ژیانی هۆزێک لە ناوچەکانی ئەمازۆن

هۆزی ئاوا لە دارستانە چڕەکانی بەڕازیلدا دەژین، بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو هۆزە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، پەیوەندیشیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

هۆزی ئاوا- Awá لە ڕۆژهەڵاتی دارستانە پڕ بارانەکانی وڵاتی بەرازیل دەژین، ژمارەیان ٦٠٠ کەسە و نزیکەی ١٠٠ کەسیان تاکو ئێستا بە هیچ جۆرێک جیا لەخۆیان پەیوەندیان بە هیچ شوێنێکی دیکەوە نییە و ژیانی سیستەمی ئەمڕۆیان نەبینیوە.

 

گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافی لە ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی لەسەر ژیانی ئەو هۆزە نووسیوە و چەند وێنەیەکیشی بڵاوکردوونەتەوە، ئاشکراشی دەکات، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

 

خەڵکی ئەو دارستانە لەگەڵ دارستانەکەیان وەک هاوڕێ دەژین و هەندێک لە خێزانەکانیش ئاژەڵی جیاوازیان ماڵی کردووە و رایانگرتوون، شێوازی تایبەتی نەریتی بەکاردەهێنن بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵ و کۆکردنەوەی هەنگوین و گوێزی دارستانەکە، ئەندامانی ئەو هۆزە گوندە ڕەسەنەکانی خۆیان جێهێشتووە و زیاتر روودەکەنە دارستانە چڕەکان، تاکو بتوانن دوورتر لە ژیانی خەڵکی شارەکان بژین.

 

زۆریان بۆ پەیداکردنی ژەمە خۆراکەکانیان، پشت بە ڕاوکردن لە ڕێی ڕم و تیروکەوان دەبەستن، هەروەها هەنگوین و گوێز یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانیان. بە واتایەکی دیکە، تەواوی ژیانیان لەسەر ئاژەڵ و بەرهەمە سروشتییەکان بەندە.

 

ژمارەی ئەندامانی ئەم هۆزە زۆر زیاتر بوون، بەڵام لە سەدەکانی ڕابردوودا کەوتوونەتە بەر هێرشی داگیرکارە ئەوروپییەکان و خەڵکێکی زۆریان لێکوژراوە، هەتا ئێستاش ڕووبەڕووی مەترسی لەناوبردن دەبنەوە بەهۆی داربڕە نایاساییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کە ڕوودەکەنە دارستانەکان، هەروەها ئاواکان بەردەوام لە کۆچکردندان بۆ شوێنی باشتر تا دوور بن لە دەستی مرۆڤی دەرەوەی خۆیان.

 

دوای ڕوودانی کۆمەڵکوژیەکی زۆر لەسەر هۆزە ڕەسەنەکان و هۆزەکانی ناو دارستانەکان لەلایەن سەرانی دەوڵەتە جیاجیاکانی ئەوروپا و ئەمریکاوە، لە ساڵی ١٩٨٢دا، یەکێتی ئەوروپا بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی بەڕازیل تەرخانکرد تا پارێزگاری لەو هۆزانە بکات، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی تا ئێستا ئەو ژمارە مرۆڤە لە دارستانەکانی ئەمازۆندا دەژین.