"مێژووی کورد پڕ لە کارەساتە و ئەنفال یەکێکیەتی"
دیمەن محەمەد، لێپسراوی ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال دەڵێت: ئێمە وەک ژنان هەمیشە لە هەوڵداین چیرۆکەکان وەک خۆیان بگێڕینەوە و تۆماریان بکەین تا بۆ مێژوو بمێنێتەوە.
نیهایەت ئەحمەد
سلێمانی- لە ساڵی ١٩٦٨دا ڕژێمی بەعس لە عێراق دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕژێمی بەعس چەوساندنەوە و لەناوبردنی گەلی کوردی دەکردە ناو پەیڕەوی دەسەڵاتەکەیەوە، هەرچەندە گەلی کوردستان لە باشووری کوردستاندا بەبێ ویستی خۆی بە عێراقی عەرەبییەوە لکێنراوە، بەڵام هەمیشە وەك نەتەوەیەکی زیندوو لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراقدا ڕۆڵ و بەشداریی هەبووە و دۆخی ئەو وڵاتە بە گشتی کاریگەری لەسەری هەبووە.
ئەگەرچی ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکان لە ئینگلیزەوە تا پاشایەتی و عەبدولسەلام عارف و ...هتد نادادپەروەر بوون بەرامبەر خواستە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و سەرکوتیان کردووە، بەڵام هاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسییەکان بە کودەتای ١٩٦٨ هەموو ئەوانی تێپەڕاند و کوردی وەک دوژمنی پلەیەک لە ئەجێندای خۆیدا جێکردەوە و لە ڕۆژەکانی سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتییەوە ڕووخاندنیان، سەرانی بەعس بە چەندین شێواز کاریان بۆ لەناوبردن و سڕينەوەی ناسنامە و کولتووری گەلی کورد کردووە، کە ئەو پڕۆسەی سڕینەوەیە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٨ گەیشتە لوتکەی شۆڤێنیزم و فاشیزم.
پڕۆسەی ئەنفال بێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو، پیر و گەنج، ژن و منداڵ ئەنجامدرا، بەڵام بەرکەوتە و زەرەرمەندی یەکەم و سەرەکی ژنان بوون، یادی ئەنفال چەندە برینێكە لە جەستەی کورددا، دەیان هێندەش پەڵەیەکی ڕەشە بە تەوێڵی ڕژێمی بەعس و هاوکارەکانییەوە.
"پێویستە کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال بکرێت"
دیمەن محەمەد، لێپسراوی ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال، باسی لە دەستپێکی ئەنفال کرد کە لە ٢٤ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تاوەکو مانگی ٩ی هەمان ساڵ بەدەوام بوو، وتیشی: لە مێژوودا تاوانێکی زۆر گەورەیە، ئەنفال نازانرێت چۆن پێناسە بکرێت، ساڵانێکی دوور و درێژ هەوڵدراوە کە تاوانی ئەنفال بە جینۆسایدی جیهان بناسێنرێت و بە دیکۆمێنتاری بکرێت، بەڵام نەمانتوانیوە وەک پێویست جینۆسایدی ئەنفال بە جیهان بناسێنین، کورد مێژوویەکی پڕ کارەساتی هەیە، پێویستە هەوڵ بدرێت زۆرترین کار لەسەر ئەنفال بکرێت و چاوەڕێی وڵاتی تر نەکەین، چونکە تاوانی ئەنفال تەنیا لە خاپوور کردنی گوند و شار و کۆمەڵکوژیدا خۆی نەبینیوەتەوە، بەڵکو کاریگەری زۆری لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابوورییەوە لەدوای خۆی بە جێهێشتووە.
دیمەن محەمەد باسی لەوەشکرد، کە بەشێكی ژنان و پیاوان هەڵگری خەمی ئەنفالن و هەمیشە چاو پڕ لە فرمێسکن، چونکە هەمیشە لە چاوەڕوانی کەسوکاریان دان، وتیشی: پێویستە زانکۆ و پەیمانگاکان بە گرنگیەوە بڕواننە کارەساتە خەمناکەکانی کورد و بکرێتە ناو خوێندنەوە، تا زۆرترین دیکۆمێنتاری لەسەر کەسوکاری ئەنفال بکرێت و زۆرترین چیرۆکە ونبووەکان بنووسرێتەوە، بۆ ئەوەی نەوە لەدوای نەوە کارەساتەکانی بەسەر کورددا هاتووە بگێردرێنەوە و بکرێنە سیمبولی بەهێزکردنی ئیرادەی گەنج و ڕێگەی ئازادی بگرنە بەر.
"ژنان بەرکەوتەی یەکەمی کارەساتەکانن"
دیمەن محەمەد، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ژنان کرد کە هەمیشە دەبنە بەرکەوتەی یەکەمی کارەسات و ڕووداوەکانی بەسەر گەلی کورددا هاتووە و وتی: ژنانی کورد لە دوای ئەنفالی ١٩٨٨ بە دەستی ڕژێمی بەعسی فاشیزم، هەموو ناخۆشییەک بەسەر ژنانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکاندا هاتووە، لایەنی دەروونیان ناجێگیرە و کاریگەری تەواو لەسەر ژیانیان دروستبووە، هەمیشە جلی ڕەش دەپۆشن وەک وەفایەک بۆ قوربانیانی کارەساتی ئەنفال و سەڕەڕای هەموو ئەمانە، ژنانی کورد لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و دەستپێکردنەوەی ژیاندا ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە، تاکو ئێستاش لە پاڵ خەمێکی قوڵ و گێڕانەی چیرۆکە خەمناکەکانیان بەردەوام لە بەرەوپێشبردنی گوزەرانیان دان و هەوڵی دروستکردنەوەی ژیانێکی نوێ دەدەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە گوندەکاندا سەدان چیرۆکی کارەساتباری ژنان بوونی هەیە و گوندەکان زۆرترین قوربانییان داوە، وتیشی: ئێمە وەک ژنان هەمیشە لە هەوڵداین چیرۆکەکان وەک خۆیان بگێڕینەوە و تۆماریان بکەین، دەبێت کار لەسەر ئەنفال بکرێت، وەک ژنێک ڕێکخراوێکمان دامەزراندووە بە ناوی "چیرۆکەکانی ئەنفال" و هەوڵ دەدەین زۆرترین چیرۆک تۆمار بکەین.
لە کۆتایدا دیمەن محەمەد داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی جینۆسایدی ئەنفال و خوێندکارانی پەیمانگاکان و زانکۆکان دەکات، گرنگی بدەن بە ئەو تاوانەی بەرامبەر بە کورد کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین بابەت و سیمنیار لەناو زانکۆکاندا پێشکەش بکەن.