هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا کوشتنی ژنە بە دەستی خێزانەکان

کاریگەرییە خراپەکانی سۆشیال میدیا، نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروستی خێزانی، ئاڕاستەی بیری خراپی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان و کچان وایانکردووە خێزانەکان لە تەمەنێکی منداڵدا هاوسەرگیری بە کچەکانیان بکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەشوودانی منداڵ لە نەریتێکی کۆنەوە بەردەوامی هەیە و بەپێی سەردەم ئاستەکەی لە هەڵکشان و داکشاندایە، لە کۆندا کچ لە تەمەنێکی کەمدا کە هێشتا منداڵێتی خۆی بە تەواوی بەسەر نەبردبوو دەدرا بە شوو، هەندێک بیرکردنەوەی ئەوکاتەی کۆمەڵگە بۆ دواکەوتووی ژینگەی ئەوکاتە دەگەڕێننەوە، بەڵام ئێستا ژینگە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینییەوە بەڵام ئەقڵیەتی کۆمەڵگە بۆ کچ و ژن هەمان شتە و دووبارە بەشوودانی منداڵ زیادی کردووەتەوە.

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خراپی سیستمی پەروەردە، خێزان و بوونی چەندین قەیران، ئەقڵیەتی پەناخوازی بە پیاو و ...هتد، ئەو هەستەی لای گەنجان دروستکردووە کە پڕۆسەی هاوسەرگیری تاکە ڕێگە چارەسەرە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر.

 

"پێشکەوتنی جیهان وابەستە نییە بە پێشکەوتنی ئەقڵیەتی کۆمەڵگە"

شیلان حەمە نوری، توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕاهێنەر لە بواری یەکسانی جێندەری، دەربارەی بەشوودانی منداڵان یاخود کچان لە تەمەنێکی کەمدا ڕوونیکردەوە، هەرچەندە تەکنەلۆژیا و دنیای دەرەوە پێشکەوێت مانای وانییە کۆمەڵگە پێشکەوتووە، بەڵکو هۆشیاری کۆمەڵایەتی هۆکارە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە، دەشتوانرێت بە سود وەرگرتن لەو هۆشیارییە حاڵەتەکانی زوو بەشوودانی منداڵان یاخود توندوتیژی کەمبکرێتەوە.

 

"بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە زیاتر ڕووکەشییە، یاخود تەکنەلۆژیایە، ئەویش بە جۆرێکە کە خێزان و خودی کچان هاندەدات بۆ زوو بەشدوودانی منداڵ، هەرچەندە سیستمێکی مۆدێرنیتە لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردی جێبەجێدەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم سیستمە زۆرێک کەموکورتی هەیە و خێزان ناتوانێت پەروەردەیەکی دروستی منداڵەکانی بکات تیایدا، هەمیشە ترسی هەیە تووشی پەیوەندییەک ببێت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، بۆیە لە کۆتایدا پەنادەباتە بەر زوو بەشوودانی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی تووشی ئەو حاڵەتانە نەبن".

 

"خێزانەکان ترسیان هەیە لەوەی منداڵەکانیان بمێننەوە بۆیە بە شوویان دەدەن"

ئەو توێژەری کۆمەڵایەتییە ئاماژەی بەوەدا، لە بری زوو بەشوودانی منداڵ ئەگەر سیستم و دامەزراوەکانی حکومەت کە تایبەتن بە پێگەیاندنی تاک، هەوڵبدەن بۆ پێگەیاندنی تاکێکی تەندروست، ئەوکات تاکەکان دوور دەبن لە کاری هەڵە، دواجار دەزانێت چۆن پەیوەندییەک دابڕێژێت و کەی کاتێکی گونجاوە بۆ چوونە نێو ژیانی هاوژینییەوە.

 

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی خێزانەکان تیایدا زوو منداڵەکانیان دەدەن بە شوو، ترسە لە مانەوەیان و شونەکردنیان کە ئەمەش کۆچی گەنجان و هەبوونی قیرانە یەک لە دوایەکەکانی سیستمی و ئابوری کوردستان بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی ئەو بیرکردنەوەیە، نەبوونی ژیانێکی سەربەخۆ بۆ ژنان، هۆکارن بۆ پەکخستنی پەکخستنی پرۆسەی هاوسەرگیرییەکی ڕاستەقینە.

 

"کچ  و کوڕ وەک ئامڕاز لە یەکدی دەڕوانن"

لە درێژەی قسەکانیدا، شیلان حەمە نوری، پێناسی هەریەک لە کچ و کوڕی بۆ پڕۆسەی هاوسەگیری خستەڕوو، وتی "کچ هەمیشە وەک بەخێوکەرێک و بانقێکی پارە تەماشای کوڕ دەکات، بۆیە بەشێکی زۆری هاوسەرگیریەکان لەگەڵ پیاوانی بەتەمەنن نەک کوڕیکی تازە پێگەیشتووی گەنج، چونکە کچەکان لە خێزاندا بە جۆرێک گەورە نەکراون کە پشت بە خۆیان ببەستن و خۆی خەونەکانی بەدیبهێنێت بەڵکو هەمیشە بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان پشتیان بە پیاوێک بەستووە، بە هەمان شێوە کوڕان وەک ئامێرێکی سێکس لە کچان دەڕوانن، کە هەمیشە بە دوای سیفاتی جوانی و مۆدێرنییەوە دەگەڕێن، ئەمەش وایکردووە زۆرینەی پڕۆسەکانی هاوسەرگیری لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی پێدێت".

 

دەشڵێت، کاتێک كچ ئاڕاستە دەکرێت و فێر دەکرێت کە چۆن کاربکات و پشت بە خۆی ببەستێت و بەشداری پێبکرێت لە کایە سیاسی و ئابورییەکاندا، ئەمە دەبێتە کولتوورێک کە ژنان و کچان هەرگیز پەنا نابەنەبەر هاوسەرگیری بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان.

 

"زۆرترین حاڵەتەکانی جیابوونەوە ئەوانەن لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیریان کردووە"

لە کۆتایدا شیلان حەمە نوری باسی لەوەکرد، دەربارەی زۆری حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە هاوسەرگیرییە زۆرەملێکان یاخود لە تەمەنە منداڵەکاندا، وتی "چەندین کەیسم لەبەردەستدا بووە کە داوای جیابوونەوەیان کردووە، لە تەمەنی ١٦ بۆ ١٧ ساڵی دراون بە شوو"، داوا لە دایکان و باوکان دەکات، کاتێک هەست بە گەورەیی منداڵەکانیان و بەتایبەت کچەکانیان دەکەن نەیاندەن بەشوو، وا بیرنەکەنەوە کچەکانیان بە هاوسەرگیری لە کێشە ڕزگاریان دەبێت، بەڵکو پەروەردەی تەندروستی خێزان هاوکارە بۆ تەندروستبوونی منداڵ وتی "هاوسەرگیری دڵنیایی ژیان بۆ کچەکانتان دابین ناکات بەڵکو خۆتان بە دەستی خۆتان کچەکانتان دەکوژن".

 

جوانە واحید، وەک پارێزەرێک دەربارەی بابەتەکە کۆمەلێک باسی خستەڕوو، کە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ئەوەی منداڵ بە ڕێژەیەکی زۆرتر لە ئێستا لە دایک دەبوو دەیاندا بە شوو، یاخود هەندێکیان پێیان وابوو دەبێت منداڵەکان هاوسەرگیری بکەن بۆ ئەوەی نەوەی زیاتر بخەنەوە، یاخود هەندێک کات بۆ بابەتی سوڵحکردن لە نێوان خێزانەکاندا ئەنجام دەدرا.

 

وتی "بە شوودانی منداڵ ناگاتە دادگاکان چونکە تەمەنی یاسایی ١٨ ساڵییە، ئەو خێزانەی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم بە منداڵەکانیان دەکەن، ناچنە دادگا، تا دەگەنە تەمەنی یاسای زۆرکات منداڵیشیان هەیە ئەوکات دێنە دادگا".

 

لە یاسادا تەنها تەمەنی ١٨ ساڵی مەرج نییە، بەڵکو دەبێت لە ڕووی دەروونیەوە کامڵ بێت، بەڵام لە کاتێکدا کچەکە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بێت دەتوانێت بە ڕازامەندی دایک و باوکی گڕیبەستی هاوسەرگیری بکرێت، یاخود کاتێک ١٥ ساڵی تەواو کردووە و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدایە بە مەرجێک بیسەلمێنن کە پێویستە ئەم هاوسەرگیرییە ئەنجام بدرێت، جگە لە ڕەزامەندی دایک و باوک، لەو کاتەدا گرێبەستی هاوسەرگیری دەکرێت.

 

کەیسەکانی جیابوونەوە لە زیادبووندایە

دەربارەی سزادانی ئەو کەس و خێزانانەی لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیری بە منداڵەکانیان دەکەن ئەو پارێزەرە وتی: "سزا بوونی هەیە وەک باج و زیندان، بەڵام کەمترین حاڵەت دەکەونە ئەو بارەی ئەو جۆرە سزایانەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، بەڵام منداڵی خێزانەکە دەتوانێت سکاڵا لەسەر خێزانەکەی تۆمار بکات و بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارەی ٨ی ساڵی ٢٠١١ سزا دەدرێن"

 

جوانە واحید وتیشی: لە حاڵەتی زوو بە شووداندا کاتێک دێنە دادگا بۆ جیابوونەوە داواکارییەکان لە هەردوو ڕەگەزەوەیە، زۆرکات تەمەن بووەتە کێشە لە نێوان خێزانەکەدا کە جیاوازی تەمەنیان زۆرە و ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ لێکتێنەگەیشتنیان، هەندێک لە خێزانەکان دەڵێن کە کچەکەیان ڕازیی بووە بەو هاوسەرگیرییە، بەڵام پێویستە لای هەمووان ئاشکرا بێت کە هەرچەندە منداڵەکە خودی خۆی ڕازی بێت نابێت خێزان ڕازی بێت چونکە نەگەیشتووەتە تەمەنی پێگەیشتن.

 

لە هەموو حاڵەتەکاندا دەروونی تاکەکان ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و شێواوی دەبێتەوە، چونکە نەگەیشتوونەتە تەمەنێک بتوانن چارەسەری کێشەکانیان بکەن و بەرگەی بگرن، هەروەها ئەم بارودۆخانە و بەشوودانی منداڵان کاریگەریش دروستدەکات لەسەر کەسانی دەوروبەری بەتایبەت کەسانی هاوتەمەنی خۆی، وایان لێدەکات دووربکەونەوە لە خوێندن و هەوڵدان بۆ بونیادنانی ژیانیان.

 

جوانە وەک پارێزەرێک ئاماژەی بەوەدا دەزگا ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ شیرینکردنی ئەم حاڵەتانە و بڵاوکردنەوەیان، بۆیە پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە سیستمی پەروەردەوە دەستپێبکات و لە ڕێگای خوێندنگەکانەوە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە بە تایبەت بۆ ناوچە دوورە دەستەکان، هەروەها کەسانی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاڕاستەی بڵاوکردنەوەکانیان بۆ هۆشیاری و ڕۆشنبیرکردنەوەی تاک بێت.