ژنانی کورد بەهۆی کورد بوون و ژن بوونیان دەکوژرێن
لەپێناو وەستاندنەوە بەڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەوڵەت، کە لە کوردستاندا دژی ژن پەیڕەو دەکرێت و لەئەنجامدا چەندینی وەک ژینا ئەمینی دەبێتە قوربانی، ژنان دەڵێن: پێویستە لە ڕێی بیردۆزەکانی ژنۆلۆژییەوە خۆمان پەروەردە بکەین.
شنیار بایز
سلێمانی- دوای ئەوەی ژینا ئەمینی-مەهسا، لە بەرواری ١٥ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە تاران دەستگیر کرا، بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە پاش دەستگیرکردنی بە ئەمبوڵانس گواستراوەیەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرەی شاری تاران و کەوتە کۆماوە، لە بەرواری ١٧ی ئەیلول گیانی لەدەستدا.
دەستگیرکردنی ژینا و توندوتیژی و لێدان لە بەرامبەریدا کاردانەوەی لە تاران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دروستکرد و لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بەهۆیەوە چەندین چالاکی بۆ ئیدانەکردنی بکوژانی ژن و لەچکی زۆرەملێ و خۆسەپاندنی دەوڵەت بەڕێوەبرا.
پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بێ هەڵوێست نەبوون و بۆ ئەو مەبەستە چەندین وتار و بەیانامەی تایبەتیان خستەڕوو، ڕوناهی سنە و سروە ڕۆژهەڵاتی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی نوژنها دووان.
"ژینا هۆکاری کوشتنی سەرپۆشەکەی نەبووە بەڵکو کوردبوونیەتی"
ڕوناهی سنە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەنابەری باشووری کوردستان، دەربارەی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی کورد بە گشتی و ژینا ئەمینی باسی لەوەکرد، هەمووان ئاگادارن دەوڵەتی ئیسلامی ئێران چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو ژنەدا کردووە و چۆن ئەشکەنجەیان داوە لەو ساتەی دەستگیرکراوە تا کۆچی دوایی کردووە، بۆیە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ژن دەکەن، چونکە هەمیشە ژن کانگای شۆڕش و پێشەنگی ئازایەتی بووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیشە هەوڵیانداوە ژن سەرکوت بکەن و ناچاریان بکەن بە خۆکوشتن.
ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک ژنێکی کورد بۆ گەشتیش دەچێتە ئەو وڵاتە ڕێگری لێدەکەن و سوکایەتی پێدەکەن. تەنها هۆکاریش کوردبوونیەتی، وتی "کوشتنی ژنێکی کورد بەو شێوەیە لەپێناو بێهێزکردن و بێ ئیرادەکردنی گەلی کورددا بوو، بۆ ئەوەی بە کوردانی ڕابگەیەنن کە ئازاد نین لە خاکی ئێراندا، بەڵام بەپێچەوانەوە کورد بەو هەڵوێستانە زیاتر کۆڵنەدەر دەبێت، ئەمەش نەک تەنها لە ڕۆژهەڵات بەڵکو لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، تەنها لە ڕۆژئاوا نەبێت ئەویش بوونی بەرخۆدانی و خۆبەڕێوەبەری ژنانە، وایکردووە توندوتیژی و کوشتنی ژنان کەمببێتەوە، چونکە ئەگەر ژن و دایک ئازاد بن کۆمەڵگە ئازادە، بۆیە پێویستە ژنان هەمیشە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی و بکوژانی ژن ببنەوە و چیتر داگیرکاری بۆسەر ژنان قبوڵ نەکەن".
"سیستمی پیاوسالاری و دەوڵەت لە ئێران حوکم دەکات بەسەر ژندا"
سروە ڕۆژهەڵاتی، پەنابەر و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان دەربارەی کوشتنی ژنان و کەیسی ژینا ئەمینی ڕوونیکردەوە، بێ جیاوازی ئاین و کولتوور ئەوەی کورد بێت و ژن بێت توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، ئەوەی پێویستە لەسەر ژنان وەستاندنەوەیە بە ڕووی ئەو ئەقڵیەت و سیستمەی ژن بەڕێوەدەبات، کە هەمیشە هەوڵی داوە ژن داگیربکات و سەرکوتی بکات.
"بەهۆی ئەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەوڵەت بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر بە ژن پەیڕەو دەکات، بۆیە پێویستە ژنان بەردەوام خاوەن هەڵوێست بن، خۆیان پەروەردە بکەن و ئیرادە پەیدابکەن و چیتر بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری، چونکە بە ئازادبوونی ژن و بەرخۆدانی ژن، کۆمەڵگە ئازاد دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن لە ڕێگای بیردۆزی ژنۆلۆژییەوە پەرە بە توانا و ئیرادەی خۆیان بدەن".