ڕەمزی دەسەڵاتداری لە میراتی تەلارسازی ئەوروپادا

لە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپا، چەندین باڵەخانە و مۆنۆمێنت هەیە کە مشتومڕیان لەسەر دەکرێت بۆ لابردنیان چونکە بوونەتە ڕەمزی میراتی تەلارسازی فاشیزمی، وەک ڕەنگدانەوەی بیری سیاسی فاشیزمی دەسەڵاتدارەکان لە کاتی جەنگی جیهانیدا لێی دەڕوانرێت.

بێریڤان کەمال

 

شێوازی فاشیستی تەلارسازی ڕەنگدانەوەی بەهاکانی فاشیزمیە، وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە گەشەی کردووە و بووە لقێکی تەلارسازیی نوێخواز، شێوازی فاشیستی ئیتالیش لە ساڵانی ١٩٢٠کاندا بەجوڵانەوەی ڕێنینساسەکان لە ئیتاڵیا کاریگەر بوو کە تەلارسازیان وەک ڕێبازێک و بنیاتنانێکی عەقڵانی دەبینی.

 

سەرەتاکانی مێژووی ڕێنێسانس وەک بزاڤێک لە ساڵەکانی ١٣٠٠ لە ئیتالیا دەستیپێکرد و لە ماوەی ٣٠٠ ساڵدا لە سەرتاسەری ئەورووپا بڵاو بووەوە، کە بناغەکانی ئابووری، سیاسی، ھونەری و زانستی ئێستای ڕۆژئاوای سەرلەنوێ داڕشتەوە، بە چەشنێکی دیکە سەیری جیھانیان دەکرد و بیرکاری و لۆژیک جێگەی بەها و بیروباوەڕە ئاینییەکانی گرتەوە و لە کۆمەڵگەدا داماڵران.

بێنیتۆ موسۆلینی و ئادۆلف هیتلەر ستایلی نوێیان لە تەلارسازی جێبەجێکرد، بەدرێژایی وڵاتانی ئەوروپا چەندین باڵەخانە و مۆنۆمێنت هەیە کە مشتومڕیان لەسەر دەکرێت بۆ لابردنیان، چەندین تایبەتمەندییان تیادایە وەک زەبەلاحی بیناکان، پایە بەرزەکانی، ئەو هێما و نەخشانەی لەسەری هەڵکۆڵدراوە کە هزری دەسەڵاتداری و کاریزما بوونی سیاسییەکان نیشاندەدات، تێڕوانینی ئەرێنی بۆ جەنگ و توندوتیژیەکان دروستدەکات و ڕەمزی میراتی تەلارسازی فاشیزمی تیادا بەرجەستە بووە.

 

بەشێک لە تەلارسازی ئیتاڵیا، کە وەک ڕەمزی فاشیستی سەیر دەکرێت

بۆلزانۆ، شارێکە لە پارێزگای تیرۆل لە باکووری ئیتالیا، لە دۆڵێکدایە هاوتا لەگەڵ گردە سەوزە بەرزەکان کە بە قەڵا و تەوێڵ و کڵێساکان داپۆشراوە، خانووەکانی شارەکە ڕەنگی پاستێلن، کۆڵانەکانی تەسکن و تیایدا چەندین مەیخانە بەدیدەکرێت، بەڵام لە کەناری ڕۆژئاوای شارۆچکەکە لە ڕووباری تەلفەر بپەڕێتەوە، چیرۆکێکی جیاوازتر دەبینیت کە شەقامە جوانەکان جێگەی دەگرنەوە لەگەڵ بینا ڕەنگ خۆڵەمێشییەکان.

 

تەلارسازی شارەکە هێڵی و ڕێکخراو و یەک ڕەنگە بە درێژای شەقامەکان، سیمایەکی دەسەڵاتداری و زاڵی هەیە لەگەڵ شێوازی "پۆرتیکۆ" کە پێکدێت لە سەقفێک کە بە پایە چوارگۆشە بەرزەکانەوە پشتگیری دەکرێت، کەوانێکی لوولەی کە بە درێژایی شەقامەکەیە."

 

 یەکەم: ئۆفیسی باجی شارەکە، بلۆکێکی خۆڵەمێشی زەبەلاح و گەورەیە کە بەرزکراوەتەوە و ڕازێنراوەتە بە نەخشی هەڵکۆڵدراو لەسەر بەردەکان کە چیرۆک و مێژوویەک دەگێڕێتەوە، ئەویش سەرهەڵدانی ناجێگیرانەی فاشیزمی ئیتاڵیە کە وێناکردنی داگیرکردنەکانە لە ئەفریقا، لە ناوەڕاستیدا وێنەی مۆسۆلینی لەسەر ئەسپێک هەیە کە بە قۆڵی ڕاستی سڵاوێکی ڕۆمانیانە دەکات و ئەم باڵەخانەیە نیشاندەری هێز، دەسەڵاتداری و داگیرکارییە و وەک نمونەیەکی تەلارسازی فاشیزم دادەنرێت.

 

دووەمیان: مۆنۆمێنتی سەرکەوتنی بۆلزانۆ، کەوانێکی سەرسورهێنەرە کە لە مەڕمەری سپی دروستکراوە، کە پایەکان لەسەر شێوەی "تیغزی تەورێک" هەڵکۆڵدراوە و نەخشێندراوە کە بۆ ڕۆمای کۆن بنچینەیەکی هەبووە و نیشاندانی هێز بووە وەک هێمایەک بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فاشیستی.

بە ڕەنگە سپیەکەی لە دەرەوەی باڵەخانە خۆڵەمێشیەکان و دارە سەوزەکان کە دەوریانداوە وەک سەراب و ڕووناکییەک دەردەکەوێت و نووسراوێک بە لاتینی لەسەری نووسراوە "لەم سنوورەوە لە نیشتیمانی باوک ئەوانی دیکە فێری زمان و کلتوور و یاساکان دەکەین"، لەلایەن مێژوونووسان بە یەکەم مۆنۆمێنتی فاشیستی وەسفکراوە کە لە ساڵی ١٩٢٨ دروستکراوە، بە پەرژینێکی بەرز و کانزایی دەورە دراوە و خاڵێکی کۆبوونەوە بووە بۆ ناڕەزایەتی و رێپێوانەکانی هاوڵاتیان و چەندین جار کراوەتە ئامانج بۆ تەقاندنەوە.

 

مێژوویەک لە شاری بۆلزانۆ، لە نێوان ئەڵمانیا و ئیتاڵیا

بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم، بۆلزانۆ بە ناوێکی دیکەوە ناسراوە " بۆزن- کە ناوێکی ئەڵمانی بووە" گەورەترین شار بووە لە تیرۆلی باشوور و پارێزگایەکی شاخاوی بوو لە ناو ئیمپراتۆریەتی ئۆسترۆ-هەنگاریا، هەردوو شار و پارێزگاکە ڕێژەی زۆری بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد، بەڵام لە کۆنفرانسی ئاشتی ساڵی ١٩١٩دا بە زەمینەی ئەمنی پێشکەش بە ئیتاڵیاکران.

 

تیرۆلی باشوور سنوورێکی سروشتی باکووری بۆ ئیتالیا دابین دەکات، وەک شارۆچکەیەکی سنووریی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی نا ئیتاڵیە، لە ژێر دەسەڵاتی مۆسۆلینی سیاسەتی بە ئیتاڵیکردنیان بەسەردا سەپێندرا و ناوی شوێنەکان گۆڕدرا، دامەزراوە کلتورییەکانی تیرۆلیان داخست و زمانی ئەڵمانی لە ٪٩٠ ی پارێزگاکە بە شێوەیەکی کاریگەر قەدەغە کرا.

چەندین شێوازی نوێ لە شارەکەدا گیرانەبەر گەڕەکێکی گەورە بۆ شارە نوێیەکە دروستکرا و ناوچەیەکی پیشەسازی لە بۆلزانۆ دروستکرا و هەزاران ئیتالی هێندران بۆ نیشتەجێبوون، لە شارۆچکە نوێیەکە چەندین مۆنۆمێنت و بینا بە سیمای هێز و دەسەڵاتدارییەوە بۆ "شکۆی" فاشیزمی تەرخانکرا.

 

دوای جەنگ حکومەتی ئیتاڵی هەوڵیدا بە بەخشینی ئاستێکی بەرزی ئۆتۆنۆمی بە دانیشتوانی تیرۆلی باشوور کە لە سیاسەتی فاشیستیی دەربچێت و مافی نەتەوەی و زمانەوانی هاوڵاتیان ڕێزی لێبگیرێت و لە ٪٩٠ داهاتی باج لە ناو هەرێمدا بمێنێتەوە، دیمەنی شوێنەوارە فاشیستەکان بە سەرچاوەی ململانێ و مشتومڕ مایەوە، بۆ هاوڵاتیانی ئەڵمانی هێمایەک بوون بۆ پرۆسەی فاشیستیی بە ئیتالیزەکردن کە هەوڵی لەناوبردنی کلتور و زمانەکەیانی داوە و دەیانویست مۆنۆمێنتەکان بڕوخێنن.

 

 ئەم دوو بینایە وەک خاڵێکی کۆبوونەوە بۆ رێپێوانەکانی ڕکابەری نێوان گرووپە دوورەکانی ئیتاڵی و ئەڵمانی بەکار دەهێنران، لەکۆتایدا ناکۆکییەکان گۆڕدران بۆ گفتۆکردنی هاوبەش، ئیتالیا تاکە وڵاتێک نییە کە لەگەڵ میراتی تەلارسازیی سەردەمی فاشییەتی خۆیدا تێدەکۆشێت، لە ئیسپانیا مۆنۆمێنتە فاشیستەکانی سەردەمی فرانکۆ تا ساڵی ٢٠٠٧ وەک خۆی مانەوە، کاتێک چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ لابردنیان دابین کررا دواین پەیکەری گشتی فرانکۆ لە شوباتی ساڵی ٢٠٢١ لابردرا و ئەو هەنگاوەی لەلایەن گەورەترین پارتی سیاسی ئیسپانیاوە دژایەتی کرا.

 

ت.پ