پڕۆژەی دایەنگە پاڵنەر و هێزێکە بۆ بەردەوامی کاریگەری ڕۆڵی دایکانی ڕەنجکێش

بۆ پاڵپشتیکردنی دایکانی ڕەنجکێش، دەستەی ژنان لە عەفرین - شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەندین دایەنگەیان بۆ منداڵانی ئاوارەی ناو کامپەکان کردەوە.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- دەستەی ژنان لە عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوو دایەنگەیان بۆ منداڵان لە کامپی بەرخۆدان و یەکێکی دیکە لە کامپی سەردەم کردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە توانای کارکردن بۆ زۆرێک لە دایکان تا پەرە بە خۆیان بدەن لە کۆمەڵگە و لەناو دامەزراوەکاندا، دەستەبەر کراوە.

 

پرۆژەی دایەنگە دەرگای کارکردنی بۆ پێنج ژن کردەوە کە لەلایەن دەستەی ژنانەوە ڕاسپێردراون بۆ کارکردن لەسەر چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی زیاتر لە ٨ کاتژمێر لە دایەنگەدان، بە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان، لەگەڵ یاریکردن و وانەوتنەوە و وێنەکێشان و گۆرانی وتن لەگەڵیان.

 

وەردە شێخۆ، جێگری دەستەی ژنان لە عەفرین - شەهبا، دەڵێت، "دەستەی ژنان دوو دایەنگەی لەسەر ئاستی هەرێمی یەکەم لە کامپی بەرخۆدان و ئەوی دیکەیان لە کامپی سەردەم وەک بەشێک لە کارەکانی کردەوە، ئەمەش بۆ ئەو خێزانانەی عەفرینە کە بە زۆرەملێ ئاوارەبوون و لە کانتۆنی شەهبا نیشتەجێ بوون.

 

"کردنەوەی دایەنگە بۆ پاڵپشتی کردنی ژنان بوو لە کارکردن"

وەردە شێخۆ ڕونیشیکردەوە، هۆکاری سەرەکی کردنەوەی دایەنگە بەشداری بەرچاوی ژنان بووە لە دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک و دامەزراوە مەدەنییەکانی تر، دایەنگە نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوبەر دەرگاکانی کردەوە، منداڵانی لە تەمەنی ٥ مانگەوە تا پێنج ساڵ وەرگرت، ژمارەی منداڵەکان بەپێی کاتەکانی دەوام کەم و زیاد دەبن و بە جێگیری نامێننەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و مامۆستایان لە ساڵی خوێندندا منداڵەکانیان لە دایەنگە دادەنێن،بەڵام لە ئێستادا نزیکەی ٥٠ منداڵ دابەشکراون لە دایەنگەی کامپی بەرخۆدان و سەردەمدا.

 

جەختیشی کردەوە، پڕۆژەی دایەنگە تا ئاستێک توانیویەتی بە پاڵپشتیکردن ژنان بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن، پڕۆژەیەکی بەهێز و پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ ئەو ژنانەی کە لەناو دامەزراوەکاندا کاردەکەن، بەو پێیەی کەسێک هەیە ئاگاداری منداڵەکانیان دەبێت، وتیشی: پێنج دایک و باوک هەن کە بە بەردەوامی لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا ٤ ئێوارە لە دوو دایەنگە کاردەکەن بە گیانی بەرپرسیارێتی و دایکایەتی بەرامبەر هەموو منداڵەکان و هەوڵدەدەن هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن.

 

لەناو پڕۆژە و پلانەکانی داهاتوودا بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بڕیارە لە ناوچەی تل ڕەفعەت لە کانتۆنی شەهبا دایەنگەیەک بکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ژنانی ناوچەکە داواکارییەکی زۆریان هەبوو بۆ ناوەندێک کە منداڵەکانیانی تێدا دابنێن.

 

دایەنگەکە پاڵپشتی ژنان دەکات

زلوخ سوبحی، دایکی دوو کچ ، نزیکەی ساڵێکە لە دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکدا کاردەکات و منداڵەکانی لە دایەنگەی کامپی بەرخۆدان دادەنێت، دەڵێت: "دوای ئەوەی زۆر وردەکاریم بیست لەسەر ئەو گرنگیپێدانەی دایەنگەکە بە منداڵان، توانیم لەگەڵ بڕوانامەی زانکۆکەم لە کەشێکی ئاسوودەیی و دڵنیاکردنەوەدا کار بکەم."

 

پێی وابوو ئەم جۆرە پڕۆژەیە پاڵپشتی ژنان دەکات لە زۆر لایەن و شوێنی مەبەستەوە، کە منداڵی بچووک و ژیان فشارێکی زۆر دەخەنە سەر ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، دایەنگە هەم یارمەتی ژنانی خاوەن کار دەدات و هەم هەلی کار بۆ کۆمەڵێک ژن دەرەخسێنێت.

 

فاتمە محمد، یەکێکە لەو دایکانەی لە دایەنگەی کامپی سەردەم کار دەکات، دەڵێت: نزیکەی دوو ساڵە لە دایەنگەکەدا کار دەکەم و چێژێکی زۆر لە وزە و مۆڕاڵی ئەرێنی لە منداڵەکان وەردەگرم. بە تایبەت کە ژیانی هاوژینیم پێکهێناوە و هێشتا منداڵم نەبووە، بەڵام هەموو منداڵێکی دایەنگەکە بە هی خۆم دەزانم، ئێمە بە هەموو ئیرادە و هێزمانەوە هەوڵدەدەین ببینە خاوەنی ئەو متمانە و بەرپرسیارێتیەی کە لەلایەن دایکان و دەستەی ژنانەوە پێمان بەخشراوە، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەر منداڵێک بین وەک پێویست.