ئەڤین جومعە: ئاوارەکان بەهۆی هێرشەكانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، پێداچوونەوەی بە پێشهاتەكانی دۆخی جەنگ و هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاوارەکان كرد.
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە هەڕەشە و هێرشەکانی هەڕەشە لە ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات. ئەمجارە ناوچەکانی وەک تل ڕەفعەت و مەنبجی کردووەتە ئامانج، هەرچەندە پێشتر ناوچەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی داگیرکردووە و هەوڵدەدات شوێنەکانی دیکەش داگیر بکات. ئەو ناوچانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاەوە کراونەتە ئامانج، زیاتر ئاوارەکانی عەفرین تیایدا نیشتەجێن و ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە. دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشانە دەیەوێت جارێکی دیکە ئاوارەکان ناچار بکات بەرەو شوێنێکی دیکە ئاوارە ببن و ناوچەی نوێ بخاتە ناو پلانی داگیرکارییەکەیانەوە.
"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ئاوارەکان دروستکردووە"
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، باسی لە سەختیەكانی ئاوارەیی و مەترسی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ئاوارەکان كرد و وتی: ماوەیەكە دەوڵەتی توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەردەوامن لە هەڕەشەكردن لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجامی ئەم هێرشانە و کاریگەرییە نەرێنیەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی دەرکەوتن کە ئاوارەبوونی زۆرەملێی لە ناوچەکەدا هێنایە ئاراوە، ئەو ئاوارانە لە ژیانێکی زۆر سەختدا دەژین، بەتایبەتی لە سوریا کە زیاتر لە ١٠ ساڵە قەیرانی شەڕ دروستبووە، بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە دەروون و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بەتایبەت لە کامپەکاندا بە دژواری تێدەپەڕێت، هاوکاری مرۆیی ناگاتە دەستیان و تا ئێستا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک کامپی فەرمی پەنابەران نەناسێنراون و هیچ هاوکارییەکیان پێشکەش ناکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرەی مافی مرۆڤ، دەربارەی دۆخی تەندروستی ئاوارەکان خستیەڕوو کە ئاوارەی کامپەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەرێمەکانی جەزیرە، ڕەققە ومەنبەج هیچ هاوکارییەکیان پێشکەش ناکرێت، کەمپەکانی دیکەی وەک کەمپی ڕۆژ و هۆل لەلایەن بنەماڵەکانی داعشەوە مەترسییەکی گەورەیان لەسەر ناوچەکە دروستکردووە و هێرشەکانی ئێستاش دەرفەتیان پێدەبەخشێت کە خۆیان زیندوو بکەنەوە و شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا دەستپێبکەن.
"پێویستە ڕێگری بکرێت لە هێرشکردنە سەر ئاوارەکان"
ئەڤین جومعە داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ئەرکی خۆیان لەبارەی پاراستنی ئاوارەکان لە هێرش و شەڕەکان بەجێبهێنن و لە کۆتایدا وتی: وەک کۆمەڵەیەکی مافی مرۆڤ، بانگەوازێکمان بۆ هەموو ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، بۆ ئەوەی ئاوارەکردنی زۆرەملێ بوەستێت و خەڵک بتوانن بە سەلامەتی لە خاکەکەیاندا بژین، چونكه ئهگهر دۆخهكه بهم شێوهیه بهردهوام بێت ئهوا دهرئهنجامی زۆر خراپی لێدهكەوێتەوە.