توێژەرێکی ماڵی داڵدەدانی ژنان: پێویستە ئاماری توندوتیژی نەشاردرێنەوە

بەردەوام ڕەخنە لە ماڵی داڵدەدانی ژنان دەگیرێت لەلایەن کۆمەڵگەوە بەوەی نەیانتوانیوە چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی ژنان بکەن، توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت لە ماڵی داڵدەداندا چارەسەری کێشەکانی ژنان دەکرێت.

سلێمانی

 

ماڵی داڵدەدانی ژنان تایبەتە بەو ژنانەی کە بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و سەردانی ماڵەکە دەکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دابینکردنی شوێنی مانەوەی سەلامەت، بەڵام ماڵەکانی داڵدەدان بەردەوام لەلایەن توێژەکانی کۆمەڵگەوە ڕەخنەیان لێدەگیرێت بەوەی نەیانتوانیوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی ژنان بدۆزنەوە.

 

سارا، توێژەری کۆمەڵایەتییە لە ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو لە شاری سلێمانی، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە دۆخی ئەو ژنانە کرد کە سەردانی ماڵی داڵدەدانەکە دەکەن لەگەڵ ئەو ڕێگا چارەسەرییانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانیان دەگیرێتەبەر.

 

سارا باسی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی یارمەتیدانی ئەو ژنانە کرد، کاتێک ڕوودەکەنە ماڵەکە و وتی: ئەو ژنانەی ڕوودەکەنە ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراوی شاری سلێمانی سەرەتا هەوڵی سەلامەتی ئەو کەسە دەدەین بە دابینکردنی شوێنی مانەوە، دواتر فریاگوزاری سەرەتاییان بۆ ئەنجامدەدەین و ئەگەر باری دەروونی ناجێگیر بێت دەیاننێرین بۆ لیژنەی پسپۆڕی دەروونی تا دۆخی ئارام دەبێتەوە.

 

ڕێکخراوەکان پەیوەندییان لەگەڵ ماڵی داڵدەداندا هەیە

سەبارەت بە هاوکاری و بەدەمەوە چوونی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ماڵی داڵدەدانەکە سارا وتی: ڕێکخراوەکانی ژنان بە پێی توانا سەردانی ماڵی داڵدەدانەکە دەکەن و هەوڵی دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکان دەدەن، لە هەندێک کاتدا بە پاڵپشتی مادی و لە هەندێک کاتی تردا بە دابینکردنی پسپۆڕی دەروونی و کردنەوەی خول بۆ توێژەرەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانا و ئاستی لێهاتوویان هاوکاریمان دەکەن.

 

سارا باسی لە جیاوازی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ماڵی داڵدەدانەکە کرد لە نێوان ئێستا و ڕابردوو، " لە سەرەتادا ماڵی داڵدەدانی ژنان بە چاوێکی باشەوە تەماشا نەدەکرا بەڵام لە ئێستادا متمانەیەکی زیاتری لای خەڵک پەیداکردووە، چونکە لە بەشێکی زۆری کەیسەکاندا خێزانەکانیان دێن و دەیانبەنەوە بەڵام لە سەرەتادا وانەبوو، بە بەردەوامیدان بە کردنەوەی خول و ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەتوانن ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕن لە پرسەکانی تایبەت بە ژنان و دروستکردنی متمانەی زیاتر لای خەڵک."

 

بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکرێت

گرنگیدان بە ئاستی زانیاری کارمەندانی ماڵی داڵدەدانی ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کەیسەکان و سارا وتی: خول و ڕاهێنانەکان بووەتە هۆی زیاترکردنی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاری توێژەرەکان لە کار و چالاکیەکانیان و بە پێی پێویستی دانیشتنی تایبەت لەسەر کەیسەکان جێبەجێدەکرێت، سەرجەم دانیشتن و چارەسەرییەکان کە بۆ ژنانی ناو ماڵەکە ئەنجامدراوە، دوای ئەنجامدانی دانیشتنی کەیسەکانیش فۆڕمی تایبەتمان هەیە و بە دواداچوون بۆ کێشەکان دەکەین ودەرئەنجام وەردەگرینەوە.

 

سارا وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی باسی لەوەکرد گرنگە لایەنە باشەکانی ماڵی داڵدەدانەکە ببینرێت کە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و گەڕانەوەیانەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، بەپێی ئامارێکی ماڵەکە لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەی ئەو ژنانەی لە ماڵی داڵدەدانی شاری سلێمانی سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەکانی ناو ماڵەکە ژمارەیان ١٨٢ ژن بووە لەگەڵ ٤٧ منداڵ، ئەو ژنانەی کێشەکانیان چارەسەر بووە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان ژمارەیان ١٦٦ ژن بووە.

 

"پێویستە ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی نەشاردرێنەوە"

سارا دەربارەری ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ئاماژەی بەوەدا گرنگە هەواڵەکانی کوشتنی ژنان تەندروستانە بڵاوبکرێتەوە، بۆئەوەی کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەر دەروونی تاک، بەڵام نابێت بشاردرێتەوە و ڕاستییەکان ونبکرێت،" لە ئێستادا ڕۆژانە گوێمان لە هەواڵی ناخۆشی کوشتنی ژنان دەبێت، هەروەها کوشتن بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە زۆر بووە و بە گشتی ڕووداوی ناخۆش زیادیکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نابێت ئامارەکانی کوشتنی ژنان بڵاونەکرێتەوە."