"بڕوانامە زانستییەکەم بۆ خزمەتی شارەکەم بەکاردەهێنم"

سەحەر حسێن ڕەشید، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرۆکی بەشی کارگێریی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لە کۆلیژی تەکنیکی زانستیە پراکتیکیەکان دەڵێت: یەکەم ژنم لە هەڵەبجە بوومەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەو بوارەدا و پێمخۆشە خزمەت بە شارەکەم بکەم.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەحەر حسێن ڕەشید، سەرۆکی بەشی کارگێڕی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لە کۆلیژی تەکنیکی زانستیە پراکتیکییەکان، لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، بەهۆی ئاوارەبوونەوە لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە، پاشان لە شاری سنە و لە زانکۆی کوردستان بەکالۆریۆس بەدەستدەهێنێت، لە شاری هەمەدان درێژە بە خوێندن دەدات و ماستەر لە بواری ڕووەکناسی وەردەگرێت، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەڵەبجە وەک مامۆستا خزمەت دەکات.

 

خولیای زۆری سەحەر بۆ وایلێدەکات بەردەوام بێت و بڕیار دەدات دکتۆرا لە بواری پلان فسیۆلۆجی کە ئەندامسازی ڕووەکییە بخوێنێت، وەک خۆی دەڵێت: "بڕیارمدا لەو بوارەدا بخوێنم، چونکە گژوگیای سروشتی لە کوردستان زۆر هەیە و ئێمەش زۆر بۆ خواردن بەکاری دەهێنین"، پاش تەواوکردنی خوێندنی دکتۆرا لە ساڵی ٢٠١٨دا، دووبارە گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی وەک مامۆستا و بەردەوام بووە لە خزمەتکردن.

 

سەحەر بووەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەر

سەحەر لە ئەنجامی ئەو توێژینەوە بەردەوامانە کە کردویەتی، هاوکار بووە بۆ ئەوەی بڕوانامە بەدەستبهێنێت و ببێت بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر.

 

 سەحەر لە خوێندن بەردەوام دەبێت و خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت لە دوای چوار ساڵ خزمەت بە شاری هەڵەبجە و توێژینەوەی بەردەوام، توانیویەتی ببێت بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دەشڵێت؛ لە ڕاستیدا هەڵەبجە پێویستی بە نازناوی زانستی هەیە دوور لە بواری مادی، من نابێت شانازی بکەم کە بڕوانامەم هەیە، بەڵکو شانازی بەوەوە دەکەم کە خزمەت بە هەڵەبجە بکەم، لە دەرەوە وەها سەیر دەکرێت کە بڕوانامەکە تەنها بۆ خۆمە، بەڵام لە ڕاستیدا کار کردنە بە بڕوانامەکان لەپێناو بەرز کردنەوەی ئاستی کۆمەڵگە و کارکردنە لەسەر ئەو دەوڵەمەندیەی لە سروشتدا هەیە، تاوەکو کۆمەڵگەیەکی تەندروست بەرهەم بهێنین.

 

یەکەم ژنە بڕوانامەی دکتۆرا و پرۆفیسۆری یاریدەدەری لە کۆلێژەکەدا هەبێت

سەحەر یەکەم ژنە لە هەڵەبجەدا دکتۆرای لە بواری پلان فسیۆلۆجیدا هەبێت و ببێتە پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری خۆراکدا، سەحەر سروشتی هەڵەبجە بە دەوڵەمەند دەزانێت لە ڕووی گژوگیای سروشتییەوە، بۆی بە پێویستی دەزانێت توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سروشتدا بکرێت.

 

سەبارەت بە پلانی داهاتووی، سەحەر حسێن ڕەشید وتی: کاری من لەسەر ئەم ڕووەکانەیە لە دەوروبەرمانە، من دەمەوێت فەرهەنگ ناسی بکەم لە بواری خۆراکدا، دەبێت خۆراکی تەندروست بخۆین، چونکە ئەگەر لە کۆندا وتراوە لەبەر هەژاری خەڵک گیا سروشتییەکانیان خواردووە، بەڵام ئێستا دەبێت لەبەر پێویستی بخورێت و گرنگی بە خواردنی تەندروست بدرێت.