ژنانی گوندنشینی دێرەزور چیغچنیان کردووەتە کەرەستەیەکی کولتووری

ژنانی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور کاری چیغچنی، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییە کولتورییە بەناوبانگەکانی دەوروبەری فورات، دەکەن و کەرەستەی کولتووری لێدروست دەکەن.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزور- ژنانی گوندنشین لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چی‌چنیان کردووە بە کەرەستەیەکی کولتووری و بە شێوەی جۆراوجۆر دروستی دەکەن، جگە لەوە، پیشەکە بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان.

 

چیغچنی بە قامیش دەکرێت کە بۆ دروستکردنی سەبەتە و سینی و ڕاخەر بەکاردێت، جگەلەوە قامیش بۆ دروستکردنی سەقفی خانووی قوڕ بەکاردێت تا قوڕی سەربان و ستونە دارەکان لە یەکتر جیابکاتەوە، هەروەها لەبری دیوار بە چواردەوری خانوودا دادەنرێت.

 

زۆرێک لە ژنانی گوندەکانی دێرەزور تا ئێستاش پیشەی چیغ دروستکردنیان پاراستووە کە لە داپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، پیشەکەش بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزانەکان، سەلالە حەمەد، دانیشتووی شارۆچکەی مەوازین لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور دەڵێت: ئەم پیشەیە لە داپیرەمەوە فێربووم، ئەمڕۆش سەرچاوەی بژێوی ژیانی منە، لە کەناری ڕووباری فورات و دۆڵەکانی نزیکەوە قامیشەکان کۆدەکەمەوە، بەڵام قامیشی ئەمساڵ جۆرەکەی باش نییە، چونکە بەهۆی نەبوونی ئاو و ئاگر کەوتنەوە شکاون و باش دەرنەچوون.

 

سەلالە حەمەد لەبارەی دروستکردنی چیغەکانەوە وتی: ئێمە چینی دەرەوەی قامیشەکە لادەبەین، دوو ستوون دادەنێین، کە بە دووری نزیکەی دوو مەتر و نیو جیا دەکرێنەوە و دەست دەکەین بە دروستکردنیان، ئێمە بەنەکان لەسەر بەردێک دەپێچینەوە کە بەردەکە لە هەردوو لا و بە پێچەوانەوە لەسەر ستوونەکان دەجوڵێت، پاشان بە بەرمیلەکانەوە هەڵیاندەواسین و بەم شێوەیە بەردەوام دەبین لە دروستکردنیان تا تەواو دەبین.

 

سەلالە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بۆ دروستکردنی چیغ دوو ڕۆژی پێویستە سەلالە ڕۆژانە نزیکەی چوار بۆ پێنج مەتر دەچنێت تا تەواو دەبێت لە بەرهەمهێنانی.

 

سەلالە ئەوەشی خستووەتەڕوو، نرخی چیغچنەکان کەمن و ناتوانن بە نرخێکی باش بیفرۆشنەوە، وتیشی: من چیغێکی تەواو بە پێنج بۆ شەش هەزار لیرە دەفرۆشم، ئەمە جگە لەو ماندوێتی و سەختییەی لە کۆکردنەوەی قامیشەکاندا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، و دەستمان تووشی برینی زۆر دەبێت، بەڵام من بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە ناچارم لە کارەکەدا بەردەوام بم.