ڕۆژێک لەگەڵ ژنانی بێریڤان

ژنانی گوندەکانی شاری جولەمێرگ لەگەڵ ئەوەی دەچنە زۆزان بۆ شیردانی مەڕەکان، ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ڕێگای هاتوچۆی خراپ، کە ژیانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

جولەمێرگ- ئەو ژنانەی لە شاری جولەمێرگ، لە باکووری کوردستان کە وەک بێریڤان کار دەکەن، لە سەرەتای بەهارەوە تا سەرەتای پایز دەچنە زۆزانەکان بۆ شیردانی ئاژەڵەکان و نیوەی ڕۆژەکەیان تێدەپەڕێنن، بەیانیان زوو هەڵدەستن لە خەو و ئەرکەکانی ماڵەوەشیان ئەنجام دەدەن.

 

ژنان بەپێی ژیانی هەرەوەزی دەژین

لە شاری جولەمێرگ ژنان جگە لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و هەنگەوانی هەلی کاری دیکەیان نییە، ڕۆژانە تا کۆتایی مانگی ئەیلول دەچنە زۆزان بۆ شیردانی مەڕ و ئەمەش بە یەکێک لە نەریت و کولتوورەکانی ناوچەکە دەزانن، سەرەڕای سەختی و خراپی ڕێگاکە، بە وزە و هێزێکی زۆرەوە گۆرانی و سەما دەکەن، تا کارەکانیان بە هەرەوەزی و ئاسانتر بێت.

 

نزیکەی لە هەموو گوندەکانی ناوچەی کەفەر ژنان ئاژەڵەکان دەدۆشن، ئەو ڕێگایانەی کە ژنان بۆ گەیشتن بەو زۆزانە لە ڕابردوودا بە ئەسپ و ئێستاش بە ئۆتۆمبێل دەیبڕن، لە هەندێک شوێنێش کە ئۆتۆمبێل ناتوانێت پێیدا بڕوات، بە ئەسپ دەیبڕن و یەکێک لەو گوندانەش کە ژنان بە تراکتۆر دەچنە زۆزانەکانیان گوندی خەرفەتە.

 

ژنان لەم ڕێگایانە ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە، بەو پێیەی بەرز و پڕن لە چاڵ، ئەمەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، بەهۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی شارەوانییەکان بۆ دروستکردنی ڕێگایەک بۆیان، ناچارن دەموچاویان تا چاوەکانیان داپۆشن، بۆ ئەوەی لە تۆزی بەرزبوونەوەی سەر ڕێگاکە بیانپارێزن.

 

دوای تەواوکردنی ئەم ڕێگە سەختە و گەیشتن بە زۆزانی “مەیدان باڵەک”، ژنەکان، پێش ئەوەی دەست بە کارەکانیان بکەن، هەموو ئەو خواردنانەی لە ماڵەوە هێنابوویانە دەردەهێنن و لەگەڵ یەکتر دەیخۆن، ئینجا سەما بەو گۆرانیانە دەکەن کە پێکەوە دەیڵێن، دوای ئەوە دەست بە دۆشینی مەڕەکان دەکەن، کە نزیکەی دوو کاتژمێری دەوێت.

 

"ساڵانێکە ئەو زۆزانە قەدەغە کراوە"

خەدیجە ئەرەن، ەکێک لەو ژنانەی کە بێریڤانە و باسی لەوە کرد، بژێوی ژیانی بە شیرفرۆشتن یان دروستکردنی پەنیر پەیدا دەکات و سەبارەت بە سەختی ڕێگاکەش دەڵێت، زۆزانەکان شوێنێکی جوان و نایاب و ناوازەن بۆ ئێمە و ئاژەڵدارەکان، تاکە لایەنی نەرێنی ئەوەیە کە ڕێگاکەمان دوورە و کەمێک خراپە، ماندوو دەبین و زۆری دەوێت تا دەگەینە زۆزانەکە، بەڵام ناچارین چونکە چیمەنێک لە گوندەکەدا نییە تا ئاژەڵەکانی تێدا بلەوەڕێنین.

 

دەشڵێت: ئێمە ئاژەڵەکانمان دەهێنینە زۆزان بۆ ئەوەی شیری زیاتر بدەن، دواتر شیرەکە دەبەین بۆ گوندەکە و پەنیر یان کەرەی لێ دروست دەکەین و دەیفرۆشین، سەرەڕای سەختی کارەکەمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم زۆزانە ساڵانێک بە قەدەغەکراو ماوەتەوە و بەهۆی ئەم قەدەغەکردنەوەشەوە ژنان نەیاندەتوانی بچنە سەری و دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ جارێکی دیکە دەستیان کردەوە بە چوون بۆ ناوچەکە، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییەی کە لە ڕێگادا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەڵام وەک خاکی ئێمە و زۆزانە نەبڕاوەکانمان دەمێنێتەوە.

 

"کاتێک پێکەوەین کێشەکانمان لەبیر دەچێتەوە"

فیدان دورۆک، بێریڤانێکی دیکەیە و دەڵێت، کە بوونیان پێکەوە لەم کاتە سەختانەی پڕ لە ماندوێتیدا هێز و ئیرادەیان پێدەبەخشێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان کارەکانیان ئەنجام دەدەن و هاوکاری یەکتری دەکەن، وتیشی: ئێمە بەیانی زوو دێینە ئێرە و ئێواران دەگەینە ماڵەوە، ئەو ڕێگایەی دەیگرینە بەر بۆ زۆزانەکە زۆر خراپە، هەر جارێک دەڕۆین ئێمە بە تەواوی بە خۆڵ داپۆشراوین، بەڵام کاتێک دەگەین هەموو ئەو سەختییانە لەبیر دەکەین کە پێیدا تێپەڕین و گفتوگۆ دەکەین تا ئازارەکانمان بیربچێتەوە.