ئەنجومەنی ژنانی سووریا کار بۆ بەهێزکردنی ژنان دەکات

ئەنجومەنی ژنانی سووریا هەوڵدەدات ڕۆڵی ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەهێز بکات بەتایبەتی لە بواری سیاسیدا.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ژینگەیی دیموکراتیک و بەشداریکردنی ژنانە لە نووسینی دەستوورێکی نوێدا بۆ ئەو وڵاتە کە مسۆگەری ئەوە دەکات لە مافەکانیان بێبەش نەبن، هەروەها کار دەکات بۆ دروستکردنی زەمینەیەکی کولتووری بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژنان و ئاگادارکردنەوەیان لە هەموو مافەکانیان بۆ ئەوەی ببنە بڕیاردەر.

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا کە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٧ دامەزرا، لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیەی کە پرسی ژنان جیهانییە، نەک ناوخۆیی و مەودای کارکردنی بۆ زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر کرد.

 

سوعاد کوردی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ڕەققە، ڕوونیکردەوە هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد بنێن کە ئازادی ژنان بناسێنێت لە ڕێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، دڵنیابوون لە بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی دانوستانەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی و جێهێشتنی مۆری فێمێنیستی لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و توانای بەشداریکردنیان لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری سیاسیدا و دەستگەیشتن بە هەڵوێستی بڕیاردان.

 

مسۆگەری مافی ژنان دەکەن

سەبارەت بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەکانی ژنان و ڕاکێشانی ژنانی خێڵەکی، وتی: ئەنجومەنەکە ئەندامانی هەموو هەرێمەکانی سووریا لەخۆ دەگرێت بۆ یەکخستنی وزە و هەوڵەکانیان و پەرەپێدانی داواکارییە دەستوورییەکان کە مسۆگەری مافی ژنان دەکات و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان.

 

ئاماژەی بەوەشدا بۆ گواستنەوەی وێنەی ڕاستەقینەی ژنانی ئازاد بۆ ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا، کاردەکەن بۆ پەیوەندیکردن و بونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانی ژناندا، هەروەها لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەروەردە و کۆبوونەوەی دیالۆگ و وۆرکشۆپەکان، لەگەڵ ژنانی گروپە جۆراوجۆرەکان کۆدەبنەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕاستییەکان و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابوورییەوە لە ڕێگەی پشتیوانیکردنیان و هاندانیان بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، وتیشی: ئامانجی سەرەکی ئێمە دڵنیابوونە لە بەشداریکردنی ژنان لە بواری سیاسیدا، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ دەبینەوە، لەوانە ترسی ژنان لە ئەزموونکردنی ئەزموونی چوونە ناو مەیدانی سیاسی، جگە لەو بیرکردنەوە پیاوان کە ڕێگری لە بەرەوپێشچوونیان دەکات.

 

کار کراوە بۆ گۆڕینی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی

هیبە محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمیتەی کامپەکان وتی: لە ڕێگەی کۆبوونەوە و پەروەردەکانەوە، کارمان کرد بۆ پەروەردەکردنی دانیشتوانی کامپەکان دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی هاوسەرگیری منداڵان و زیانەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە کامپی هۆل کارمان کرد بۆ چاککردنەوەی ژنان بە هەماهەنگی لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی توێژینەوە و سەنتەرەکان بۆ گۆڕینی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی لەنێوان ژنان و منداڵان و پشتیوانیکردنی دەروونی و هاندانیان بۆ بەرهەمهێنان، بۆیە هەندێک ڕاهێنانی پیشەییمان کرد.

 

 

سوهەیل سەنوح، بەڕێوەبەر لە نوسینگەی ڕێکخستنی ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕوونیکردەوە، ئەنجومەنەکە چەندین لیژنەی لەخۆگرتووە، لەوانە ڕێکخراو، ئەرشیف و ڕاگەیاندن و چەندین نوسینگەی هەیە لە قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانێ، ڕەققە و مەنبج، هەروەها یەکێک لە ئەرکەکانی کۆمیتەی ڕێکخستن ئەنجامدانی کۆنفرانس و کۆبوونەوەی دیالۆگە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ژنان و مافەکانیان و هەروەها تیشک دەخەنە سەر بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ماف و پاراستنی ژنان و منداڵان.

 

ئەنجومەنی ژنانی سووریا کە کۆنفرانسی دامەزراندنی خۆی لە مەنبج و دووەمین کۆنفرانسی خۆی لە ناوچەی دربەسپی لە حەسەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ ئەنجامدا، ئامادەکاری دەکات بۆ سێیەمین کۆنفرانس کە بەمزووانە بە بەشداری ژنانی هەموو شارەکانی سووریا و بەشداری ژنانی وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت.