری پەرستاریدا، وتی: پێم باشە و هیوادارم نەخۆشخانەکان زیاتر پەرستاری ژن وەربگرن، چونکە پەرستاری ژن نەک لە گریانی منداڵ بەڵکو لە هەناسەکانیشی تێدەگات، نەخۆشخانەی د.جەمال بۆ منداڵان زۆر جیاوازە لە نەخۆشخانکانی تر، چونکە نەخۆشەکانمان منداڵن و تێناگەن کە ئێمە دەمانەوێت چارەسەریان بکەین.

 

باسی لە کارکردنی پەرستارەکان لە نەخۆشخانەدا کرد و وتی: من خۆم کە ١٢ ساڵە گرێبەستم پەرستاری وامان هەیە ٥ ساڵە خۆبەخشە، بەڵام هیچ یارمەتیەکیان نادرێت لە ڕووی دارایەوە و لە ئازاری ئەوان تێدەگەم کە شەو و ڕۆژ کار دەکەن، کارمەندانی خۆبەخش و گرێبەست لە مافدا هیچ مافێکمان نییە، تەنانەت مافی دایکایەتیمان نییە کە ساڵێک و دوو مانگە، بەڵکو چەند مانگێکی کەمە، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە پەرستارەکانمان بێ بەش بن لە دایکایەتی، من وەکو ژنێک نوێنەرایەتی ١٤٠٠ گرێبەستی بەشی تەندروستی و ٢٤ هەزار گرێبەستی هەموو بەشەکانم کردووە و چەندین جار ڕۆشتووینەتە پەرلەمان و لای لایەنە سیاسیەکان، بەڵام بەداخەوە هیچ ئەنجامێکی نەبووە."

 

"هەمیشە وەکو ژنێک لە ڕۆژنامەکاندا داکۆکیم لە مافەکانی ژنان کردووە"

کوێستان کەمال لە پاڵ پیشەی پەرستاریدا، نووسەر و ڕۆژنامەنووسیشە، لە باسی نووسراوەکانیدا دەڵێت: سەرەتا دوو لاپەڕەم دەنووسیەوە، ئێستا نزیکەی ١٨٠ لاپەڕەم نوسیوەتەوە، کە چۆن لە کاتی کۆرۆناکەدا ئێمە چەند بە سەختی کارمان کردوە و چەندین کەسمان بوونە قوربانی، ئامادەم هەموو شتێک بکەم لە پێناو نەخۆشەکاندا، نامیلکەیەکم هەیە بە ناوی دڵی کوردستانەوە، دیوانێکم لە چاپدایە و لەبەر پیشەکەم شیعری زۆرم هەیە لەسەر منداڵان، لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا هەمیشە لە ڕۆژنامەکاندا داکۆکیم لە مافەکانی ژنان کردووە، بۆ سەرکەوتنی ژن هەموو شتێکم کردووە، ژنان بەتوانان لە هەموو بوارێکدا و دەبێت چاونەترس بن و قسەی کۆمەڵگە نەیان وەستێنێت لە کارکردن.