"بەخێوکردنی پشیلە خولیای منداڵیم بووە "

ژنێکی گەنج شەڵتەرێکی تایبەت بەمانەوە و چاودێریکردنی ئەو پشیلانە کردووەتەوە کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەیە یاخود بەشێک لە ئەندامی جەستەیان لەدەستداوە و بێلانەن، لە ئێستادا ١٩ پشیلە لەو شەڵتەرەدا دەمێننەوە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- بانو بەکر، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانیە و لە منداڵییەوە خولیای بەخێوکردنی پشیلەی هەبووە، خۆشەویستی زۆری بۆ پشیلە دەبێتە پاڵنەرێک کە شەڵتەرێک بۆ مانەوەی ئەو پشیلانە دابمەزرێنێت کە نەخۆشن، یاخود ئەندامێکی جەستەیان لە دەستداوە و پێویستیان بە شوێنی مانەوە و چارەسەری پزیشکی هەیە.

 

بانو بەکر و چەند هاوڕێیەکی لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١ دەستیان بە پلاندانانی پڕۆژەکە کردووە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستیان بە وەرگرتنی پشیلە کردووە، تیمەکە پێکهاتوون لە چەند پزیشک و خۆبەخشێک کە خەمخۆری ئاژەڵانن و رۆژانە چاودێری پشیلەکان دەکەن.

 

شەڵتەرەکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە نزیکەیی ١٠٠ پشیلەی وەرگرتووە کە بەشێکیان چارەسەری پێویستیان بۆکراوە و ڕۆشتوون، هەندێکی دیکەشیان بەهۆی ئەوەی ناتوانن لە دەرەوە بژین و پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن هەیە تا ئێستا لە شەڵتەرەکەدا ماونەتەوە و لە ئێستادا ١٩ پشیلەی تیادایە کە ڕۆژانە ئەم ژمارەیە کەم و زیاد دەکات.

 

" بەخێوکردنی پشیلە خولیای منداڵیم بووە "

دەربارەی هۆکاری دامەزراندنی شەڵتەرەکە بانو بەکر وتی: "لە منداڵییەوە خولیای بەخێوکردنی پشیلەم هەبوو بەڵام دایکم ڕێگەی پێنەدەدام لە ماڵەوە بەخێوی بکەم، کاتێک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنەی پشیلەیەکی نەخۆش بڵاوکرایەوە بڕیارمدا بیبەمە ماڵەوە و بەخێوی بکەم وە دواتر پشیلەیەکی دیکەم دۆزییەوە کە لە دۆخێکی خراپدا بوو و قاچی دواوەی شەلەل بوو بردمە ئۆفیسەکەم بەڵام دواتر هەستم کرد کە ناتوانێت بەردەوام لە ئۆفیسەکەدا بمێنێتەوە و پێویستی بە شوێنێکی مانەوەی جێگیر هەیە بۆیە بڕیارمدا شەڵتەرێکی تایبەت بە پشیلە دابمەزرێنم."

 

سەرباری ئەوەی دامەزراندنی شەڵتەرێک پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و دابینکردنی شوێنێکی گونجاو هەیە، بەڵام خەمخۆری بانو بەکر بۆ پشیلەکان وایکردووە کە هەوڵبدات بە هاوکاری چەند کەس و لایەنێک شوێنێکی گونجاو بۆ پشیلەکان لەگەڵ پێداویستی تایبەت بە شەڵتەرەکە دابینبکات.

 

"پشیلەکان لە دەرەوە بێ زیانن"

بانو بەکر باسی لەوەکرد کە پێویستە هەموو کەسێک بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ پشیلەکان بکات چونکە ئەوان بێ زیانن بۆ کۆمەڵگە: " پشیلەکان لە دەرەوە کێشەیان بۆ خەڵك نیە و بێزیانن، پشیلە کە ماڵی بوو خەڵکی خۆشدەوێت و تێکەڵیان دەبێت، دەربارەی مامەڵەی کۆمەڵگە بۆ ئاژەڵان وتی: "دوو جۆر مامەڵەکردن بەدیدەکرێت مرۆڤایەتی بوونێکی زۆر دەبیندرێت کاتێک کە پشیلەیەکی نەخۆش دەبینن لەسەرشەقام دەیانهێنن و چارەسەرییان بۆ دەکەن، لە هەمانکاتدا نامرۆڤایەتی بوونیش بە هەمان شێوە دەبینرێت."

 

"خەمخۆری بۆ ئاژەڵان ئەرکی هەموومانە "

ئەو ژنە گەنجە ئاژەڵدۆستە باسی لەوەکرد دەبێت هەموان بێجیاوازی خەمخۆری ئاژەڵاکان بن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و وتی: "کاتێک پشیلەیەک دەبینین لە دۆخێکی خراپدایە نابێت تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەکانیان بڵاو بکەنەوە و چاوەڕێ بن کەسێکی دیکە هاوکاریان بکات بەڵکو ئەوە ئەرکی هەموومانە دەبێت ئەوەی لەدەستمان دێت بۆیان ئەنجامبدەین."

 

هەروەها بانو ئاماژەی بەوەدا لە خۆ گرتنی پشیلە بەرپرسیاریەتیەکی گەورەیە و وتی: "دەبێت لە کاتی بڕیاردانی لە خۆگرتنی پشیلەیەک بە وردی بیری لێبکرێتەوە و ڕەزامەندی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ وەربگیرێت چونکە کاتێک پشیلەیەک ماڵی دەبێت و لەگەڵ خێزانێکدا ڕادێت دواتر ناتوانێت لەسەر شەقام بژی و بێلانە دەبێت و ڕووبەڕووی مەترسی و ئازاردان دەبێتەوە."

 

ت.پ