لەگەڵ پشووی هاوینی خوێندندا كاركردنی منداڵان زیاد دەكات

منداڵان لەکاتی پشووی هاویندا لەبری خول و پەروەردەی گەشەسەندنی خود، دەکەونە ناو بازاڕ و دەست بە کارکردن دەکەن تا بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- لەكاتێكدا دەبێت منداڵان لە سەنتەر و ناوەندەکاندا لەپاڵ خوێندنی قوتابخانەدا فێربکرێن و ئاستی زیرەکیان بەرز بکرێتەوە، هەروەها لە پشووی هاویندا لە ڕێگەی خولی جیاوازی پەروەردەی، وەرزشی و هزری و چەندین لایەنی دیکە هۆشیاریان هەبێت و پەروەردە بکرێن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ تەواوبوونی کاتی خوێندن و هاتنی هاوین منداڵان دەستدەکەن بە کارکردن، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی ئابوری ماڵ و پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان کاردەکەن.

 

"بۆ ئەوەی کار بکەم وام لە خوێندن هێنا"

کاروان زیاد، منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە، قۆناغی سێی سەرەتایی تەواو کردووە، باسی لەوەکرد کە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کاردەکات، دواتر لە کاتژمێر ٢ دەچێتەوە ناو بازاڕ و تا ٦ی ئێوەرە کاردەکات.

 

کاروان دەڵێت: "کار دەکەم چونکە کەسی تر نییە لە ماڵەوە کار بکات و بژێویمان بۆ پەیدا بکات"، كارزان بە حەسرەتەوە وتی: زۆریش حەز لە خوێندن دەکەم، بەڵام لەبەرئەوەی کەس نییە ئیشمان بۆ بکات من وازم لە خوێندن هێناوە، لە کارەکەمدا ڕۆژانە نزیکەی ٨-١٠ هەزار قازانج دەکەم.
 

"لە ماڵەوە ٧ کەسین و من و براکەم کار دەکەین"

ئاریان فازڵی ١٢ ساڵ، لە منداڵییەوە کاری کردووە و وتی: هەر لە تەمەنێکی مناڵییەوە ئیشم کردووە، بیرم نایە چەند ساڵە، بەڵام زۆربەی ئیشەکانم کردووە لە کلێنس فرۆشتن و ئاو فرۆشتن، بنێشت فرۆشتن و چافرۆشتن و هەمووی.

 

ئاریان دەڵێت: لە ماڵەوە ٧ کەسین، خۆم و براکەم ئیش دەکەین، ڕۆژانەی هەر یەکەشمان ٧ هەزار تا ١٠ هەزار پەیدا دەکەین، ناچارین ئیش بکەین، چونکە باوکم مووچەی نییە و لە خانووی کرێداین، ئەگەر باوکم موچەشی هەبێت هەر بەشمان ناکات، بۆیە من و براکەم دوای تەواو بوون لە خوێندن دێینە بازاڕ بۆ ئیشکردن، تاكو هاوكاری باوكم بین لە دابینكردنی خەرجی ڕۆژانەدا، چونكە بازاڕ زۆر گرانە، نامانەوێت هەموو بارگرانییەکە لەسەرشانی باوکم بێت.

 

مستەفا فەراح، تەمەنی ١٠ ساڵە، لە پۆلی چواری سەرەتاییە، بەیانیان لە کاتژمێر ٨ دەچێتە ناو بازار تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، دەڵێت: ڕۆژانەکەم نیوە بە نیوەیە، ئەگەر ١٠ هەزار بفرۆشم، ٥ هەزاری بۆ منە و ئەوی دیکەی بۆ خاوەن دوکانەکە، بەوەش قایلم تا کەمێک خەرجی خۆم لەسەر ماڵەوە کەم بکەمەوە.

 

"عێراق واژۆی لەسەر ڕێککەوتنی مافی منداڵ کردووە"

شیرين مەحمود عەلی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان، سەربارەت بە کارکردنی منداڵان دەڵێت: بەپێی مادەی ٣٢ لە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ کارکردنیان نایاساییە، پێشتر حکومەتی عێراق واژۆی لەسەر دوو ڕێککەوتننامەی جیهانی کردووە، کە بە ژمارە ١٣٨ و ٧١ی ١٩٨٧ ناسراون و تایبەتن بە سنوردارکردنی ئیشپێکردنی منداڵ، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا کە دەرگای قوتابخانەکان دادەخرێن، ڕێژەی کارکردنی منداڵ دەبینرێت لە شەقامەکاندا ڕوو لە زیادبوونە.

 

شیرین مەحمود هۆكاری زیادبوونی كاركردنی منداڵان بۆ بارودۆخی ئابوری دەگەڕێنێتەوە، کە منداڵان ناچارن پەنا بۆ کارکردن دەبەن بۆ بژێوی ژیان، "کارکردن لە ڕووی جەستەیی و دەروونیەوە کاردانەوەی لەسەر مناڵ دەبێت، لەکاتێکدا مناڵ نابێت ئیشی پێبکرێت بۆ بژێوی، تەنها بۆ فێربوون دەتوانرێت لەژێر چاوێری ڕاهێنانی پێبکرێت".

 

شیرین لە درێژەی قسەكانیدا وتی: بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کارکردنی منداڵ، ئەرکی وەزارەتی کارە کە ڕێگری بکات لە ئیش پێکردنی منداڵ، ئەویش بە دابینکردنی بیمە بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان.