لە ماوەی ١٠ ساڵدا هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق زیادی کردووە

داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان باسیان لە زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کرد و دەڵێن: پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ گۆڕینی زهنیەت بەدەر لە یاساکان.

ئینتیسار ئەلمەیالی

 

عێراق- لە عێراق، هاوسەرگیری منداڵان لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە هەرچەندە بەپێی یاسای عێراقی، تەمەنی هاوسەرگیری ١٨ ساڵە،  بەڵام بە مۆڵەتی دادگا، ئەم تەمەنە دەتوانرێت کەمبکرێتەوە بۆ ١٥ ساڵ، پارێزەرانی مافەکانی ژنان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنەماکانی یاسایی بەس نین بۆ هۆشیاری کۆمەڵایەتی و تیشک دەخەنە سەر گرنگی کارکردن بۆ گۆڕینی زهنیەت.

 

"سەرەڕای دیاریکردنی ١٨ ساڵی بۆ هاوسەرگیری، بە مۆلەت کەمدەکرێتەوە بۆ تەمەنی ١٥ ساڵی"

ئەمەل کەباشی، بەڕێوەبەری چالاکییەکانی تۆڕی ژنانی عێراق وتی: هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا یان هاوسەرگیری منداڵانی کچ دیاردەیەکی بەربڵاوە لە عێراقدا، هاوسەرگیری لە منداڵیدا کردارێکە کە کچان لە خوێندن و چێژی منداڵی بێبەش دەکات، بەپێی یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ژنان و پیاوان ١٨ ساڵە. بەڵام بەپێی فەرمانی دادگا، ئەو کەسانەی تەمەنی ١٥ ساڵییان تەواو کردووە ڕێگەیان پێدەدرێت بۆ هاوسەرگیری، بە بڕوای من ئەم دیاردەیە هێشتا کردارێکی کۆمەڵایەتییە کە لە یاسا تێدەپەڕێت بەهۆی خراپی جێبەجێکردنەوە.

 

"پێویستە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر"

هیام ڕەشید، ڕاوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند هاوسەرگیری لە بنەڕەتدا پەیوەندی هەیە بە تێگەیشتن و ئاشتەوایی و بەرپرسیارێتییەوە. کەواتە تێگەیشتن دەبێت مەرجێکی بنەڕەتی بێت بۆ هەردوولا، بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر منداڵ و گەنج بن؟ هیچ دەقێکی یاسایی نییە کە ڕێگری لە هاوسەرگیری بچووک بکات، بەڵام ڕێوشوێنی ڕێگریکردن دەکرێت، گرنگترین شت تێگەیشتن و فێرکردنە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆڵیان هەیە لە ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری منداڵان، بەڵام لە لایەکی ترەوە هیچ یاسایەک لەو بارەیەوە نییە، بۆیە پێویستە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان بدەن.

 

"هاوسەرگیری منداڵان کاریگەری نەرێنی هەیە"

ڤیان شێخ عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی تەمووز وتی: هاوسەرگیری منداڵانی کچ لە هەندێک ناوچەدا ڕوودەدات، نەبوونی پەروەردە لە زیادبوونی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا ئاشکرا دەبێت، دیاردەیەکی مەترسیدارو بەربڵاو هەیە لە گوندەکان و پارێزگاکانی باشوور و ڕۆژئاوا و دەرەوەی ناوەندی شارەکە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم حاڵەتانەی هاوسەرگیری منداڵانی کچ بە شێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە هۆشیاری خێزانەکان و گرنگی بەردەوامبوونی خوێندنی کچانەوە.

 

"لە گوندەکان هاوسەرگیری منداڵان زیاترە"

مەروا عەبدولڕەزا، پارێزەر و چالاکوان وتی: ئەم دیاردەیە تا لە شارەکان دوور بکەویتەوە زیاتر دەبێت نەک تەنها کچان، بەڵکو کوڕانیش ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبنەوە، بەڵام بارودۆخی کچان جیاوازە، لەبەر ئەوەی دووگیانی لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە لە تەمەنێکی زوودا، دوو کێشەمان هەیە لە هاوسەرگیری لە ڕووی یاساییەوە. یەکەم، یاسای عێراقی ڕێگە بە هاوسەرگیری دەدات دوای تەمەنی ١٨ ساڵی، بەڵام هەروەها دەتوانن هاوسەرگیری بکەن لە خوار تەمەنی ١٨  ساڵی ئەگەر دادوەر لەسەر داوای خێزانەکە ڕەزامەندی بدات، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی هاوسەرگیری ئاینییە، لێرەدا یاسا سزای ژنەکە دەدات نەک پیاوەکە، لەبەر ئەوەی یاسای عێراقی ئەمە بە تاوان دادەنێت و هەموو لایەنەکانی گرێبەستەکە سزا دەدرێن بەهۆی ئەو تاوانەی بە دەستی ئەوان ئەنجام دراوە.

 

"پێشگیری یاسایی هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت"

پزیشک عەواتیف مستەفا، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەقوا لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق وتی: هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق بووەتە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار بۆ کچان، ٩٨%ی هاوسەرگیری منداڵان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، بە شکست کۆتایی پێهاتووە، پێشگیری یاسایی هەیە بەڵام جێبەجێ ناکرێت، چونکه زۆربەی هاوسەرگیرییەکان لە دەرەوەی دادگا جیبەجێ دەکرێن، پێویستە هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بە ڕێوشوێنەکانی حکومەت ڕابگیرێت و بە تاوان دابندرێت و ئەو هاوسەرگیرییانەی لە دەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێن سزایان بەسەردا بسەپێندرێت، جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویستە ئاستی ژیانی خێزانە عێراقییەکان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، باشتر بکرێت، چونکە هەژاری هۆکاری سەرەکی هاوسەرگیری گەنجانە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا عەواتف مستەفا وتی: هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئایینییەو بۆ گەنجان بەبێ سنوور ئەنجام دەدرێت، ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی ئەم هاوسەرگیرییەوە لەدایک دەبن، بەهۆی هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی باوک و یان جیابوونەوە ناسنامە و بنەڕەتی خۆیان ون دەکەن، پێویستە ژنان لە نێوان مافە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانیاندا جیاوازی بکەن، هۆشداری لەبارەی مەترسییەکانی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا دەدرێت پێویستە لە ڕاوێژکاری پزیشکی و توێژەری کۆمەڵایەتی داوای یارمەتی بکرێت، پێویستە ئەکادیمییەکان و چالاکوانان لێکۆڵینەوە لە مەترسییەکانی هاوسەرگیری بکەن لە تەمەنێکی زوودا و ڕاپۆرت ئامادە بکەن و لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە بڵاویان بکەنەوە، هەروەها پیاوانی ئایینی و گەورەکانی هۆزەکانیش لەم پرۆسەیەدا کاریگەری گەورەیان دەبێت و پێویستە بەشداری لە پرۆسەی بەرزکردنەوەی هۆشیاریدا بکەن بۆ پێکهێنانی هاوبەشێتییەکی یەکگرتوو کە کاریگەری لەسەر داهاتوو دەبێت، یەکەم جار لە خێزان و پاشان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.