گۆڤەند ڕەجەب: دەسەڵات لە ژێر فشاردا مامۆستایانی هەندێک ناوچە دەنێرێتەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن

مامۆستایان و فەرمانبەران لەپێناو بەدەستهێنانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەڵام هیچ کەس لەسەر ئەم هەڵوێستەیان نایەتە دەنگ و تا ئێستاش مووچە نەدراوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ماوەی دوو مانگە مووچەی فەرمانبەر و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان نەدراوە، ئەمەش دۆخی ئابووری قورس کردووە و بازاڕی بە گشتی لاواز کردووە، کە کاریگەرییەکەی لەسەر هەموو چینەکانی کۆمەڵگەیە.

 

مامۆستایان و فەرمانبەران و کەرتی تەندروستی دەستیان بە بایکۆتکردنی دەوامی فەرمی کردووە و تا ئێستاش دەرگای خوێندنگە حکومییەکان لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری نەکراوەتەوە.

 

"بایکۆتکردن کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە هەیە"

گۆڤەند ڕەجەب، مامۆستای وانەبێژ و ناڕازی، دەربارەی بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەرامبەر نەبوونی مووچە ڕوونیکردەوە، نەبوونی سەقامگیری دارایی کاریگەری لەسەر سەرجەم جومگەکانی ژیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەوەردەییەوە دروستدەکات، لە ساڵی ٢٠١٤وە بە بەردەوامی حکومەتی عێراق قەیران لە دوای قەیران دروست دەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ پێنەدانی مووچە بە هاوڵاتیان، لە هەر ساڵێکدا تەنها چەند مانگێکی کەم مووچە دەدەن بە هاوڵاتیان

 

بەردەوام تاکی کورد و مووچەخۆری حکومەت لە بارێکی دەروونی نا هەمواردایە، مامۆستا گۆڤەند نەبوونی مووچە بۆ بێ پلانی حکومەت دەگەڕێنێتەوە، کە نەبوونی پلان بۆ ڕێکخستنی میلاکات وایکردووە مووچەخۆرێکی زۆر و داهاتێکی کەم هەبێت کە بەشی مووچەخۆران نەکات، هەروەها دابەشنەکردنی داهات بەشێوازێکی ڕوون بەسەر هاوڵاتیاندا وایکردووە دۆخی مووچەخۆران بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا.

 

"بایکۆتی مامۆستایان هۆکارە بۆ دروستبوونی نەوەیەکی شکستخواردوو"

ئەو وانەبێژە ئاماژەی بەوەدا، بایکۆتکردنی هەر کەرتێک کارێگەری خراپی دەبێت لە داهاتوودا، بایکۆتی پەروەردەیی بێت یاخود تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان، کاتێک مامۆستاکان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن بێگوومان کاریگەری نەرێنی دەبێت بەوەی پڕۆسەی خوێندن دوادەکەوێت و خوێندکاران چیتر فێر نابن، نەوەیەک دێتە بەرهەم، نەوەیەکی نەخوێندەوار و خاوەن هیچ زانیارییەک نین، لەگەڵ ئەوەشدا بێ هیوان لە ژیان و ئەو حکومەتەی بەڕێیانەوە دەبات.

 

بایکۆت ساردبوونەوە لای خوێندکاران دروست دەکات، مامۆستا گۆڤەند ڕوونیکردەوە ساڵی پار بە پێی داتای ناو وەزارەتی پەروەردە نزیکەی ٢٠ بۆ ٤٠ هەزار خوێندکار وازی لە خوێندن هێناوە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە، چونکە وازهێنانی گەنج لە خوێندن و فێربوون هۆکارە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی لاواز لە داهاتوودا.

 

"مامۆستایان گڕوتینیان نەماوە بۆ وتنەوەی وانە و چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندن"

دەربارەی ساردبوونەوەی مامۆستایان لە وتنەوەی وانە بەهۆی نەبوونی مووچە و بایکۆتی بەردەوامەوە، گۆڤەند ڕەجەب باسی لەوەکرد، ساڵانی ڕابردوو لەو سەردەمەی خوێندکار بوون، کاتێک دەوترا ١٥ی مانگی ئەیلوول دەرگای خوێندنگەکان دەکرێتەوە خوێندکاران بە گڕوتینەوە خۆیان بۆ ئامادە دەکرد. بەهەمان شێوە مامۆستاکانیش بە ڕوویەکی گەشەوە دەچوونەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام ئێستا هەرچەند خوێندکاران خۆیان ئامادە بکەن مامۆستایان ناتوانن بە ڕوویەکی گەشەوە پێشوازیان لێبکەن، ئەگەر بشچنەوە ناوەندەکانی خوێندن پچڕانێکی پەروەردەییان پێوە دیارە، چونکە مامۆستایان دڵنیایی ئەوەیان نییە لە مانگەکانی داهاتوودا مووچەیان پێدەدرێت یاخود نا، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی نەتوانرێت هەق بە پڕۆسەی خوێندن بدەن.

 

"مامۆستایانی وانەبێژ لە ئێستادا کۆڵەکەی سەرەکی پەروەردەن"

لە چوار پایەی پەروەردە پایەیەکیان وانەبێژان پێکیان هێناوە، بە دیاریکراوی ٣٥ هەزار و ٤٠٠ مامۆستای وانەبێژ لە وەزارەتی پەروەردە بوونیان هەیە، ئەم ڕێژەیە ستەملێکراوترین چینن لەناو سێکتەرەکانی حکومەت چونکە تا ئێستا مامۆستایەتی بۆیان نەبووە بە پیشە، تەنها کارێکە و دەیکەن، ئەم کارەش وەک هەر جێگەیەکی دیکەیە کە ئەگەری هەیە لە کاتژمێری سفردا بڵێن تەواو دەرکراوی.

 

مامۆستا گۆڤەند پێی باشە خوێندنگەکان نەکرێنەوە، چونکە خیزانی خوێندکاران یان مووچەخۆرن یاخود کاسبکارن، ئەوەی مووچەخۆرە مووچەی وەرنەگرتووە و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنگەی نییە، کاسبکارانیش بە هۆی نەبوونی مووچەوە کارەکانیان وەستاوە و هیج بڕە پارەیەکیان دەستناکەوێت بەشی پێداویستیەکانی ژیان بکات، مامۆستا گۆڤەند هیوا دەخوازێت ئەم دۆخ بەرەو باشبوون بڕوات پێی وایە ژیان بەو جۆرە بەڕێناکرێت، هیوا دەخوازێت چیتر مووچەی مووچەخۆران دەستی بەسەردا نەگیرێت و نەکرێتە نیو مووچە.

 

"نا ڕێکی سیستمی پەروەردە هۆکارە بۆ کردنەوەی خوێندنگەی نا حکومی"

دەربارەی هەبوونی خوێندنگە ناحکومییەکان و کردنەوەیان و درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن تیایدا،مامۆستا گۆڤەند ڕوونیکردەوە، گومانی تێدا نییە خوێندگە ناحکومیەکان چینایەتی و جیاوازی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات، ئەو خوێندکارانە بەر ڕاستی ژیان ناکەون و ئاگاداری ئەو خەمە نین کە بەسەر هاوڕێکانیاندا دێت لە خوێندنگە حکومییەکان، بەڵام نەبوونی سیستمێکی تۆکمە و بەردەوام لەناو خوێندنگە حکومییەکان و کەمی کاتی خوێندنگە حکومییەکان، وایکردوە خێزانەکان منداڵەکانیان ببەنە خوێندنگەی ناحکومی، دایک و باوک هەن لە دەرەوەی شار دەوام دەکەن و کاتێکی زۆر لە دەوام دەبن و ناچارن منداڵەکەیان بخەنە خوێندنگەیەک کە کاتی زۆربێت، ئەمەش بارگرانیەکی دیکەیە سیستمی پەروەردە دروستی کردووە، وا لە خێزانەکان دەکەن ناچاریان دەکەن منداڵەکانیان بخەنە خوێندنگەی ناحکومی، بەڵام ئەگەر سیستمێک هەبێت لە پەروەردە. بێگومان ئەو خوێندنگە ناحکومیانەش بە لێشاو ناکرێنەوە.

 

"مامۆستایان لە هەندێک ناوچە لە ژێر فشاردا دەچنە هۆڵەکانی خوێندن"

لە کۆتاییدا دەربارەی ئەو ناوچانەی خوێندن تیایدا نەوەستاوە مامۆستا گۆڤەند ئاماژەی بەوەدا، هیچ کات خوێندن بە دەروونێکی نا ئارام و لە ژێر فشاردا سودی نابێت، وتیشی؛ ئەگەر دەسەڵاتداران لە خەمی ڕۆڵەکانیاندا بن ناهێڵن مامۆستایان بە دەروونێکی نا ئارامەوە بچنە هۆڵەکانی خوێندن و پەیامێکی زانستی گونجاو بگەیەنن بە خوێندکاران، ئەو ناوچانەی دەوامی تێدا دەکرێت گوومانی تێدا نییە لە ژێر فشاردان، چونکە هەمان کێشەی مامۆستای ناوچەکانی دیکەیان هەیە بگرە زیتریش، چونکە ئازادی ڕادەربڕینیان نییە، پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان بۆ دەستکەوتنی مافەکانیان هەوڵ بدەن، چونکە ماف دەسەندرێت نەوەک بدرێت، دەسەڵات نابیستە و هەرچەند هەوڵ بدرێت بۆ بەدەستهێنانی ماف هێشتا کەمە.