"هیوادارین شارەوانی ببێتە هێزی چارەسەرکردنی کێشەکان"

ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی تل ڕەفعەتی کانتۆنی شەهبا، داواکارییەکانیان بۆ هاوسەرۆکی شارەوانییەکان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەکرد، دەیانەوێت و هیواخوازن کە هاوسەرۆکی شارەوانییە نوێیەکان ببنە هێزی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١١ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی پێشهەڵبژاردنی کۆنگرەی ستارو پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە بەڕێوەچوو، کە تیایدا کاندیدەکانی هاوسەرۆکی شارەوانی بۆ یەکەم جار هەڵبژێردران، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام دەدرێت و گەل دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن کە هەڵبژێردراون، سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی تل ڕەفعەتی شەهبا، داواکاری و هیوای خۆیان بۆ شارەوانییە دیموکراتیکەکان دەربڕی.

 

"هیوادارین کێشەکانی گەل چارەسەر بکرێن"

شەمشیران عومەر خواستی خۆی بۆ کاری شارەوانی دەربڕی و وتی: دەنگمان بە کاندیدەکان دا بۆ باشترکردنی کارەکانیان و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانمان، ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شارەوانییەکان ئەوەیە کە پێداویستییەکانی گەلەکەیان دابین بکەن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن، پێویستە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خۆیان بەهێز بکەن و کێشەکانی گەل چارەسەر بکەن، داوا لەو کەسانە دەکەین کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو دەبن، خاوەنداری لە ئەرک و کارەکانیان بکەن، بەزۆری ڕووبەڕووی بەربەست دەبینەوە لە بەرامبەر کێشەکانی ڕێگاکان، هەروەها کێشەمان هەیە لە بواری ئاودا، هیوادارین ئەم کێشەیە بە خێرایی چارەسەر بکرێت و یەکسانی لە نێوان گەلدا بەرقەراربێت.

 

"شارەوانییەکان ببنە هێزی چارەسەری کێشەکان"

لەیلا سیدۆ تیشکی خستە سەر گرنگی ڕۆڵی ژنان لە شارەوانییەکاندا و وتی: وەک ژنان، ئێمە ڕووبەڕووی زۆرترین زەحمەتی کۆمەڵگە دەبینەوە، بۆیە بوونی ژنان لە شارەوانییەکاندا گرنگە، چونکە شارەوانی زۆرترین بایەخ بە کێشەکانی گەل دەدات و بنەمای کۆمەڵگەیە، هەروەها پێویستە بەهێزکردنی ڕێکخراوی ژنان لە ناو شارەوانییەکاندا زیاد بکرێت، هیوا و داواکاریمان بۆ دەستنیشانکردنی هاوسه رۆکی نوێی شارەوانیەکان یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوەو ببنە هێزی چارەسەری کێشەکان.

 

"هیوادارین شارەوانییەکی دیموکراتیک دامەزرێنرێت"

بنەفش عومەر هیوای خۆی بۆ شارەوانییە دیموکراتیکەکان دەربڕی و وتی: بەزۆری لە کێشەی ئاودا دەژین بەهۆی گەمارۆ و هێرشەوە و بەگوێرەی دەرفەتەکانی ئێستا، داوا لە شارەوانییەکان دەکەین ببنە هێز بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و پێداویستییەکانی گەل دابین بکەن، هەروەها لە بواری پاک و خاوێنیدا بەهێز بن، ئێمە بەرەو وەرزی هاوین دەڕۆین و ئەم وەرزە کرم و مێرووەکان زیاد دەبن، پێویستە دەرمانەکان دابەش بکرێن بۆ ئەوەی نەخۆشی بڵاو نەبیتەوە، هیوادارین کە شارەوانییەکی دیموکراتیکی نوێ دابمەزرێنرێت و لە خزمەتی گەلدا بێت.