سەرەتای ساڵە و ١٠ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە

حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان تا دێت ڕوو لە زیادبوونە، لە یەک مانگدا ١٠ ژن لە ناوچە جیاجیاکاندا کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، حکومەتیش ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکەی لەسەر خۆی لابردووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵانە ژنان هیوا دەخوازن حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکانی سەر ژنان کەم ببێتەوە، بەڵام بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و چەندین هۆکاری دیکەی چارەسەر نەکراو، بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکان، توندوتیژییەکان نەک کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو شێوازی کوشتن و توندوتیژییەکانیش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و بە شێوازێکی دڕەندانەتر ژنان دەکوژرێن.

 

ئاماری کوشتنی ژنان بە تەنها لە مانگی کانوونی دووەمدا بەم شێوەیە بووە:-

٣ی کانونی دووەم، ژنێکی گەنجی خوێندکاری پۆلی ١٠ی ئامادەیی، لە گەڕەکی گژەبەرانی شاری دهۆک بە خنکاندنی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.

 

هەمان ڕۆژ، لە گەڕەکى سیروانى شارۆچکەی کەلار، بە ڕووداوێکى هاتوچۆ ئۆتۆمبێلێکى جۆرى میتسۆبۆشی بارهەڵگر، لە ژنێک دەدات و برینداری دەکات، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

٥ی کانوونی دووەم، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵان بە ناوی "ئارینا یاقوب"، لە گەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ژنە گەنجەکە فێرخوازی پۆلی نۆی بنەڕەتی بووە، بەهۆی خراپی باری دارایی ماڵەوەیان نەیتوانی بوو بۆ ماوەی دوو مانگ کرێی پاسی خوێندنگەکەی بدات، بەمەش تووشی حاڵەتی دەروونی ببوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

٦ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی موفتیی شاری هەولێر باوکێک کچێکی خۆی بە ناوی "ڕەها" تەمەن ١٥ ساڵ بە دڕندانەترین شێوە کوشت، وەک باسدەکرێت، نینۆکەکانی دەرهێندراوەو ڕووخساری شێوێندراوە پاشان بە پانكەی ماڵەكەیاندا هەڵواسراوە، تا لە کۆتایدا گیانی لەدەستداوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات و پاش چەند ڕۆژێک لەلایەن پۆلیسەوە ده‌ستگیركرا، تاوانبار چەندین جار ئازاری هاوژینەکەی و منداڵەکانی داوە و بەو هۆیەوە سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە، چەند جارێکی دیکە دەستگیرکراوە و بە کەفالەت ئازادکراوە.

 

١١ی کانوونی دووەم، ژنێکی گەنجی خوێندکار، تەمەنی ١٧ ساڵە، بە ناوی "دیلان غەریب" لە شارۆچکەی حاجیاوای سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا و دەوترێت "کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". 

 

١٩ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی تسعینی کەرکوک، ژنێک بەدەستی ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، کوژرا، بکوژ لەلایەن پۆلیسی کەرکوکەوە دەستگیر کراوە، بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسە خەڵکی بەغدا بوون و بە سەردان چوونەتە کەرکوک، بووەتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا پیاوە بکوژەکە هاوژینەکەی کوشتووە، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ و خەڵکی بەغدا و لە نەتەوەی عەرەبە.

 

هەمان ڕۆژ لە شارەدێی تەکیەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی بوتڵی غازەوە، ژنێک بریندار بوو، چەند بەشێکی لاشەی سووتاوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.

 

٢٢ی کانوونی دووەم، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی گەڕەکی ئۆردوگای چۆمانی شارەدێی چوارقوڕنە لە هەرێمی ڕاپەڕین ژنێک گیانی لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە ناوی "ئــ ، مـ ، خـ" و تەمەنى ٢٥ ساڵ بووە، ھۆکاری ئاگرەکەوتنەوەکە بە ھیتەری کارەبایی بووە، لە ئەنجامدا شۆرتى کردووە و ئاگرکەوتووەتەوە.

 

٢٤ی کانوونی دووەم، لە گوندی گربیش-ی سنوری شارۆچکەی ئاکرێ کچ و کوڕێکی گەنج کوژراون. 

 

هەمان ڕۆژ لە گەڕەکی خێلەکێ لە ناوەندی شارۆچکەی بەردەڕەش مامۆستایەکی ژن بەهۆی فشار خستنەسەری لە بابەتی هاوسەرگیری کردن، پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبات، لە ڕێگای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی سووتاوان لە دهۆک گیان لەدەست دەدات.

 

"پێویستە حکومەت هەوڵی تەواوەتی بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی" 

شەدە بەشیر، ڕاگەیاندکار و چالاکوانی ژنان، دەربارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ڕوونیکردەوە، زیادبوونی ئامار و حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هۆکارەکان، ئەمەش پێویستی بە پلانێکی سترایژی نیشتیمانییە، لەلایەن حکومەتەوە، وتی: وەک چالاکوانان و ڕێکخراوەکان تا ئاستێک فشار دروست بکەین و دەنگە ناڕەزایەتییەکان بەرز بکەینەوە، بەڵام حکومەت نەیەت بە دەم داواکانمانەوە تەنها کارەکان لەسەر ئێمە دەبێتە فشارێک و ڕێگەچارەسەری بۆ نادۆزرێتەوە، ئەرکی تەنها ڕێکخراو و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نییە، کار بۆ نەهێشتنی کوشتنی ژنان بکات، بەڵکو پێویستە حکومەت هەوڵی تەواوەتی بدات، ببێتە هاوکارێک بۆ ئەو دامەزراوانەی کار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دەکەن، کار لەسەر ئەو بەیاننامە و داواکاریانە بکات کە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بەرزدەکرێنەوە.

 

"یاساکان جێبەجێناکرێن بۆیە حاڵەتەکان زیاد دەبن"

شەدە بەشیر ئاماژەی بەوەشدا، هۆشیاری توندوتیژی پێویستە بکرێتە وانەیەک لە پڕۆگرامی خوێندندا هەبێت، بۆ ئەوەی تاک هۆشیاربێتەوە، ڕێز لە ئازادی تاک بگرێت، بەڵام لە ئێستای باشووری کوردستان توندوتیژییەکان لەگەڵ زیادبوونیان شێوازەکانیشی گۆڕاوە و دڕندانەتر بووە، یەکێکی دیکە لە کێشەکان نەبوونی یاسایە و جێبەجێنەکردنیەتی، وەک یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، لە ئێستادا زۆرترین کێشەی بە دوایخۆیدا هێناوە، کۆمەڵێک یاسای دیکە هەن بۆیاشییان تێدایە، لەگەڵ بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەدا ناگونجێت بەڵام هەموارناکرێتەوە تا کار لەسەر حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوژییەکان بکرێت.

 

"بە تەنها کاری ڕێکخراوەکان بەس نییە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن"

شەدە بەشیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەردەوامبوونی دۆخی کۆمەڵگە بەم جۆرەی ئێستا، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دۆخی تاک و ژنان بەتایبەت بەرەوخراپتر بچێت، بە پێویستی دەزانێت بۆ چارەسەرکردن جگە لە حکومەت کاری بە کۆمەڵیش لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بکرێت و بە پلان هەوڵی نەهێشتنی توندوتیژییەکان بدرێت.

 

لە کۆتایدا وتی: وەک چالاکوانان بە تەنها ناتوانین کار بکەین، چونکە خودی ژنانی ناو ڕێکخراوەکانیش خۆیان ڕووبەڕووی خێزانەکانیان بوونەتەوە تا بەرگری لە مافی ژنانی تر بکەن، هێرشەکان بۆ سەر ژنانی ڕێکخراوەکان بەردەوام زیاد دەبێت، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە دژی چالاکوانانن، چونکە نایانەوێت ژنان ئازاد بن، بۆیە هەندێک لە ژنانی چالاکوانیش خۆیان دەپاریزن لە قسەی خەڵکی، بۆیە باشترین چارەسەری کاری حکومەت و هۆشیاری پەروەردەییە.