سەما محەمەد: پێویستە ژنان لە هەموو بوارێکدا بوونی خۆیان بسەلمێنن
سەما محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان باسی لەوەکرد، پێویستە ژنان هەموو ڕۆژێک بکەنە خاڵی وەرچەرخان و لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت، هێز و بوونی خۆیان بسەلمێنن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- پێگە و بەشداری ژنان لە کایەکانی ژیاندا، هەنگاوی بەدیهێنانی ئاشتی و ئازادی و ئاواکردنی ژیانێکی هاوسەنگە بۆ هەردوو ڕەگەز، ئەگەرچی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بە سیاسەتە جیاوازەکانی خوازیاری دوورخستنەوەی ژنانە، بەڵام تێکۆشانی سەدان ساڵەی ژنان بەرەنگاری ئەو ئەقڵییەتە بووەتەوە و بەردەوام ژنان دەیانەوێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداری بکەن، ئەمساڵ لە درێژەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ژنانی جیهان و بە تایبەت کوردان دووپاتیان کردەوە کە دەستبەرداری مافەکانیان نابن و لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی بەشداری دەدەن.
سەما محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان، وێڕای پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە تەواوی ژنانی جیهان و بە تایبەت کوردستان، باسی لەوەکرد، کە ژنان ئاستێکی باشیان بڕیوە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە خەبات و تێکۆشانی هاوبەشی زیاتر هەیە، تا بتوانن ڕەنگی ژنان لە هەموو بوارێکدا بڵاوبکەنەوە.
سەما محەمەد، وتی: گەشبینم بە تێکۆشانی ژنان، بە تایبەت ئەو تێکۆشانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونی هەیە و بووە گەورەترین خاڵی وەرچەرخان بە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵبەتە ئەم شۆڕشە بە قیبلەی سۆسیالیزم ناسرا و هەموومان شانازی پێوە دەکەین، کە ژن گەورەترین پێشەنگ بوو، بێگومان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ژنان هەیە و لە باكووری کوردستانیش ژنان بە هەموو شێوەیەک بەشدارن، بەڵام وەکو پێویست نییە و پێم وایە ژنان دەبێت ژنان زیاتر بەڕێکخستن ببن و زیاتر پێشبکەون.
سەما محەمەد کە خۆی نیگارکێشە و ئاوازیش دەژەنێت، باسی لەوەکرد، ژنان جیاواز لە ڕۆڵی سەربازی و سیاسی، دەتوانن لە لایەنی هونەر و دەستڕەنگینی و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی ژیانەوە دەتوانن لۆبی دروستبکەن، وتیشی: هونەر ئەگەر هونەرێکی ڕاستەقینە بێت، زمانێکی گشتگیرە کە ژنان دەتوانن لۆبی پێ دروستبکەن، چونکە ئەگەر لە ڕێگەی سیاسییەوە ڕێگری لە ژنان بکرێت، دەتوانن لە ڕێگەی هونەر و دەستڕەنگینی و کاری کۆمەڵایەتیەوە شۆڕش بکەن.
لە کۆتاییدا ئەو چالاکوانە وتی: ژنان دەبێت هەموو ڕۆژێک بکەنە ڕۆژی خۆیان و داهێنانی تیادا بکەن و بیکەنە خاڵی وەرچەرخان بۆ خۆیان، هیواداریشم ژنان کۆڵ نەدەر و بەهێزبن و هیچ شتێک نەیانوەستێنێت، بتوانن بوون و هێزی خۆیان بسەلمێنن لە هەر بوارێکدا بێت.